رووداو دیجیتاڵ
سێ سەرچاوە بە میدیای ئەمریکییان گوتووە، رەنگە پرووشکی ئاگری سیاسەتی تووندی چاوەڕوانکراوی ترەمپ دژی ئێران، بەر عێراقی دراوسێشی بکەوێت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی S&P Globalـی ئەمریکی، کە رۆژی 28.11.2024 بڵاویکردووەتەوە، کەسایەتییەکانی بواری نەوت دەبنە ئامانجی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.
بۆب ماکنالی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی 'راپیدان ئینێرجی' لە بواری راوێژکاریی وزە دەڵێت، رەنگە سزا چاوەڕوانکراوەکان [بۆ سەر عێراق] چەند کەسایەتی و لایەنێکی نزیک لە ئێران بکەنە ئامانج، لەنێوشیاندا لەنێو کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).
چەند سەرچاوەیەک قسەیان بۆ ماڵپەڕە ئەمریکییەکە کردووە و دەڵێن، هیچ نەبێت، ترەمپ مۆڵەتی لێخۆشبوون لە عێراق بۆ هاوردەی گازی ئێران کۆتایی پێدەهێنێت.
هەنگاوێکی لەم جۆرە، دەکرێت کاریگەریی نەرێنی و بگرە زۆر خراپیشی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق هەبێت.
ماڵپەڕەکە دەشڵیت، میلیشیا و گرووپە سیاسییە هاوپەیمانەکانی تاران هەژموونێکی گەورەیان لەنێو حکومەتی عێراق و سێکتەری نەوت هەیە. ترەمپیش دەیەوێت ئەو هەژموونە نەهێڵێت.
ماکنالی کە لە سەردەمی ئیدارەی جۆرج بووش بەڕێوەبەری بەشی وزە بووە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، ترەمپ عێراقیش دەخاتە بەر نەشتەری سزاکانی ئێران، بەڵام ناگاتە سنووردارکردنی هەناردەی نەوت.
24ـی ئەم مانگە، ئێران هەناردەی گازی بۆ عێراق لە 25 ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ 7 ملیۆنی رۆژانە کەمکردەوە. ئەمە وایکرد بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق 5.5 گیگاوات کەمببێتەوە.
ماڵپەڕە ئەمریکییەکە لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار لە پلانەکانی ترەمپ دەڵێت، پشتبەستن بە گازی ئێران، هاوشان لەگەڵ ئاڵۆزیی سیستمی سیاسی و گەندەڵی، وایکردووە ئەندامانی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بتوانن خۆیان بخزێننە نێو سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە.
ئەمەش، وەک ئەو سەرچاوانە گوتوویانە، بووەتە هۆی دروستبوونی بازرگانییەکی "بازاڕی رەش بە نەوتی عێراق" و ملیۆنان دۆلار داهاتی سپیکراوەی بۆ ئەو گرووپانە دروستکردووە ئێران پاڵپشتییان دەکات.
ئەمریکا ساڵانێکە داوا لە عێراق دەکات خۆی لە هەژموونی ئێرانی دراوسێی بتەکێنێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت سیاسەتی ئیدارەی داهاتوو بە سەرۆکایەتیی ترەمپ چیدیکە لە چوارچێوەی داواکاریدا نەمێنێتەوە؛ لەبری ئەوە بە سزا گوشار بخاتە سەر حکومەتی سوودانی.
ترەمپ لە ساڵی 2011ـدا بە رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت'ـی گوتبوو، دەیەوێت "نەوت لە عێراق بسەنێتەوە". گوتبووشی، "لێناگەڕێم ئێران نەوتی عێراق ببات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