ئەم ساڵ 23 هەزار کۆچبەر چوونەتە دوورگەی کەناریی ئیسپانیا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا دەڵێت، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، نزیکەی 23 هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلەم و بە نایاسایی چوونەتە دوورگەی کەناری، لەکاتێکدا پار لەهەمان ماوەدا، 13 هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندبووە ئەو دوورگەیەی ئیسپانیا.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، کۆمەڵێک کۆچبەری ماندووی وڵاتانی ئەفریقین، گەیشتوونەتە دوورگەی کەناری لە باشووری ئیسپانیا.
ئێستا ئەو دوورگەیە بووەتە وێستگەیەکی نوێی چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
محەممەد کۆچبەرێکی ئەفریقییە و دەڵێت، "رێگەیەکی دوورە و توانیمان بەرگەی بگرین. دەمانزانی مەترسیدار بوو، بەڵام هەمووی لەپێناو ئەوەیە ژیانێکی باشترمان هەبێت و ژیانمان بگۆڕین."
مولەر ئیمانوێل، کۆچبەرێکی دیکەی ئەفریقییە و دەڵێت، "لەو دەریا گەورەیەدا، زۆر ئاسان نییە و تەنیا خودات هەیە. چونکە کاتێک لە بەلەمەکەدا بووین و بەرەو دوورگەکە دەهاتین، بەلەمەکەمان تێکشکا و ئاو هاتە نێو بەلەمەکەمانەوە."
یەکەم خاڵی سنووری دوورگەی کەناری ئیسپانیا لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا تەنیا 95 کیلۆمەتر دوورە.
فێرناندۆ گراندی مارلاسکا، وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا دەڵێت، "بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی کۆچبەران هەیە، کە ئەو بەرزبوونەوەیە بەهۆی دۆخی ئەو ناوچەیە دروستبووە، وەکو دەزانین رەوشی ساحیل ناسەقامگیرە".
دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا رایانگەیاندووە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بۆ سووککردنی ئەو گوشارەی لەسەر ئەو دوورگەیەیە، 5 هەزار کۆچبەریان رەوانەی شارە جیاجیاکانی ئیسپانیا کردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە ئەم ساڵ زیاتر لە 236 هەزار کۆچبەر روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە کە 213 هەزاریان لە رێگەی دەریا بووە و هەریەک لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا پشکی شێریان بەرکەوتووە.