سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا گرێبەستێکی بۆ کارکردن لە دەزگایەکی راگەیاندن واژۆ کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا رێککەوتنێکی بۆ کارکردن لە کەناڵی (جی بی نیوز) واژۆ کرد و وەکو پرۆدیوسەر و پێشکێشکاری بەرنامە و شرۆڤەکار لەو کەناڵە کار دەکات.
رۆژی شەممە 28-10-2023، جی بی نیوزی بەریتانی رایگەیاند، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بەشدار دەبێت لە رووماڵکردنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی ئەمریکا و وڵاتەکەی و پێشکێشکاری زنجیرەیەک دەبێت لەبارەی "پیشاندانی هێزی بەریتانیا لە سەرانسەری جیهان." هاوکات، لە بڵاوکراوەکەی جی بی نیوزدا هاتووە، "جۆنسن روانگە روونەکانی خۆی لەبارەی چەند بابەتێکی جیاواز بڵاودەکاتەوە."
لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، جۆنسن رایگەیاند، "خۆشحاڵم بڵێم کە بەمنزیکانە دەچمە جی بی نیوز." هاوکات دەشڵێت، "روانگە روونەکانم لەبارەی هەموو شتێکەوە، لەوانەش رووسیا، چین، شەڕی ئۆکراینا و چۆنێتی رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو ئاڵنگارییانە رادەگەیێنم."
کارکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە میدیا لە کاتێکدایە، پێشتریش هەریەک لە جاکۆب ریس مۆگ، وەزیری پێشووی بازرگانیی بەریتانیا و لی ئەندرسن، جێگری سەرۆکی پارتی پارێزگاران دوای دەستهەڵگرتنیان لە کاری سیاسی، لە میدیا دەستبەکار ببوون.
پێش کارکردنی لە کەناڵی جی بی نیوز، جۆنسن رێککەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی کردبوو وەکو گۆشەنووس.
ساڵی 2019 بۆریس جۆنسن بووە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و دوای ئەوەی رووبەڕووی بەگژداچوونەوەیەکی زۆر بووەوە لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی لەبارەی کارەکانی حکومەتەکەی، لە مانگی تەممووزی پار دەستی لەکار کێشایەوە.
جی بی نیوز کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی و رادیۆیی بەریتانییە کە مانگی ئەیلوولی 2020 دامەزراوە، مانگی حوزەیرانی ساڵی 2021یش دەستی بە پەخش کرد. بارەگای کەناڵەکەش لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە.