چەقۆکێشێک لە میلان کەسێک دەکوژێت و یاریزانێکی خولی ئیتاڵیا بریندار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی چەقۆ وەشاندندا لە شاری میلانی ئیتاڵیا لانیکەم کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، کە یەکێکیان پابلۆ ماری، یاریزانی ئیسپانییە کە یاری بۆ یانەی مۆنزای ئیتاڵیا دەکات. 
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2022 میدیای فەرمیی ئیتاڵیا رایگەیاند، کەسێکی تەمەن 46 ساڵی ئیتاڵی کە وەکو خۆی دەڵێت، کێشەی دەروونی هەبووە، بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵە خەڵکێک و دواتر دەستگیرکراوە. میدیای وڵاتەکە لەسەر زاری پۆلیس بڵاوی کردەوە کە رووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆرەوە نییە. 
 
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن پیاوەکە لە سوپەرمارکێتێک چەقۆیەکی بەدەستەوە گرتووە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی هێرشی کردووە، جگە لەو کەسەی کوژراوە، پەلاماری چوار کەسی دیکەی داوە و برینداری کردوون. 
 
ئاتیلیۆ فۆنتانا، سەرۆکی هەرێمی لۆمباردیی ئیتاڵیا کە میلان بەشێکە لێی، گوتی: "بەداخەوە کارمەندێکی گەنجی سوپەرمارکێتەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە". گوتیشی، کە بریندارەکانی دیکە مەترسیی لەسەر ژیانیان نییە. 
 
فۆنتانا سوپاسی ئەو خەڵکەشی کرد کە بەگوتەی خۆی رێگرییان لە هێرشکەرەکە کردووە و چەقۆوەشێنەکەی بە "شێت" ناوبرد. 
 
لەنێو برینداران، پابلۆ ماری، یاریزانی ئیسپانی هەبوو کە یاری بۆ یانەی مۆنزای ئیتاڵیا دەکات کە یەکێکە لەو تیمانەی لە پلەی نایابدا یاری دەکات. 
 
لای خۆشیەوە، ئادریانۆ گالیانی، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی مۆنزا لە تویتێکدا گوتی: "پابلۆی ئازیز، ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ تۆ و خێزانەکەتین، هیوای چاکبوونەوەت بۆ دەخوازین، بەردەوام بە لە جەنگان. تۆ جەنگاوەریت و زوو چاکدەبیتەوە".