جێگرەکەی ترەمپ رووسیا بە رکابەر ناودەبات نەوەک دوژمن
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، مۆسکۆ "رکابەر"ی واشنتنە نەوەک دوژمن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، چین نەوەک رووسیا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئەمریکا.
28ی تشرینی یەکەمی 2024، جەی دی ڤانس، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ، ئەگەر بەربژێرە کۆمارییەکە سەربکەوێت، رایگەیاند، "ئێمە لەگەڵ ئەو [پووتین] لە جەنگدا نین. ناشمەوێت لەگەڵ رووسیای ڤلادیمیر پووتین لە جەنگدا بین. پێم وایە دەبێت رێگەی ئاشتی بگرینەبەر."
جەی دی ڤانس رایگەیاند، "ئێمە دەزانین لەگەڵ رووسیا بەرژەوەندیی جیاوازمان هەیە. دەتوانین سەرکۆنەی داگیرکاریی ئۆکراینا لە لایەن رووسیاوە بکەین. من ئەو کارەم کردوومە و بێگومان سەرۆکیش کردوویەتی".
ڤانس لەبارەی چینەوە دەڵێت، "چینیش بە رکابەر ناودەبەم، بەڵام لەگەڵ ئەو وڵاتەش لە جەنگدا نین. سەرەڕای ئەوەش، پێم وایە چین گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەبێ بە رژدییەوە بڕوانینە ئەو بابەتە. سەرەڕای ئەوەش، دەبێت وریا بین لەوەی چی جۆرە زمانێک بەکاردەهێنین، کە ئەویش زمانی دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتییە."
ئەو بەرپرسەی کۆمارییەکان پابەندبوونی ئیدارەی ترەمپی بە هاوپەیمانیی ناتۆوە دووپاتکردەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ترەمپ بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، ئەوا گوشار لە وڵاتانی ئەورووپا دەکات خەرجییەکانیان لە بواری بەرگرییدا لەنێو ناتۆ زیاتر بکەن.