لە فیلیپین کەڵەشێرێک ئەفسەرێکی پۆلیس دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ
 
 
لە شەڕی کەڵەشێرەکان ئەمجارە مرۆڤ دەبێتە قوربانی. کەڵەشێرێک لە وڵاتی فیلیپین هێرشیکردووەتە سەر ئەفسەرێکی پۆلیس و کوشتوویەتی. بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکەش دەڵێت، یەکەمجارە ببیستم کەڵەشێر پیاوێک بکوژێت. 
 
لە ناوچەیەکی باکووری سامار لە فیلیپین، کۆمەڵیک کەس کۆدەبنەوە بۆ شەڕکردن بە کەڵەشێرەکانیان. بەهۆی ئەوەی کارەکەیان نایاسایی بووە، پۆلیس دەچێتە شوێنەکە بۆ ئەوەی رێگرییان لێبکات، بەڵام کەڵەشێرێکی راهێنراو کە چەقۆیەکی بچووک بۆ شەڕکردن لە پێیەکانی بەستراوە هێرش دەکاتە سەر یەکێک لە پۆلیسەکان بەناوی کریستین بۆلۆک و بەسەختی برینداری دەکات، دواتر پۆلیسەکە گیانلەدەستدەدات.
 

بەگوتەی بەرپرسانی ئەمنی فیلیپین، چەقۆکە بەر رانی پۆلیسەکە کەوتووە و دەماری خوێنی بڕیوە. دوای ئەوەی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە لەوێ گیانلەدەستدەدات.
 
لە فیلیپین ئەو جۆرە یارییانە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەکراون. پێش کۆرۆنا تەنها رۆژانی یەکشەممە و رۆژانی پشووە فەرمییەکان یان لە فێستیڤاڵە ناوخۆییەکان و لەو شوێنانەی تایبەتن بەو یاریانە، رێگەی پێدەدرا.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو ناوچەیە سەرسووڕمانی خۆی لە رووداوەکە دەردەبڕێت و رایگەیاندووە "یەکەمجار کە هەواڵەکەیان پێدام باوەڕم نەکرد، 25 ساڵە پۆلیسم ئەوە یەکەمجارە بەهۆی هێرشی کەڵەشێری شەڕکەر پۆلیسێک لەدەستبدەم ." 
 
لەو ‌ئۆپەراسیۆنەی کە بۆ سەر شوێنی شەڕکردنی کەڵەشێرەکان ئەنجامدرابوو، 7 کەڵەشێری شەڕکەر و سێ کەس دەستگیرکراون سێ کەسیش هەڵاتوون.
 
شەڕە کەڵەشێر یارییەکی بەناوبانگە لە فیلیپین و خەڵكێکی زۆر بۆ سەیرکردنی ئەو یارییە کۆدەبنەوە و گرەو لەسەر ئەنجامی شەڕەکە دەکەن.