ڤیدیۆ: بەهۆی بۆکس وەشاندن، پەرلەمانتارێکی بەریتانیا لە کارەکەی سڕکرا
رووداو دیجیتاڵ
مایک ئامسبێری، پەرلەمانتارێکی بەریتانیا لە حیزبی (کار)ـی دەسەڵاتدار؛ دوای ئەوەی لە کامێرای چاودێری دەردەکەوێت بە بۆکس لە هاووڵاتییەک دەدات، لە کارەکەی سڕ دەکرێت.
وەک لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت؛ رۆژی 26-10-2024ـە و کاژێر 2:15ـی بەرەبەیانە، مایک لە یەکێک لە شەقامەکانی بازنەی رەنکۆرن لە ناوچەی چێشایەرە کە بازنەی هەڵبژاردنی خۆیەتی و لە باکووری بەریتانیایە، بەرامبەر پیاوێک وەستاوە و لە پڕ بۆکسێک لە دەموچاوی پیاوەکە دەدات. دوای ئەوەی پیاوەکە دەکەوێتە سەر زەوی، پەرلەمانتارەکەی پارتی کار دیسان هێرشی دەکاتە سەر و شەش بۆکسی دیکەشی لێدەدات، ئینجا چەند کەسێک دێن و دووری دەخەنەوە.
دوای رووداوەکە، مایک رایگەیاند هەستی بە "هەڕەشە" کردووە بۆیە لێیداوە. دواتر گوتی: "ئەو چیدیکە ناتوانێت ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ من."
گوتەبێژێکی پارتی کار کە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرکردایەتیی دەکات گوتی: "پەرلەمانتار مایک ئامسبێری دوای رووداوەکە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پۆلیس کردووە. پارتی کار ئەو پەرلەمانتارەی لە کارەکەی سڕکردووە و لێکۆڵینەوە دەکات."
پێش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، مایکی تەمەن 55 ساڵ لە 27-10-2024 رایگەیاند: "دوێنێ شەو، دوای ئەوەی لەسەر شەقام لەگەڵ چەند هاوڕێیەک پیاسەمان دەکرد، هەستم بە هەڕەشەکرد و تووشی رووداوێک بووم. ئەم بەیانییە، خۆم پەیوەندیم بە پۆلیسی ناوچەی چێشایەر کرد و رووداوەکەم بۆ باسکردن. هیچ لێدوانێکی دیکە نادەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە هاوئاهەنگی لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەکەم. بە تەواوی پابەندم بۆ کارکردن بۆ خەڵکی بازنەی رەنکۆرن و هێلسبی."
بریجێت فلیپسن، ئەندام پەرلەمانی پارتی کار و وەزیری کاروباری ژنان رایگەیاند: "مایک خۆی پەیوەندیی بە پۆلیسەوە کردووە و هاوئاهەنگی لە لێکۆڵینەوەکاندا دەکات."
لە تەممووزی ساڵی پار، پیاوێکی 56 ساڵ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا، ئەمەش دوای ئەوەی ماوەیەک چاودێریی نووسینگەکەی مایک ئامسبێری کردبوو و چەند جارێک لە دەرەوەی پەنجەرەکەی بە بێدەنگی سەیری کردبوو.
گوتەبێژێکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، کە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی بەریتانیا بە خراپی بە پارتی کار دۆڕان و دەسەڵاتیان لەدەستدا، گوتی: "چەندین پرسیار هەن دەبێت مایک وەڵامیان بداتەوە لەسەر ئەو هەڵسوکەوتەی."
بەرپرسێکی دیکەی پارتەکە لە ئێکس نووسی: "پارتی کار بەڵێندا گرووپە مافیاییەکان لەنێو بەرن، کەچی ئێستا بازنەکانی هەڵبژاردنی خۆیان لەنێو دەبەن."
گوتەبێژێکی پارتی چاکسازیی بەریتانیا گوتی: "ئەو ڤیدیۆیەی پەرلەمانتار مایک جێگەی داخە. گرنگ نییە بە زار و زمان چییان بەیەکدی گوتووە، هەرگیز جێگەی قبووڵ نییە کەسێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک پەنا بۆ تووندوتیژی ببات، بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسە پەرلەمانتار بێت. خەڵکی بازنەی رەنکۆرن شایستەی باشترن."