کامالا هاریس: لە سەردەمی ترەمپ خەڵک هەستی بە بچووکی دەکرد
رووداو دیجیتاڵ
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی 05-11-2024، چووە چێشتخانەیەکی شاری فیلادێلفیای ویلایەتی پێنسلڤانیا و لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی دیاری لاتینی کۆبووەوە.
هاریس گوتی: "ئامانجمان بردنەوەیە و لەم هەڵبژاردنەدا پێکەوەین".
هاریس لەوێش هێرشی کردە سەر ترەمپ و گوتی، "لە سەردەمی ترەمپدا خەڵک پەنجەیان دژی یەکدی درێژ دەکرد و هەستیان بە بچووکی دەکرد".
رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و رکابەرییەکی گەرم لە نێوان هاریس و دۆناڵد ترەمپدا هەیە.
بەپێی نوێترین راپرسییەکان، ترەمپ 0.1 خاڵ لە پێش هاریسەوەیە، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت 48.5٪ـی دەنگەکان دەهێنێت و هاریسیش 48.4٪.
کامالا هاریس بەدیاریکراوی گوتی: "نۆ رۆژ ماوە، ئاشکرایە ئامانجەکە بردنەوەیە؛ بەڵام ئامانجی من و هەموومان لەم پرۆسەیە بریتییە لە دروستکردنی کۆمەڵگە، دروستکردنی هاوپەیمانی، بیرخستنەوەی خەڵک کە ئێمە لەمە [لەم هەڵبژاردنە] پێکەوەین. پێم وابێت لەم چەند ساڵەی رابردوودا زۆر شت روویاندا، سەردەمی ترەمپ کە وای لە خەڵک دەکرد پەنجەی تاوان بۆ یەکدی درێژبکەن، دابەش بن و هەست بە بچووکی بکەن. ئێمە دەزانین پێوەرەکانی بەهێزیی سەرکردەکان بریتییە لەوەی تۆ پشتگیری کێ دەکەیت، بۆیە بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەین. رێگەی سەرکەوتن بەنێو فیلادیلفیا، پێنسلڤانیادا تێدەپەڕێت".