ئازەربایجان کوژرانی ئەندامێکی هێزی پشتیوانی لە قەرەباخ راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر ئاگربەستی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا و کشانەوەی هێزەکانی ئەرمینیا لە بەشێکی هەرێمی قەرەباخ، وەزیری بەرگریی ئازەربایجان کوژرانی ئەندامێکی هێزی پشتیوانی لە قەرەباخ راگەیاند.
لە 10ـی تشرینی دووەم هەریەکە لە ئەرمینیا، ئازەربایجان و رووسیا، رێککەوتنی ئاشتیی کۆتاییان راگەیاند بۆ ئاگربەست لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخی ناکۆکی لەسەری نێوان هەردوو وڵات. بەپێی رێککەوتنەکە ناوچە ئازەرییە داگیرکراوەکان کەوتنەوە سەر سنووری ئەو وڵاتە و رووسیاش، هێزە ئاشتیپارێزەکانی خۆی لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات بڵاوە پێدەکات.
رۆژی یەکشەممە لە بەشێک لە میدیاکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان هەواڵی پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە بڵاوبووەوە، هەرچەندە دواتر بەرپرسانی ئەرمینیا رەتیانکردەوە هیچ پێکدادانێک روویدابێت، بەڵام ئەمڕۆ زاکیر حەسەنۆڤ، وەزیری بەرگریی ئازەربایجان کوژرانی ئەندامێکی هێزی پشتیوانیی وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە.
ئەوە یەکەمجار نییە ئەرمینیا و ئازەربایجان پێشێلکاری لە ئاگربەستەکەیان دەکەن. نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند پێشێلکاری لە ئاگربەستی ناگۆرنۆ - قەرەباخ روویداوە. وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیاش لەو کاتەدا هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە و، رایانگەیاند سوپای ئازەربایجان هێرشی کردووەتە سەر کامپێکی هەرێمەکە و ژمارەیەک سەربازی ئەرمەنیان کوشتووە.
پێشتریش ئاگربەستێکی دیکە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە لە 10ـی تشرینی یەکەم راگەیێندرابوو، بەڵام دوای کەمتر لە 24 کاژێر هەردوولا یەکدییان بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبارکرد. ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان رایگەیاند، ئەرمینیا لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە شاری گەنجە، لانیکەم نۆ هاووڵاتیی مەدەنیی کوشتووە.
ئەمساڵ بۆ جاری سێیەم دوای رووخاندنی یەکێتیی سۆڤیەت پێکدادانی سەربازی لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر خاکی ناگۆرنۆ - قەرەباخ روویدا. ئازەربایجان داوای گەڕاندەنەوەی ناوچە ئازەرییەکانی هەرێمی قەرەباخی دەکرد و ئەرمینیا رەتیدەکردەوە ناوچەکان رادەستی ئازەربایجان بکات.
مێژووی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا
مێژووی شەڕەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش دەسەڵاتی جۆزێف ستالین، سەرۆکوەزیرانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵانی 1941 تاوەکو 1953 و پرۆسەی بە-سۆڤیەتیكردنی ناوچەكانی قەوقازی سەروو. پاش شۆڕشی 1917ی رووسیا، قەرەباخ بووە بەشێك لە "كۆماری فێدراتیڤی دیموكراتیكی ناوچەكانی قەوقازی باشوور". بەڵام ئەم كۆمارە دواتر بەسەر سێ كۆماری جیاوازدا دابەش بوو: ئەرمینیا، ئازەربایجان و جۆرجیا.
لە ماوەی یەك ساڵ و نیوی دوای ئەم گۆڕانكارییە، جەنگ و پێكدادانی قورس لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا رووی دا، یەكێك لە ناوچە كێشە لەسەرەكانیش قەرەباخ بوو. لە تەممووزی 1918دا یەكەم ئەنجوومەنی ناگۆرنۆ - قەرەباخ دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری راگەیاند و حكومەت و ئەنجوومەنێكی نیشتمانیی پێكهێنا.
دوای ماوەیەک سوپای عوسمانی دەستی بەسەر ئەم ناوچەیەدا گرت، پاشان سوپاکە لە بەرامبەر سوپای بەریتانیادا شكستی خوارد. بەریتانییەكان كەسایەتییەكی ئازەرییان بەنێوی خەسرۆ بەی سوڵتانۆڤ وەكو پارێزگاری قەرەباخ و زەنگەزوور دیاری كرد. ئەنجوومەنی نیشتمانیی قەرەباخ بڕیارەكەی پەسەند كرد، بەڵام خەڵكی ناوچەكە بەم بڕیارە رازی نەبوون و لە دژی پارێزگارە ئازەربایجانییەكە چەکیان هەڵگرت.
شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارە قەرەباخییەكان و ئازەرییەكان هەتا نیسانی 1920 بەردەوام بوو، واتە هەتا ئەو كاتەی بۆلشەڤیكەكان ئازەربایجانیان كۆنتڕۆڵكرد. لە ئابی هەمان ساڵدا ئەرمینیا رێككەوتنێكی كاتی لەگەڵ بۆلشەڤیكەكان واژۆ كرد بۆ ئەوەی قەرەباخ بەشێوەیەكی كاتی و هەتا گەیشتن بە چارەسەرێكی یەكجاری لەژێر كۆنترۆڵی رووسەكاندا بێت.
ساڵی 1921 ئەرمینیا و جۆرجیاش كەوتنە ژێردەستی بۆلشەڤیكەكان. بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی خەڵكی ناوچەكە، بەڵێنیان بە ئەرمەنەكان دا، قەرەباخ بە كۆماری ئەرمینیا بدەن، بەڵام بۆلشەڤیكەكان لە هەمان كاتدا چاویان لەوە بوو سەرنجی توركیا رابكێشن، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت رێگری بۆ پێشڕەوییەكانی هێزە كۆمۆنیستەكان دروست نەكات.
هەر بۆیە بەمەبەستی رەواندنەوەی ترسی توركیا، یەكێتیی سۆڤیەت رازی بوو قەرەباخ و نەخچەڤان بخاتە سەر ئازەربایجان و تەنیا زەنگەزوور وەكوو بەشێك لە ئەرمینیا بمێنێتەوە. ساڵی 1923 یەكەی ئیداریی خودموختاری ناگۆڕنۆ-قەرەباخ لە نێو خاكی كۆماری ئازەربایجان دامەزرا.
پاش رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت
لە قۆناغی دەسەڵاتی یەكێتیی سۆڤیەتدا، شەڕ و پێكدادان بۆ چەند دەیەیەك كپ بوو، بەڵام لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەت، كێشەی ئەرمەنەكان و ئازەرییەكان لەسەر قەرەباخ جارێكی دیكە زیندوو بووەوە. ئەرمەنییەكانی قەرەباخ دەسەڵاتدارانی ئازەربایجانیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە خەریكی بە ئازەریكردنی ناوچەكەن.
لە كۆتایی هەشتاكاندا ئەرمەنەكانی قەرەباخ لە هەڵمەتێكی واژۆكۆكردنەوەدا داوایان لە مۆسكۆ كرد ئیدارەكەیان بخاتە سەر كۆماری ئەرمینیا، تەنانەت ئەنجوومەنی نوێنەرایەتی گەلی قەرەباخ بە 110 ئەرێ لە بەرامبەر 17 نەخێر هەمان داوایان ئاراستەی كرێملین كرد، بەڵام مۆسكۆ رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕی. لە تشرینی دووەمی 1991دا ئازەربایجان خودموختاریی ئیداری لە قەرەباخ سەندەوە. لە كانوونی یەكەمی هەمان ساڵدا گشتپرسی سەربەخۆیی لە قەرەباخ بەڕێوەچوو.
لەدوای رووخانی یەكێتیی سۆڤیەت، لە 25ی كانوونی یەكەمی 1991دا، بەهۆی دروستبوونی بۆشایی هێز، جارێكی دیكە شەڕ و پێكدادانی قورس لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان، لەوانەش قەرەباخ، سەری هەڵدایەوە كە تێیدا رووسەكان پشتگیرییان لە ئەرمەنەكان دەكرد و چەكدارە ئەفغانی و چیچانییەكانیش لە بەرەكانی ئازەربایجاندا شەڕیان دەكرد.
لە ئایاری 1993دا ئەرمینیا زیاتر لە 14%ی خاكی ئازەربایجانی گرتبوو، لەو قۆناخەدا باكۆ رازی بوو بەوەی قەرەباخیەكان وەكوو بەشێك لە كێشەكە ببینێت و بە ناوبژیوانیی رووسیا دانوستاندنیان لەگەڵ بكات. لە ئاكامیشدا رێككەوتنی ئاگربەستی نێوان ئازەرییەكان و قەرەباخ لە 12ی ئایاری 1994 واژۆكرا.