رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ لەنێو 10 دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان تەنیا چین توانیی پێش تەواوبوونی 2020 گەشەی ئابووریی خۆی لە ژێر سفر دەربهێنێت، بەپێی پێشبینی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئابووری و بازرگانی لە ساڵی 2028 چین دەبێتە یەکەم وڵات لەڕووی ئابوورییەوە.
سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئابووری و بازرگانی لە بەریتانیا پێشتر پێشبینی کردبوو کە لە ساڵی 2032 چین ببێتە بەهێزترین ئابووریی جیهان، بەڵام پەتای کۆرۆنا پێنج ساڵ چینی بردە پێشەوە، سەنتەرە بەریتانییەکە پێی وایە "بەرپرسانی چین زۆر بەباشی وەڵامی پەتای کۆرۆنایان داوەتەوە و، لە ئەنجامدا کەمترین کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر وڵاتەکە دیارە بەراورد بە وڵاتانی دیکە".
چین لە ساڵی 2010 بووە دووەم بەهێزترین ئابووریی جیهان دوای ئەوەی قەبارەی بەرهەمی نێوخۆیی بۆ شەش تریلیۆن دۆلار بەرزکردەوە و پێش ژاپۆن کەوت. هەروەها پێشتر چین لە ساڵی 2000 تەنیا 3.6٪ـی ئابووری جیهانی پێکدەهێنا، بەڵام لە ساڵی 2019 رێژەکەی بەرزکردەوە بۆ 18٪.
پێشتر رێکخراوی هاوکاریی ئابووری و گەشەسەندن لە راپۆرتێکدا لەبارەی گەشەی ئابووریی 10 بەهێزترین وڵاتانی جیهان لە ساڵی 2020 ئاماژەی بەوە دابوو کە تەنیا چین توانیویەتی گەشەی ئابوورییەکەی بگەیێنێتە 3.6٪ و سەرجەم وڵاتانی دیکە لەژێر سفر ماونەتەوە، هەروەها گەشەی ئابووریی ئەمریکای رکابەری -9.1٪ـە.
شی ژیپینگ، سەرۆکی چین لەبارەی گەشەی ئابووریی وڵاتەکەیەوە دەڵێت، "ئەو بەرەو پێشچوونەی چین رووداوێکی پێشبینیکراو بوو، وڵاتەکەمان دەتوانێت هەموو ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت تەنانەت پێش ئەو کاتەی کە دیاریمان کردبوو".
ژمارەی دانیشتووانی چین نزیکەی ملیارێک و 439 ملیۆن کەسە کە دەکاتە 18.47٪ـی ژمارەی دانیشتووانی جیهان. چین ئەو وڵاتە بوو کە بۆ یەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەوە، لە هەمان کاتدا یەکەم وڵاتیش بوو کە "سەرکەوتن" بەسەر ڤایرۆسەکە رابگەیێنێت.
تاوەکو ئێستا 86 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە چین تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 634 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. لە سەرانسەری جیهانیشدا 81 ملیۆن و 145 هەزار تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراوە. چین لە ریزبەندیی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پلەی 80ـەم دێت لە کاتێکدا ئەمریکا لە پلەی یەکەمە و 19 ملیۆن و 573 هەزار تووشبووی تێدا تۆمارکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