سیاسەتی بایدن و ترەمپ لە كۆنفرانسێكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو دا

29-10-2020
دیار کوردە @diyarkurda
 تویت، پۆست و لێدوانەكانی ترەمپ و بایدن، هەردوو بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، جێگەی بایەخی هەموو جیهانن.
تویت، پۆست و لێدوانەكانی ترەمپ و بایدن، هەردوو بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، جێگەی بایەخی هەموو جیهانن.
نیشانەکردن ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو ترەمپ بایدن ئەمریکا مەنهەل حەبوبی
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

لە یەكەمین سێشەممەی نۆڤێمبەری 2020 ، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت، لەو هەڵبژارنەدا جۆ بایدن، جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا، بەربژێری دیموكراتەكانە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بەربژێری كۆمارییەكانە. 
 
هەڵبژاردنەكە بۆ سەرۆكی ئەمریكایە، بەڵام هەموو جیهان بە بایەخەوە چاودێری دەكات و چاویان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 3ی نۆڤێمبەری 2020ە. وڵاتان دەیانەوێت بزانن سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە مانگەكانی داهاتوودا چ گۆڕانێكی بەرسەردادێت. 
 
تویت، پۆست و لێدوانەكانی هەردوو بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، جێگەی بایەخی هەموو جیهانن، وڵاتان و میدیاكانی جیهان سەرنجی هەر نووسین و گوتارێكیان دەدەن، بەشێك لە وڵاتانیش هیوای زۆریان بە دەرچوونی یەكێك لە بەربژێرەكان هەڵچنیووە، بۆچوونیان وایە بە دەرچوونی بەربژێری دڵخوازیان كێشەكانیان چارەسەر دەبن و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا باشتر دەبن. 
 
ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو سەبارەت (كاریگەری هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەبارەت بە عێراق و كوردستان)، لە رۆژی 22ی ئوكتۆبەری 2020 ، پانێڵێكی ئۆنلاینی رێكخست و لە پانێڵەكەدا هەریەكە لە رەند رەحیم، یەكەمین باڵیۆزی عێراق لە ئەمریكا لە دوای ساڵی 2003، دۆگلاس سلێمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق و ئاندرۆ پارسیلیتی، سەرۆكی رۆژنامەی ئەلیكترۆنی ئەلمۆنیتەر كە بنكەی سەرەكی لە واشنتن دی سییە، سازكرد. فۆكووسی سەرەكی ئەو پانێڵە لەسەر سیاسەتی هەردوو بەربژێرەكانی كۆماری و دیموكراتەكان بوو بۆ عێراق و كوردستان و ناوچەكە. 
 
رەند رەحیم: كۆشكی سپی بەتەنیا تاكە لایەن نییە سیاسەتی دەرەوە دیاری بكات
 
لە 3ی نۆڤێمبەری 2020، خەڵكی ئەمریكا بەتەنیا دەنگ بۆ سەرۆكی وڵاتەكەیان نادەن، بەڵكو بەدەر لە دیاریكردنی سەرۆك، هاوكات بڕیار لەسەر ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و یەك لەسەر سێی ئەنجوومەنی پیرانیش دەدەن كە بە هەردوو ئەنجوومەنەكە كۆنگرێسی ئەمریكا پێكدەهێنن. دەنگدانەكە چارەنووسسازە، چونكە بردنەوەی هەر یەكێك لە پارتی دیموكراتەكان یان كۆمارییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی كۆنگرێس، كاریگەری گەورەیان لەسەر دیاریكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەبێت، تاوەكو ئەگەر سەرۆكیش لە پارتەكەی خۆیان نەبێت، ئەو دوو ئەنجوومەنە دەتوانن بەربەستی زۆر بۆ بڕیارەكانی كۆشكی سپی دروستبكەن و رێگری لە زۆر هەنگاوی بكەن. 
 
رەند رەحیم، سەبارەت دەسەڵاتەكانی كۆشكی سپی بۆ دیاریكردنی سیاسەتی دەرەوە دەڵێت: ''سەرۆك و كۆشكی سپی گەورەترین دەسەڵاتیان هەیە لە دیاریكردنی سیاسەتی دەرەوە، بەڵام كۆشكی سپی بەتەنیا تاكە لایەن نییە سیاسەتی دەرەوە دیاری بكات، بەڵكو كۆنگرێس و لایەنی دیكەش هەن كە كاریگەریان لەسەر دیاریكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا هەیە.'' 
 
