ترەمپ ئەو کەسەی دەستنیشان کرد کە ئەرکی کۆتاییهێنانە بە جەنگی ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ژەنەراڵێکی خانەنشینکراوی نزیک لە خۆی بەناوی ژەنەراڵ کیس کێلۆگ، وەکو نوێنەری خۆی بۆ کاروباری ئۆکراینا دەستنیشان کرد. ئەرکی ئەو ژەنەراڵە کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا کە نزیکەی سێ ساڵە بەردەوامە.
رۆژی چوارشەممە، 28ی تشرینی دووەمی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە پلاتفۆرمە تایبەتییەکەی خۆی بە ناوی "سۆشیاڵ تروس"، بڵاویکردەوە، ژەنەڕاڵ کلۆگی بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە. ترەمپ نووسیویەتی "کیس ئەزموونێکی دەوڵەمەندی کارکردنی لە بواری سەربازی و بازرگانی هەیە، لەنێویشیان بەڕێوەبردنی ئەرکێکی هەستیار لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە یەکەم ئیدارەمدا."
لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، ترەمپ چەندین جار رایگەیاند کە ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، بەزووترین کات کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دەهێنێت و بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کار دەکات بۆ نێوەندگیری لەنێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رێککەوتنێکی ئاگربەست بهێنێتە ئاراوە.
میدیای ئەمریکی دەڵێن، کلۆگی تەمەن 80 ساڵ، یەکێک لە بیرۆکەکانی بریتییە لەوەی هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا بکاتە ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر ئۆکراینا تاوەکو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بکەن.
لە دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە لە شوباتی 2022، ئەمریکا گەورەترین هاریکاری سەربازیی کیێڤ بووە و تاوەکو ئێستا بە بەهای زیاتر لە 60 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی و هاوکاریی سەربازی بۆ دابینکردووە.
کلۆگ لە سەرەتای ئەم ساڵدا لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی یەکێک لە تینک تانکەکانی ئەمریکا تایبەت بە سیاسەتی داهاتووی ئەمریکا لە ئۆکراینا رایگەیاندبوو، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پڕچەککردن و دابینکردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکراینا تاوەکو توانای بەرگریی ئۆکراینا بەرامبەر بە رووسیا پتەوتر بکات، بەڵام دەبێت هاوکارییەکانی ئەمریکا لە داهاتوودا، لەسەر ئەو مەرجە بێت کە ئۆکراینا ئامادەبێت گفتوگۆ لەگەڵ رووسیا بکات."
هەروەها رایگەیاندووە "ئەگەر ئۆکراینا ئامادەی گفتوگۆکردن نەبێت، ئەوا دەبێت ئامادەی ئەو راستییە بێت، خەڵکێکی زۆرتر و منداڵی زۆرتر لەدەستبدات و قبوڵی بکات کە نەک 130 هەزار کەسی لەدەستبدات، بەڵکو 230 هەزار یان 250 هەزار کەس لەدەستبدات."