فەیسبووک ناوی خۆی بۆ مێتا دەگۆڕێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای فەیسبووک ناوەکەی خۆی بۆ "مێتا" گۆڕی، بەڵام ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی کە بەو ناوەوە هەیە وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 28-10-2021 مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان چیدی ناوی "فەیسبووک" نییە، بەڵکو ناوەکەی بۆ "مێتا" گۆڕدراوە.
 
"مێتا" وشەیەکە لە "چیرۆکە خەیاڵییەکان" وەرگیراوە، بەڵام ماوەیەکە بۆ ئاماژەکردن بۆ خزمەتگوزارییە تەکنەلۆژییەکان بەکاردەهێندرێت، بەتایبەتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا.
 
بڕیارەکەی زوکەربێرگ و هاوکارەکانی لەکاتێکدایە، چەند هەفتەیەکە گوشارێکی زۆر لەسەر کۆمپانیاکە دروستبووە، ئەوەش بەهۆی دزەپێکردنی هەزاران دۆکیۆمێنت کە ئاماژە بەوە دەکەن، فەیسبووک ئاگاداری زۆر لەو شتانە بووە کە لە وڵاتانی جیاوازی جیهاندا دابەشبوونی کۆمەڵایەتییان زیاتر کردووە و تەنانەت کاریشی نەکرد بۆ رێگەگرتن لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە یارمەتیدەر بوون لە رۆژی 6ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا هێرش بکرێتە سەر کۆنگرێس.
 
بڵاوبوونەوەی دۆکیومێنتەکان بووە هۆی تووڕەبوونی حکومەتی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان. پەرلەمانتارانی چەندین وڵات رایانگەیاندووە، یاسای نوێ دەردەکەن بۆئەوەی کاری کۆمپانیاکە لە وڵاتەکەیاندا رێکبخەنەوە.
 
فەیسبووک 17 ساڵ پێش ئێستا وەکو تۆڕێکی کۆمەڵایەتی لە بەشە ناوخۆییەکی کۆلێژێکی ئەمریکا دەستیپێکرد و خاوەنی ئینستاگرام و وەتسئەپیشە.
 
رووداو لە بەکارهێنەرانی پرسیوە، "ناوەکەیان پێ چۆنە؟" بەکارهێنەرانیش وەڵامی جۆراوجۆریان داوەتەوە.