باڵیۆزی پێشووتری عێراق لە ئەمریكا دەشڵێت: ''تائێستا روون نییە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا كام لایەن لە كۆنگرێس بەهێز دەبێ و زۆرینە دەبێت، روون نییە ئەنجوومەنی پیران كۆماری دەبن یان دیموكرات، چونكە ئەنجامی دەنگدان بۆ كۆنگرێسیش كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەبێت". رەند بۆچوونی وایە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەگشتی لەلایەن كۆشكی سپییەوە ئاراستە دەكرێت، بەڵام لە كاتە ئاساییەكاندا، لایەنەكانی دیكەش كاریگەریان دەبێت و قسەیان دەبێت. بۆیەش گۆڕانكارییەكان و گەڕانەوە بۆ دواوە یان هەڵگەڕاندنەوەی بڕیارەكانی ئەمریكا لەبارەی وڵاتان بە گۆڕانی ئیدارە یەك لە دوا یەكەكانی ئەمریكا كارێكی ئاسان نییە بۆ سەرۆكی نوێ. رەند دەڵێت: ''هەندێك پرس و بڕیار هەن لە دوای هەڵبژاردنەكانیش بەردەوام دەبن و وەك خۆیان دەمێننەوە، ئەمەش سیاسەتی گشتی دەرەوەی ئەمریكایە.''
 
هەروەها، دۆگلاس سولێمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق سەبارەت گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لەم هەڵبژاردنەدا دەڵێت: "بەتێپەڕبوونی كات رەنگە گۆڕان بەسەر سیاسەتەكانی ئەمریكادا بێت، بەڵام فۆكووسی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بۆ ساڵی 2020 زیاتر لەسەر پرسە نێوخۆییەكانە وەك پرسی كۆرۆنا و ئابووری، لەم هەڵبژاردنەدا سیاسەتی دەرەوە لە پلەی دووەم یان سێیەم دایە."
 
بەبۆچوونی باڵیۆز سولێمان، تاكە جیاوازی نێوان بایدن و ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوە، لەڕووە فەلسەفییەكەوەیە. لە سیاسەتی ترەمپدا ئەمریكا یەكەمە و لە پێش هەموو شتێكەوەیە، بەڵام سیاسەتی بایدن زیاتر بایەخدانە بە بەهاكانی ئەمریكا " واتە ئەو نەریتەی هەمیشە ئێمەی ئەمریكییەكان باسی دەكەین وەك، مافەكانی مرۆڤ و كۆتایی هێنان بە شەڕ. ئەمە تاكە جیاوازی فەلسەفی نێوان ترەمپ و بایدنە".
 

ئاندرۆ پارسیلێتی: دیموكراتەكان و كۆمارییەكان كۆكن لەسەر هاوپەیمانی دژی داعش 
 
یەكێك لەو سیاسەتانەی هەردوو ئیدارەی باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ، واتە كۆماری و دیموكراتەكان لەسەری كۆك بوونە، رووبەڕووبوونەوەی داعش و هاوكاریكردنی ئەو وڵاتانە بووە كە لە شەڕی تیرۆر و تێكشكاندنی داعش بەشداربوونە. 
ئیدارەكانی باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ بەردەوام پشتیوانیان لەو هێز و وڵاتانە كردووە كە لە دژی داعش شەڕیانكردووە، بەردەوامیش جەختیان لەسەر تێكشكاندنی داعش و گرووپەكانی سەر بە داعش كردووەتەوەو ئەو گرووپانەیان وەك هەڕەشەیەك بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ناوچەكە پێناسە كردووە. 
 
هاوڕایی كۆماری و دیموكراتەكان لەسەر ئەم سیاسەتە بەجۆرێك بووە، یەكێك لەو بەرپرسە دیارانەی ئەمریكا كە لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە دیاریكرابوو و ترەمپ گۆڕانكاری تێدا نەكرد، نوێنەری ئەمریكابوو لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش. برێت مەكگۆرك كە لەلایەن باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ئەو پۆستەی پێدرا، لەدوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپیش لە پۆستەكەیدا مایەوە، بەڵام دواتر بەهۆی بڕیاری ترەمپ بۆ كشانەوەی هێزەكانیان لە سووریا، مەكگۆرك خۆی دەستی لەكاركێشایەوەو دواتریش ترەمپ لە تویتێكدا نووسی ''برێت مەكگۆرك ناناسم.''
 
