ئیستۆنیا پرۆژەی حکومەتی ئۆنلاین رادەگەیەنێت

رووداو - هەولێر

ئیستۆنیا پرۆژەی حکومەتی ئۆنلاین رادەگەیەنێت، بەمەش سیستەمی ئیداری و بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە دەبێتە سیستەمێکی دیجیتاڵی و چیدیکە پشت بە کاخەز نابەسترێت لە مامەڵەی رۆژانەی حکومەتدا. 

پرۆژەکەی حکومەت پرۆژەیەکی تەواو دیجیتاڵییە و بە گوێرەی پلانەکە تەواوی کاروبارەکان، جگە لە مامەڵەکانی هاوسەرگیری، جیابوونەوە و گواستنەوەی پارە بە رێگەی ئۆنلاین ئەنجام دەدرێن. 

بە گوێرەی ئەم پرۆژەیە، سیستەمی بیرۆکراسیی وڵات چیدیکە پشت بە کاخەز نابەستێت و لە بری ئەوەی مامەڵەکان بە رێگەی ئۆنلاین بەڕێوەدەبرێن.

لە رێگەی ئەم سیستەمە ئۆنلاینەوە، بە نزیکەیی هەموو مامەڵەیەک دەکرێت؛ بۆ نموونە: دایک و باوکانی منداڵانی تازە لەدایکبوو دەتوانن بە بێ سەردانیکردنی هیچ فەرمانگەیەکی حکومی ناسنامە، پاسپۆرت و بەڵگەنامەکانی دیکەی وەک وەرگرتنی پارەی یارمەتی لە حکومەت بۆ منداڵەکانیان بەدەستبێنن. دواتریش هەر لەم رێگەیەوە دەتوانن لە ناویان باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان تۆماربکەن. 

تادێت متمانەی خەڵک بەم سیستەمە زیاتر دەبێت و حکومەتیش لەو پێناوەدا کاردەکات. 

مارتێنس کاڤیاتس، راوێژکاری دیجیتاڵیی نیشتمانی دەڵێت: "تەواو باوەڕمان پێیەتی، با بڵێین خەڵک پێویستیی بەوە هەیە متمانە بەم سیستەمە بکات، بەڵام لە پێناو دروستکردنی متمانەدا پێویستیت بە شەفافییەت هەیە. هەر لەبەر ئەمەشە خەڵک دەتوانن دەستیان بگات بە داتاکانیان. هەروەها لەبەر ئەمەیە ئەوان دەتوانن بزانن ئایا حکومەت داتاکانی ئەوانی بەکاربردووە یان نا".

بەم شێوەیە حکومەتێکی نەبیندراو لە ئیستۆنیا کارەکان دەکات کە حکومەتی ئەلکترۆنییە و چیدیکەش پێویست ناکات هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان لەگەڵ حکومەت یەک ببینن.

حکومەتی ئیستۆنیا ئامانجیەتی لەم رێگەیەوە رۆتیناتی ئیداری بۆ سفر کەم بکاتەوە، پەرە بە شەفافییەت بدات و ئابووری ئەم وڵاتە 1.3 ملیۆن کەسییە ببووژێنێتەوە. 

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن