بەریتانیا، عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە کۆچبەرانی نایاسایی رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، رێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی و باندە تاوانکارییەکان، کە لە ناوچەکە و لە ئەورووپا کاردەکەن، واژۆکرد. حکومەتی بەریتانیا دەڵێت: "یەکەمجارە لە جیهان رێککەوتنی لەمجۆرە بکرێت."
رۆژی پێنجشەممە، 28-11-2024 حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، "رێککەوتنێکی لەگەڵیان واژۆکرد کە بۆ رێگریکردنە لە کۆچبەرانی نایاسایی و رووبەڕووبوونەوەی باندە تاوانکارییەکان. یەکەمجارە لە جیهان رێککەوتنی لەمجۆرە بکرێت."
ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گوتی: "ئەم رێککەوتنەی نێوان بەریتانیا، عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی روونە بۆ قاچاخچییە تاوانکارەکان کە ئێمە لە سەرانسەری جیهان بەدوایانەوە دەبین."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کووپەر لە هەولێر بوو و کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد. رێبەر ئەحمەد گوتی: "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو، سەردانێکی زۆر گرنگ و لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بوو. هەردوولامان جەختمان لەوە کردەوە کە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا پەیوەندییەکی مێژوویی و دوور و درێژە و لێکتێگەیشتنی باشمان لە نێواندا هەیە."
بەگوتەی رێبەر ئەحمەد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو نیگەرانییانە کراوە کە ئێستا رووبەڕووی جییهان بوونەتەوە، ''کۆچی نایاسایی یەکێکە لە نیگەرانییەکان کە وڵاتی بەریتانیاش هەیەتی و بۆ ئێمەش جێگەی گرنگی و هەستیارییە."
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، بەریتانیا 200 هەزار پاوەند (253هەزار دۆلار) بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و بەهێزکردنی سنوور بە هەرێمی کوردستان دەدات. وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا گوتی: "تیمێکی نوێ بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت."
بەریتانیا هەروەها، بۆ راهێنانی هێزە ئەمنییەکانی سنوور، 300 هەزار پاوەند بە عێراق دەدات. 300 هەزار پاوەندی دیکە بۆ "بەهێزکردنی تواناکان بۆ پەکخستنی تاوانی بە قاچاخبردنی مرۆڤ و مادەی هۆشبەر" بە بەغدا دەدرێت.
حکومەتی بەریتانیا راشیگەیاند، لەماوەی سەردانە سێ رۆژییەکە وەزیری ناوخۆ لەگەڵ چەندین وەزیری عێراقی فیدراڵ، هەروەها چەند وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
خانمە وەزیرە بەریتانییەکە گوتی: "چەندین باندی قاچاخچی هەن کە سوود لە رێڕەوە ئاوییە مەترسیدارەکان وەردەگرن، جموجۆڵی ئەو قاچاخچییانە لە باکووری فەرەنسا، ئەڵمانیا، سەرانسەری ئەورووپا، هەرێمی کوردستان و تاوەکو عێراق و دەرەوەش درێژ دەبێتەوە. هەربۆیە، هێزە ئەمنییەکان پێویستە لە سەرانسەری سنوورەکان کاربکەن."
ئیڤێت کووپەر سوپاسی لایەنی کوردی و عێراقی کرد و گوتی: "ئەمە هاوبەشییەکی گرنگی نێوان حکومەتی بەریتانیا، عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی خەڵک."
دوای راگەیێندراوەکەی حکومەتی بەریتانیا، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لەندەنەوە گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ رێککەوتنێکی نوێی ئەمنی لە نێوان عێراق و بەریتانیا رادەگەیێنم. ئەمە یەکەمین رێککەوتنی لەمجۆرەیە لە جیهاندا واژۆبکرێت، کە یارمەتیمان دەدات تۆڕی قاچاخچییەکانی مرۆڤ تێکبشکێنین و سنوورەکانمان بپارێزین."
گوتیشی: "وەزیری ناوخۆ بۆ تەواوکردنی ئەم رێککەوتنە لە عێراقە. هەروەها ئێمە دابینکردنی پارەمان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق راگەیاندووە بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە لە رەگەوە چارەسەر بکەن، پێش ئەوەی بگاتە کەنارەکانمان."
لەبارەی کۆچبەرە گەڕاوەکان، بەریتانیا و عێراق پابەندیی خۆیان پیشاندا بۆ باشترکردنی هاوئاهەنگی بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی، "ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە، بەشێوەیەکی خێرا بگەڕێنرێنەوە."
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە کۆبوونەوەکانی بەغدا لەگەڵ هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گفتوگۆی کرد.
لە هەرێمی کوردستان، وەزیرە بەریتانییەکە لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی وەزیران و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ کۆبووەوە.