ئاندرۆ پارسیلێتی، شارەزاییەكی زۆری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا هەیە و هەروەها سەرۆكی رۆژنامەی ئەلیكترۆنی ئەلمۆنیتەرە كە بنكەی سەرەكی رۆژنامەكە لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریكایە. لەم بارەوە دەڵێت: ''دروستكردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، یەكێكە لە هەنگاوە دیپلۆماسییە سەركەوتووەكانی ئەمریكا كە هەردوو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و باراك ئۆباما پشتیوانیان لێكردووە، واتە دیموكراتەكان و كۆمارییەكان لەسەر جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتە كۆكبوونە.''
 
دۆگلاس سولێمان: لێكچوونێكی زۆر هەیە لەنێوان سیاسەتی بایدن و ترەمپ سەبارەت عێراق
 
دۆگلاس سولێمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق، لەگەڵ هەردوو ئیدارەی كۆماری و دیموكراتەكان كاری كردووە، لە دەستپێكی پانێڵەكەدا گوتی: ''من ئەو قسانەی دەیانكەم وەك باڵیۆزی ئەمریكا نایانكەم، بەڵكو ئەوانە بۆچوونی خۆمن و ئەو شتانەی ئێستا دەیانڵێم، رەنگە لەگەڵ ئەو شتانەی پێشتر گوتوومن، جیاوازبن.''
 
باڵیۆز سولێمان دەڵێت:'' پێشتر قسەم لەگەڵ ترەمپ و بایدن كردووە، لێكچوونێكی زۆر هەیە لەنێوان سیاسەتی ئیدارەی بایدن و ئیدارەی دووەمی ترەمپ سەبارەت بە عێراق. هەردووكیان زۆر بە نیگەرانییەوە لە هێرشەكانی سەر بنكە و ناوەندەكانی ئەمریكا لە عێراق لە نێویاندا، باڵیۆزخانەی ئەمریكا، ناوەندەكانی دیكەی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەڕوانن. بۆیە ئەمە فۆكەسی سەرەكی هەردووكیان دەبێت تاوەكو ئەوكاتەی ئەو هەڕەشانە بەردەوامبن."
 
دەشڵێت: ''رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەشێكی سەرەكی دەبێت لە سیاسەتی هەردوو ئیدارەكە بۆ عێراق، ئەوان بە نیگەرانییەوە لە هەبوونی داعش لە ناوچەكەدا دەڕوانن و دەیانەوێت داعش بەیەكجاری لەنێو ببردرێت''. باڵیۆز سولێمان ئاماژە بەوەشدەدات كە هەردوو ئیدارەكە بە نیگەرانییەوە لە دەستوەردانەكانی ئێران لە ناوچەكە و دەستوەردانی ئێران لە عێراق لە رێگەی میلیشیا شیعییەكانەوە دەڕوانن، ئەو گرووپانەی لەنێو حەشدی شەعبین، ئەوانەش كە لە دەرەوەی حەشدی شەعبین. هاوكات، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە هەردوو بەربژێرەكە نیگەرانیان دەبێت سەبارەت مووشەكە بالستی و كروزەكانی ئێران، درۆنزەكانی ئێران و هەروەها توانای دەستگەیشتنی تاران بە چەكی ئەتۆمی.
 
بە تێڕوانینی باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق، ئیدارەی بایدن و ئیدارەی دووەمی ترەمپیش دەیانەوێت عێراق سەربەخۆبێت و هاوبەشبێت لەگەڵ ئەمریكا كە ئەمە سیاسەتی ئەمریكابووە لە دوای ساڵی 2003ەوە تائێستا. 
 
باڵیۆز سولێمان سەبارەت سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بۆ عێراق دەڵێت: ''لە دوای كشانەوەی ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمی، سیاسەتی ئەمریكا بۆ ئێران كاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمریكا بۆ عێراق هەبووەو ئەو كاریگەریەش رووی لە زیابوونە''، باڵیۆز سولێمان بۆچوونی وایە سیاسەتی عێراق بەتەواوی لەلایەن سیاسەتی ئێرانەوە كۆنترۆڵكراوە. دەشڵێت: "لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆك ترەمپ گوشار لە كازمی یان لە حكومەتی داهاتووی عێراق دەكات، تاوەكو بە خێرایی لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لە ئێران دووربكەونەوە، هەروەها هەنگاوی كۆنكرێتی زیاتر بنێن بۆ جڵەوكردنی ئەو میلیشیانەی كە هەڕەشە لە سەروەری عێراق دەكەن و هەوڵدەدەن هێرشبكەنە سەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق''.
 
