پووتین: ترەمپ زیرەکە و چارەسەر دەدۆزێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی رووسیا بە "زیرەک" وەسفی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات و دەڵێت: "لە دۆزینەوەی چارەسەردا بەتوانایە." پووتین بە نوکتەیەک پەیامێکیش ئاراستەی ئۆکراینا دەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 28-11-2024، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کازاخستان گوتی: "ئەوەندەی کە من بیری لێدەکەمەوە، سەرۆکی دووبارە هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کەسێکی زیرەک و بەئەزموونە. پێموایە کە ئەو چارەسەرێک دەدۆزێتەوە."
 
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوە نەکرد مەبەستی لە "چارەسەر" چییە. پووتین هەروەها باسی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکای کرد و گوتی، "زەحمەتیی زیاتر" بۆ ئیدارەی نوێی ترەمپ دروستدەکات. ئەمەش دوای ئەوەی میدیای ئەمریکا رایگەیاند، لە ئیدارەی بایدنەوە رێگە بە ئۆکراینا درا بۆ یەکەمجار مووشەکی دوورمەودای ئەتاکمس بە ئاراستەی رووسیا بەکاربهێنرێت.
 
پرسیاری ئەوە لە پووتین کرا، ئایا بڕیارەکەی بایدن کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی داهاتووی مۆسکۆ و واشنتن دەبێت؟ پووتین گوتی: "دوای ئەوەی ترەمپ نووسینگەی سەرۆکایەتیی گرتە دەست، شتەکان بەرەوپێش دەچن."
 
تۆنە نەرمەکەی پووتین بەرامبەر ترەمپ جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ هەڕەشەکانی رووسیا بەرامبەر ئیدارەی بایدن هەیە. پووتین دوای هێرشە مووشەکییە دوورمەوداکەی سەر خاکی گوتی، ئەمریکا "گرژییەکان زیاد دەکات."
 
ترەمپ بەڵێنی داوە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە 24 کاژێردا رابگرێت، بەڵام راینەگەیاندووە چۆن ئەو کارە دەکات. لەماوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنیشدا خۆی لەوە بەدوور دەگرت بڵێت حەزی لێیە ئۆکراینا جەنگەکە بباتەوە.
 
لێدوانەکەی پووتین دوای ئەوە هات کە دوێنێ چوارشەممە ترەمپ کەیت کێڵۆگی وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا و رووسیا دەستنیشانکرد. ترەمپ لە پۆستێکدا نووسی: "پێکەوە، ئێمە لە ڕێگەی هێزەوە ئاشتی دەگەڕێنینەوە، جیهان و ئەمریکاش دووبارە سەلامەت دەکەینەوە."
 
پووتین لە ئەستانای پایتەختی کازاخستان بوو کە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەیەکی ئاسایش لەوێبوو. لە پەسنی زیاتری ترەمپ، سەرۆکی رووسیا گوتی: "ئەو بەسەر تاقیکردنەوەیەکی جیدیدا سەرکەوت، کاتێک دووبارە توانی بگەڕێتەوە کۆشکی سپی." مەبەستی پووتین لەو دوو هەوڵە بوو کە بۆ کوشتنی ترەمپ دران. لە هەوڵی یەکەم لە پێنسلڤانیا لە مانگی تەممووز بە گوللـە گوێی بریندار کرا. لە مانگی ئەیلوول لە هەوڵی دووەم بەبێ هیچ زیانێک رزگاری بوو کاتێک تەقە لە نزیک ئەو یاریگەیە کرا کە گۆڵفی لێ دەکرد.
 
پووتین گوتی، بێگومان رێگەی نامرۆڤانە لە دژی ترەمپ گیرانەبەر، زیاتر لە جارێکیش. ئەو هەروەها باسی ئەوەی کرد کە نیگەرانی ئەوەیە "ترەمپ ئێستا ژیانی سەلامەت نەبێت."
 
پووتین هەروەها باسی ئەو تۆمەت و کەیسانەی کرد کە لە دادگەکانی ئەمریکا لە دژی ترەمپ جوولێنراون، پووتین ئەو کەیسانەی بە "سووکایەتی و بێبنەما" وەسفکردن. ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی شەشی ئەمساڵ، دادگەیەکی نیویۆرک 34 تاوانی بەسەر ترەمپدا ساخکردەوە.
 
سەرۆکی رووسیا باسی جەنگی ئۆکرایناشی کرد و هەڕەشەی تەقاندنی مووشەکی دەنگبڕ (ئۆرێشنیک)ـی بە ئاراستەی ئۆکراینا کرد. هەفتەی رابردوو بەو مووشەکە هەرێمی دنیپرۆی لە ئۆکراینا کردە ئامانج. مووشەکەکە هێندە بە‌هێزە کە دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمیش هەڵگرێت.
 
پووتین گوتی: "لە بەکارهێنانی ئۆرێشنیک لە دژی سوپای ئۆکراینا، لە دژی دامەزراوە پیشەسازییەکان و ناوەندە گرنگەکانی بڕیاردان، تەنانەت لەنێو کیێڤیش سڵناکەینەوە. بەرپرسانی کیێڤ هەر ئەمڕۆ ویستیان دامەزراوە گرنگەکانی ئێمە بکەنە ئامانج."
 
لە کۆتاییدا پرسیاری ئەوەی لێکرا مەبەستی چییە لە "ناوەندە گرنگەکانی بڕیاردان ئۆکراینا"؟ پووتین گوتی: "لە سەردەمی سۆڤیەت نوکتەیەک هەبوو لەبارەی کەشوهەواوە دەگوترا. دەیانگوت کەشوهەوا چۆنە؟ وەڵامەکەش ئەوەبوو: ئەمڕۆ هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە."
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە