ئەمڕۆ بۆکسینگ دەی بەردەوام دەبێت

یارییەکانی دووشەممەی هەفتەی ١٩ی پرێمەرلیگ بە بەیەکگەیشتنی دوو یانەی ژێرەوەی ریزبەندییەکە دەستپیدەکات کە پێکهاتوون نۆریچ سیتی و ئەستۆن ڤێلا . 

لە هەمان کاتدا واتفۆردی خاوەنی پلەی حەوتەمی ریزبەندییەکە یارییەکی گرنگ و چارەنووسساز لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر تۆتێنهام ئەنجامدەدات کە تەنیا سێ خاڵ لە پێشەنگی خولەکەوە دوورە و ئەو یارییە بۆ هەردوو یانە مانای گەورەی هەیە لە ریزبەندییەکەدا.

یاریگەی گۆدیۆنسۆن پارک یارییەکی بەهێز لە خۆ دەگرێت و تێیدا ئیڤێرتۆنی خاوەن ماڵ رووبەڕووی ستۆک سیتی دەبێتەوە، ئەو یانەیەی هێشتا سەرمەستە بەسەرکەوتنی سەرەتای ئەم هەفتەیەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد.

ئارسیناڵ و یاریزانەکانی ئارسن ڤینگەر دەگەرێنەوە یاریگەی ئیمارایتس بۆ میوانداریکردنی  بۆرنمۆس تیپێک لە شەش یاری رابردوودا سێ بردنەوە و سێ یەکسانبوونی بەدەستهێناوە.

تیپەکەی ڤینگەر کە کاریگەرە بە پێکانی زۆری یاریزانەکانی، پێویستی بەبردنەوە هەیە بۆ ئەوەی لانی کەم بچێتە پێشەنگی خولەکە تا ئەوکاتەی لیستەر سیتی پێشەنگ و مانچێستەر سیتی بەیەکدەگەن و ئەنجامەکە یەکلای دەکاتەوە کێ سێ خاڵی یارییەکە دەبات.

دوا یاریش بێگومان سەرنجڕاکێشترین و بەهێزترین دەبێت لەسەر یاریگەی ئۆڵدترافۆرد.

یارییەکە جیا لە هێزە تەقلیدییەکەی هەردوو یانە، جیا لە رکابەریی نێوانیان لە ریزبەندی خولەکەدا بۆ هەردوو راهێنەر جێگەی مشتومڕ و لە هەمان کاتدا بایەخ دەبێت.

ڤان گال و یاریزانەکانی لە دووڕیانی ماڵئاوایی یان هێشتنەوەی راهێنەرەکەیاندا، لە کاتێکدا ئەوەی هاندەرانی چێڵسی رازی دەکات بەدەستهێنانی بردنەوەیە لەو یارییەدا، بە تایبەت کەتیپەکەیان سەرەتای ئەم هەفتەیە هەم دەستپێکێکی باشی لەگەڵ هیدینگی راهێنەریدا نەبوو، هەم لەدەستدانی بردنەوەیەکی ئاسان بوو.