بۆچوونی باڵیۆز سولێمان ئەوەیە، ترەمپ جۆرێك لە هەستێكی شەخسی بەرامبەر بە عێراق هەیە و دەڵێت: ترەمپ بۆچوونی وایە بۆ رزگاكردنی عێراق لە دەسەڵاتی سەدام حوسێن، چەند هەزار ئەمریكییەك ژیانی خۆیان لەدەستدا، زیاتر لە دە هەزار سەرباز برینداربوون و ئەمریكا بە سەدان ملیار دۆلاری خەرجكردووە بۆ بنیادنانەوەی عێراق ئەمەش لەسەر حیسابی پارەی باجدەرانی ئەمریكا، بەڵام تائێستا عێراق هیچ قازانجێكی بەرچاوی بە ئەمریكا و باجدەرانی ئەمریكا نەگەیاندووە، بۆیە ترەمپ دەیەوێت لەبەرامبەر ئەو كارانەی بۆ عێراقیان كردووە دەستكەوتیان هەبێت.''
 
رەند رەحیمیش كە ماوەیەك نوێنەرایەتی حكومەتی نوێی عێراقی لە واشنتن دی سی كردووەو ئاگاداری زۆر شت بووە سەبارەت بە تێڕوانینی ئەمریكا بۆ بەغدا، سەبارەت سیاسەتی ئەمریكا بۆ عێراق دەڵێت:''عێراق لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا پرسێكی هێندە گرنگ نییە، بەڵام سەبارەت بە دەرچوونی ترەمپ یان بادین، ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، لە ئیدارەی بایدن پێداچوونەوەیەك بە سیاسەتەكان دا دەكرێت، چونكە بە پێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ بایدن كەسێكە كە راوێژ دەكات، پێشبینی دەكرێت و كەسێكی كەمتر هەڵەشەیە.''
 
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق
 
ئاندرۆ پارسیلێتی بۆچوونی وایە، سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، سەرنجی زیاتر لەسەر كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا بووە لە عێراق، وەك ئەوەی لە ئەفغانستان دەیكات، هەرچەندە ئیدارەی بایدنیش هەمان سیاسەتی دەبێت، بەڵام ئیدارەكەی بایدن بەر لەوەی بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بدات دەڵێت: "با پێداچوونەوە بەو بڕیار و سیاسەتانە بكەین و خوێندنەوەیان بۆ بكەینەوە". پارسیلێتی ئاماژە بەوە دەدات، ئەگەر بایدن دەربچێت گفتوگۆكان بۆ كشاندنەوەی هێزەكان لە عێراق هێواش دەبنەوە و ئەو خێراییەی ئیدارەی ترەمپی نابێت، چونكە بایدن زیاتر لە ترەمپ دەیەوێت لە كێشەكان قوڵترببێتەوەو سەیری هەموو رەهەندەكانیان بكات، ئەو كاتە بڕیار بدات. 
 
بەڵام رەند رەحم بۆچوونی وایە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەتەنیا سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ نەبووەو ئەو سیاسەتە لە ئیدارەی باراك ئۆباماوە چەكەرەی كردووە و دەڵێت: ''ئەمریكا لە ساڵی 2011ەوە دەستیكردووە بە كشاندنەوەی هێزەكانیان لە عێرق و لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیش ئەو سیاسەتە كاری لەسەر كراوە.''
 
بەگوتەی رەند ''لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دوو پرسی سەرەكی پەیوەست بە عێراقەوە هەن، یەكێكیان كشانەوەی هێزەكانە، بۆیە ئەگەر ترەمپ دەربچێتەوە دەیەوێت هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە". رەند بۆچوونی وایە ئەگەر بایدنیش ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، ئەویش هێزەكان لە عێراق دەكێشێتەوە، بەڵام خوێندنەوەی وردتری بۆ دەكرێت، هەمان ئەو سیاسەتە نابێ كە ترەمپ بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی لە عێراق جێبەجێیدەكات.
 
 پرسەكەی دیكەش لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا كە پەیوەستە بە عێراق، ئەوەیە كە هیچ كامێكیان چاوپۆشی لە هێرشەكان بۆسەر بارەگاكانی ئەمریكا و بەرژەوەندیاكانیان لە عێراق ناكەن، رەند دەڵێت: ''رەنگە كاردانەوەكانی ئیدارەی ترەمپ و بایدن بۆ ئەو هێرشانە جیاوازبن، ترەمپ تووندتر كاردانەوەی دەبێت، وەك كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە 3ی كانوونی دووەمی 2020، بەڵام لەسەر دەستی بایدن كاردانەوەكان بەم شێوەیە تووندنابن و شتی لەم جۆرە نابینین، بەڵام لە هەمانكاتدا بایدنیش قبوڵی ناكات هێرش بكرێتە سەر ناوەندەكانی ئەمریكا لە عێراق."
 
