جیهان
پارکێک لە ناوەڕاستی کیێڤ لە 27ـی تشرینی دووەمی 2023 کە بە بەفر داپۆشراوە، وێنە: Roman PILIPEY / AFP
رووداو دیجیتاڵ
رەشەبا، بەفر، زریان و باهۆزی بەهێز بوونە هۆی گیانلەدەستانی 10 کەس لە ئۆکراینا، 4 لە رووسیا و 4 کەسی دیکەش لە مۆڵدۆڤا. وەزارەتی وزەی رووسیاش دەڵێت، بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە نزیکەی دوو ملیۆن کەس بێ کارەبا بوون.
رۆژی سێشەممە 28-11-2023، ئیهۆر کلیمێنکۆ، وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا رایگەیاند، "بەهۆی ناسەقامگیریی کەشوهەواوە، 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 23 کەسی دیکە برینداربوون، کە دووانیان منداڵن."
وەزیرەکەی ئۆکراینا گوتی، "باشووری ئۆدێسا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و هێزە فریاگوزارییەکان یارمەتیی دوو هەزار و 500 کەسیان داوە. هەزار و 500 گوند و شارۆچکەش بێ کارەبا بوونە."
بەگوێرەی میدیای ئۆکراینا، تیمە فریاگوزارییەکان 993 ئۆتۆمبێلیان بە پەت راکێشاوە، دوای ئەوەی لەنێو بەفر گیریان خواردبوو، هەروەها هەشت رێگەی سەرەکی داخراون.
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "تەنیا لە ئۆدێسا، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە."
وەزارەتی وزەی رووسیا ئاشکرای کرد "بەهۆی بەفربارینەوە 1.9 ملیۆن کەس کارەبایان لەسەر بڕاوە."
میدیای رووسیا ئامارەکانی گیانلەدەستدانی بەهۆی ناسەقامگیریی کەشوهەوا، زریان و بەفر بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ "بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس لە کریمیای رووسیا و چوار کەسی دیکەش لە مۆڵدۆڤا."
شارەزایانی کەشوهەوا دەڵێن خێرایی با گەیشتووەتە 140 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی فریاگوزاریی رووسیا، لە ناوچەی کراسنۆدار لە رووسیا، رەشەبا چەندین داری لە رەگەوە دەرهێناوە و چەندین کەسیش بەو هۆیەوە برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