ئەمریکا: سیاسەتی ئێمە سەبارەت بە مەرجەکانی دابینکردنی فڕۆکەی F-35 بۆ تورکیا نەگۆڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەتیدەکاتەوە سیاسەتیان سەبارەت بە مەرجەکانی دابینکردنی فڕۆکەی F-35 بۆ تورکیا گۆڕابێت.
دوای ئەوەی یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی، ئەمریکا ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە مووشەکی S-400 ـی رووسی نەماوە، کە بەدەست تورکیاوە هەیە و دەتوانێت فڕۆکەی جەنگیی F-35ـیان پێبدات، واشنتن راستەوخۆ وەڵامی دایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بەشی تورکی دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکانیدا نەکراوە.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، ئەو مەرجانەی کە پێویستن بۆ دابینکردنی فڕۆکەی F-35 بۆ تورکیا بۆ هەموو لایەک روونن، سیاسەتی ئێمەش هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە. ئاماژەی بەوەشدا درێژەدان بە کاری هاوبەشی تورکیا لەگەڵ ناتۆ وەک لە پێشینەیەکی گرنگ بۆ ئەمریکا دەمێنێتەوە.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا رۆژی سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024 لە گفتوگۆی بودجەی ساڵی 2025ـی وەزارەتەکەیدا رایگەیاند، "دەمانەوێت هەم پشکی بەرهەمهێنانمان لە فڕۆکەی F-35 و هەم 40 دانە F-35 لە ئەمریکا بکڕین."
گولەر گوتی: "ئێمە شەش فڕۆکەی F-35مان لەوێ هەیە، کاتێک ئەمریکییەکان بینیان دەتوانین فڕۆکەی کان دروست بکەین و فڕی، بیرکردنەوەیان کەمێک گۆڕا. ئەوان خۆیشیان دەڵێن، دەتوانن F-35ـیشمان پێ بدەن."
گولەر ئاماژەی بەوەدا، سەبارەت بە S-400ی رووسی روونکردنەوەیان بە ئەمریکا داوە. "بۆیە ئێستا ئەمریکییەکان هیچ ناڕەزایەتییەکیان بەرامبەر بە سیستمی مووشەکی S-400 نییە، بە مەرجێک ئەو ناوەندە بن کە ئێمە قبووڵیان دەکەین".
تورکیا دوای کڕینی سیستمی بەرگریی مووشەکی S-400 لە رووسیا، لە بەرنامەی F-35ی ئەمریکا دوورخرایەوە. بەرپرسانی ئەمریکیش رایانگەیاند، کە سیستەمی مووشەکی S-400 مەترسی ئەمنی بۆ فڕۆکەکانی F-35 دروست دەکات کە فڕۆکەی جەنگی نەوەی پێنجەمن.
تورکیا کە لە ساڵی 2019 ـەوە سیستمی بەرگریی مووشەکی S-400 ـی لە رووسیا کڕیوە، بووە یەکەم وڵاتی ناتۆ کە بە پێی یاسای کاتسا بە فەرمی سزای بەسەردا سەپێنراوە. یاسای کاتسا "یاسای بەرەنگاربوونەوەی دژایەتیکردنی ئەمریکایە لە رێگەی سەپاندنی سزاوە."
ئەمریکا لە 14ی کانوونی یەکەمی 2020 لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ دا، بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس 400ی رووسی و لەسەر داوای کۆنگرێس، بڕیاری دا یاسای کاتسا بەرامبەر بە تورکیا بەکاربهێنێت و بە فەرمی سزای بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی و سەرۆکی کەرتی پیشەسازیی بەرگریی ئەو وڵاتە سەپاند و لە 7ی نیسانی 2021 سزاکانی لە بەرامبەر تورکیا خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
تورکیا سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا و ناتۆ، سووربوو لەسەر کڕینی سیستمی بەرگریی S-400 ی رووسی. لە هاوینی 2019 سیستمەکە گەیشتە تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020 تاقیکرایەوە.
تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، بەشدارە لە دروستکردنی هەندێ پارچەی تایبەت بە فڕۆکەی جەنگی F-35ی ئەمریکی، بەڵام لە 23ی ئەیلوولی 2020ـەوە بەهۆی کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس-400ی رووسی، لە بەرنامەکە دەرهێنراوە.
ئەنقەرە 100 فرۆکەی F-35ی لە ئەمریکا داواکردووە و رایگەیاندووە، لە رێککەوتنی تایبەت بە کڕینی فڕۆکەی F-35 بڕی 1.4 ملیار دۆلاری داوەتە ئەمریکا و ئیدارەی بایدن دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی لەبری ئەو پارەیە، فڕۆکەی F-16 بداتە تورکیا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمە رەتدەکاتەوە.