لەبارەی كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، باڵیۆز سولێمان دەڵێت: ''ئیدارەی ئۆباما دەستیان كرد بە چەمكی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئیدارەی ترەمپیش ئەو سیاسەتەی درێژەپێدا و خێراتری كرد. بۆیە هەردوو ئیدارەكەی ئۆباما و ترەمپ كاریان لەسەر ئەوە كرد كە ژمارەی هێزەكانیان لە ناوچەكە كەمبكەنەوە. بۆیە ئیدارەی بایدنیش لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام دەبێت'' تاكە جیاوازی ترەمپ و بایدنیش لەو رووەوە ئەوەیە بایدن كەسێكە كە وردترە و راوێژ دەكات و قسەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام لە كۆتاییدا هەردووكیان ئامانجەكانیان بۆ كشاندنەوەی هێزەكانیان لە عێراق و ناوچەكە زۆر لەیەكەوە نزیكە". 
 
پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان پێویستییان بە چاودێری ئەمریكایە
 
باڵیۆز سولێمان ئاماژە بە قسەیەكی ژەنەڕاڵ كینس مەكێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا دەكات و دەڵێت: ''هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە نێویاندا پێشمەرگە تواناكانیان زیادبووە، زیادبوونی تواناكانیشیان بەشێوەیەكە كە بتوانن لە دژی داعش ئۆپەراسیۆن بكەن، بەتایبەتی لە باكووری بەغداو لە دەوروبەری كەركووك، بەڵام ئەوەی ئێستا ئەو هێزانە نیانە نەبوونی چاودێر و هاندانی هێزە عێراقییەكانە تاوەكو باشتر هاوئاهەنگی لەگەڵ یەك بكەن، تاوەكو پەیوەندی باشتر لەنێوان هێزەكان هەبێت. بۆیە ئێستا ئەوە كاری هاوپەیماننان و هێزەكانی ئەمریكایە بۆ چاودێریكردن و هەروەها هاندانی هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە تاوەكو هاوئاهەنگی باشتر لە نێوانیاندا هەبێت و باشتر كار لەگەڵ یەكتر بكەن و شەڕی كاریگەرتر لە دژی داعش بكەن، هەروەها بتوانن ئاسایشی باشتر بۆ عێراقییەكان دابین بكەن". باڵیۆز سولێمان دەڵێت: "هەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەكان لە عێراق وایكردووە هاوئاهەنگی نێوان هێزە عێراقییەكان باشتربێت و حكومەتی عێراقیش دەیەوێت ئەو جۆرە چاودێرییە هەبێت.''
 

باڵێۆزی پێشووی ئەمریكا: ئەمریكا نایەوێت هێرشێكی وەك 2017 رووبداتەوە 
 
سەربارەت بە پاراستنی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەمریكاوە لە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق دۆگلاس سولێمان دەڵێت: "لە راستیدا من ناتوانم بە دیاریکراوی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، دەبێت ئەو دۆخە بزانین چۆنە کاتێک ئەو هێرشانە روودەدەن، ئاگادارم لەكاتی هێرشەكانی حەشدی شەعبی بۆسەر كەركووك لەساڵی 2017 پێموایە ئەو کاتەبوو، لە پشت رووداوەكانەوە گوشارێكی زۆر لەسەر ئەمریكا بوو بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە و پاشەكشپێكردنی هێزەكان بۆ دواوە، کە ئەمە تەنیا بەشێکی سەرکەوتووبوو. 
 
ئایا ئەمریکا هێز دەنێرێت بۆ پارێزگاریکردن لە کوردستانی عێراق، ئەوە بڕیارێكە بەتەنیا لەلایەن سەرۆكەوە دەدرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی سەرۆك بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەوكاتەدا، ئەوەی من پێموایە، چ سەرۆك ترەمپ چ سەرۆك بایدن هەوڵدەدەن پەیوەندی نزیك و تایبەت لە نێوان ئەمریکا و حکومەتی هەولێر و پێشمەرگە هەبێت، تاوەكو دڵنیابن لەوەی ئێمە هەرگیز ناچارنابین بڕیارێكی لەو جۆرە بدەین، دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی هاوئاهەنگی پێویست و پەیوەندی بەردەوام و نیازی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، تاوەکو ئەمریکا و رەنگە ئەوروپییەکان و هاوپەیمانەکانی دیکەش کە پێشتر لە عێراق بوونە، بتوانن قەیرانێکی لەو جۆرە بوەستێنن و رێگری لێبکەن کە پێویست بە دەستوەردان دەکات".
 
باڵیۆز سولێمان دەڵێت: ''ئەمریکا دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە بەهێزی دەمێنەنەوە، تاوەکو قەیرانێکی لەم جۆرە بەم ئاراستەیە روونەداتەوە".
 
ئەو گوتانەی باڵیۆز سولێمان لەكاتێكدان، سەرۆك بارزانی لە تازەترین پەرتووكیدا (بۆ مێژوو) لەبارەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا دەڵێت: ''دۆگلاس سولێمانی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق (لەبارەی گشتپرسی سەربەخۆیی باشووری كوردستان) رۆڵی خراپی گێڕا. هەم لە هاندانی نەیارانی كوردستان و هەمیش لە پێدانی راپۆرت و زانیاری هەڵە لە بارەی كوردستان بۆ واشینگتۆن". لە بەشێكی دیكەدا بارزانی نووسیوویەتی ''ئێمە هەرگیز پێشبینی ئەوەمان نەدەكرد بە چاودێری ئەمریكا و بە چەكی ئەمریكا، پەلاماری پێشمەرگە بدرێت.''
 
داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا ئاسان نییە
 
لە دوای زیادبوونی هێرشەكان بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ئەمریكا و خودی مایك پەمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەیان لە بەغدا و حكومەتەكەی كازمی كرد، ئەگەر هێرشەكان بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا نەوەستێنن، ئەوكاتە ئەمریكا ناچار دەبێت باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دابخات. بە بۆچوونی باڵیۆز سولێمان، داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا و كشانەوەی هێزەكان لە عێراق، هاوكێشەیەكی ئاسان نییە و چەندین رەهەندی جیاوازی هەیە. 
 
باڵیۆز سولێمان ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمریكا كار بۆ دوو ئامانج لە عێراق دەكات، یەكەمیان پاراستنی هێزەكان و بەرژەوەندییەكانییەتی لە عێراق و دووەمیشان هاوكاریكردنی عێراق بۆ پاراستنی سەروەرییەكەی و هەبوونی حكومەتێكی سەربەخۆ و سەركەوتووە. باڵیۆز سولێمان دەڵێت: ''سیاسەتی هەردوو بەربژێرەكە بۆ 2021 ئەوەیە: هەردووكیان پشتیوانی لە كازمی دەكەن و دەیانەوێت عێراق هەندێك هەنگاوی كردەیی بنێت و هاوكاری عێراق دەبن بۆ پاراستنی سەروەریەكەی، پێشكێشكردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی عێراق و نەهێشتنی گەندەڵی، بۆ پێشكێشكردنی ئەو هاوكارییەش بۆ حكومەتی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە، دەبێت باڵیۆزخانە لە بەغدا هەبێت، بەڵام ئەگەر ئەمریكا بیەوێت بەتەواوی رێگری لە هێرشەكان و زیانەكان بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا و باڵیۆزخانەكەیان لە بەغدا بكەن، دەبێت باڵیۆزخانەكەیان دابخەن و هێزەكانیان بەتەواوی بكشێننەوە". باڵیۆز سولێمان دەشڵێت: ''راستییەكە ئەوەیە سیاسەتی ئەمریكا لەنێوان ئەو دوو ئامانجەدایە، ئێمە هێشتا دەمانەوێت عێراق سەركەوتووبێ لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی، دەمانەوێت عێراق ببێتە وڵاتێكی بەهێزتر، لە هەمانكاتدا دەمانەوێت هیچ زیانێك بۆسەر ئەمریكییەكان نە مەدەنییەكان نە سەربازییەكان لە عێراق هەبێت". باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق، لەوباوەڕەدایە كاری ئەمریكا ئەوەیە هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوو ئامانجە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا رابگرن، بەدەر لەو دوو ئامانجەش ئەمریكا ئامانجی دیكەی لە عێراق هەیە، بەڵام ئەو ئامانجە كشانەوەی یەكجارەكی هێزەكانیان نابێت، بەڵكو كەمكردنەوەی سەربازەكان دەبێت لە عێراق. 
 
گفتوگۆی ستراتیژی
 
ئەمریكا و عێراق لە ساڵی 2008 لەسەردەمی ئیدارەی باراك ئۆباما، رێككەوتنێكی ستراتیژیان واژۆكرد، بەڵام لە ساڵی 2020 ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێداچوونەوەی بەو رێككەوتنە كرد و لە دوو گەڕی گفتوگۆیدا بە وردی بە رێككەوتنەكەدا چوونەوەو چەند گۆڕانكاریان لەو رێككەوتنەدا كردووە، رەند رەحیم، باڵیۆزی پێشووتری عێراق لەو بارەوە دەڵێت: "لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا پێداچوونەوە بە رێككەوتنی ستراتیژی دا كراوە، گفتوگۆی ستراتیژی دەستیان پێكردووە، لەو گفتوگۆیانەدا ترەمپ سیاسەتی ئەوەیە چیم بۆ دەكەیت و تاوەكو لەسەر ئەم بنچینەییە منیش شتت بۆ بكەم". 
 
بە تێڕوانینی رەند رەحیم ئەگەر ئەو گفتوگۆیانە لەسەردەمی ئیدارەی بایدن بكرێن، جیاوازتر دەبن لەو گفتوگۆیانەی لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ كراون و دەڵێت: "بایدن زیاتر بەشێوەیەكی ستراتیژی بیردەكاتەوە، بۆ چەندین ساڵ سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بووە لە ئەنجوومەنی پیران، بۆیە زیاتر ستراتیژیانە بیردەكاتەوە، پێموایە كاتێك ئەو گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دەكات زیاتر بنیادنەرانە دەبێت لەوەی ترەمپ''. رەند دەشڵێت: ''بایدن كار لەسەر ئەوە دەكات پێشتر لە گفتوگۆكانی ستراتیژی چی بنیادنراوە و بەشێوەیەكی زۆر بنیادنەرانە لەسەری بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەك كە بە سوودتربێت بۆ ئەمریكا و بۆ عێراقیش، بەڵام ترەمپ زۆر حەز لە ئەنجامی دەستبەجێی و خێرای دەكات، بەڵام بە پێچەوانەی ترەمپ، بایدن دەیەوێت هەنگاو بە هەنگاو بچێتە پێشەوە و چاوەڕێی ئەنجامەكان دەكات."
 
دۆگلاس سولێمان: بایدن لەگەڵ فیدرالییەكی بەهێزە نەك دابەشكردنی عێراق 
 
جۆ بایدن لە ساڵی 2002 كاتێك ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكابووە دەنگی بە بەكارهێنانی هێز لەلایەن ئەمریكا بۆ رووخاندنی رژێمی سەدام لەعێراق عێراق داوە، هەروەها لە ساڵی 2005 پێشنیازی ئەوەی كردووە عێراق دابەشببێت بۆ سێ هەرێم، لە باكوور هەرێمی كوردستان، بەشەكانی دیكەی عێراقیش لەنێوان سونە و شیعە دابەشبكرێن.
 
باڵیۆز سولێمان لەبارەی ئەو بۆچوونەی بایدن دەڵێت: ''لە راستیدا، جۆ بایدن پشتیوانی لە دابەشبوونی عێراق ناكات بۆ سێ وڵاتی جیاواز، پێموایە ئەوە بیرۆكەی ساڵی 2005ە، بەر لەوەی جۆ بایدن ببێتە جێگری سەرۆكی ئەمریكا، لە وتارێكدا بە هاوبەشی لەگەڵ كەسێكی دیكە ئەوەی نووسیبوو، مەبەستی ئەو بابەتەی بایدن ئەوەیە، لەکاتێکدایە عێراق لەڕووی ئابووری، نەتەوەیی و ئایینییەوە وڵاتێكی فرەرەنگە، هەبوونی سیستمێکی فیدراڵی کە تێیدا بەغدا كە كۆنترۆڵی هەندێ پرسی نیشتمانی بكات و هەرێمە ئۆتۆنۆمەكان وەك هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكە كۆنترۆڵی زیاتری ناوچەکەی خۆیان لەدەستدابێت و داهاتی خۆیان كۆبكەنەوە وەك ئەوەی ئێمە لە ئەمریكا هەمانە، رەنگە رێگەیەكی كاریگەر بێت بۆ بەڕێوەبردنی عێراق. هەروەها بایدن كاتێكیش لە ئیدارەی ئۆباما بووە، پپشتیوانی لە هەبوونی سیستمی فیدراڵی بەهێزتر بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی زیاتر بۆ هەرێمەكان و پارێزگاكانی عێراقی کردووە، بەڵام نایەوێت وڵاتەکە دابەش ببێت".
 
سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر كورد و كوردستان
 
باڵیۆز سولێمان بۆچوونی وایە، توركیا كاریگەرییەكی زۆری لەسەر سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر پرسی كورد لە سووریا دەبێت و هەمان ئەو سیاسەتە بەردەوامدەبێ كە ئێستا هەیانە، بەڵام ئیدارەی بایدن سیاسەتیان بۆ رۆژئاوای كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی كۆشكی سپی دەبێت بۆ سووریا، واتە هاوشێوەی ئەو سیاسەتەی ئەمریكا بۆ توركیا، عێراق، و ئێران و ئەو وڵاتانەی دیكە هەیەتی كە كوردی لێدەژین. 
 
بەگوتەی باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا عێراق، جۆ بایدن پشتیوانی لە بەهێزبوون و سەربەخۆبوونی هەرێم و پارێزگاكانی عێراق دەكات، بەڵام لە چوارچێوەی یەك دەوڵەتدا، باڵیۆز سولێمان دەڵێت: ''هەر كامێك لەو دوو بەربژێرە ببێتە سەرۆك، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر سیاسەتی پشتیوانیكردن لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عیراق دەبینین و گۆڕانێكی گەورە لەو رووەوە روونادات. چونكە سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو بنچینەیە دەبێ كە لە دوای رووخاندنی سەدام حوسێن، جۆرج بووش، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا دایناوە''. دەشڵێت: ''لە كۆنگرێسی ئەمریکا هەندێك پشتیوانی هەیە بۆ سەربەخۆیی كوردستانی عێراق، رەنگە هەندێک پشتیوانی یان پشتیوانی زیاتر لە نێو دیموكرات و كۆمارییەكانیش بۆ هەمان پرس هەبێت، بەڵام رای بەهێز و زۆرینە لە هەردوو پارتەكەدا ئەوەیە، هاوکاری پەرە بە هەرێمی كوردستان بدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا."
 
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا گوتیشی''بە تێپەڕبوونی کات، رەنگە ئەو ستاستە بگۆڕێت، بەڵام وەک رەند ئاماژەی پێدا، عێرق بە گشتتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە ساڵی یەکەمی ئیدارەی نوێدا، کەمتر جێگەی بایەخ بێت بۆ ئەمریکییەکان، چونکە ئێمە ئێستا لە هەڵبژاردنەکەدا فۆکووسمان لەسەر پرسە نێوخۆییەکانە، وەک ئابووریەکەمان و هەروەها شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا." 
 
باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق كە چەند جارێك سەردانی هەولێر و هەرێمی كوردستانی كرووە دەڵێت: ''سیاسەتی ئەمریكا بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستانی عێراق، رۆژئاوا و پەكەكە و كوردی توركیا، لەلایەن سەرۆكەوە دیار ناكرێت، بەڵكو ئەم پرسانە تەنیا لە قوڵایی سیاسەتی دەرەوە كاریان لەسەر دەكرێت لەنێو ئەو كەسانەی وەك من لەنێو وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری و تیك تانكەكان كاردەكەن، كار لەسەر ئەم پرسانە دەكرێت، بۆیە یەكلاییكردنەوەو كاركردن لەسەر ئەم پرسانە كاری سەرەكی سەرۆك ترەمپ یان جۆ بایدن نابێت."
 
ترەمپ دۆستایەتییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە
 
توركیا و ئەمریكا هاوپەیمانی ناتۆن، بەڵام زۆرجار ناجێگیری لە پەیوەندییەكانیان روویداوە، ئاندرۆ پارسیلیتی سەبارەت پەیوەندییەكانی ئەنقەرەو واشنتن دەڵێت: '' پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا بەگشتی پەیوەندی خراپن، بەتایبەتیش بەهۆی ناكۆكیان لەسەر پرسی كوردی سووریا و كڕینی 400S لەلایەن توركیا لە رووسیا و تاقیكردنەوەی ئەو سیستمە، بەڵام پەیوەندی نزیك لەنێوان ئەردۆغان و ترەمپ هەیە و هەر ئەمەش وایكردووە كە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا لەوەی ئێستا هەیە خراپتر نەبن". پارسیلێتی ئاماژە بەوەدەدات كە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا پەیوەندی ئاڵۆزن و خواستی هاوپەیمانیی توركیا و ئەمریكا دەكەوێتە سەر یەك بەیەكی پرسەكان، واتە لە هەندێك پرسدا كۆكن و لە هەندێك پرسیشدا ناكۆكی قوڵ لەنێویاندا هەیە، بەبۆچوونی ئاندرۆ قسەكردن لەسەر پەیوەندییەكانی ئەنقەرەو واشنتن گفتوگۆی زۆری دەوێت، ئەمەش بەو پێیەی زۆرجار ناجێگیری لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرەو واشنتندا روودەدات.
 
سەبارەت پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و توركیا، باڵیۆز سولێمان هەمان بۆچوونی ئاندرۆ پاسیلێتی هەیە و دەڵێت: " سەرباری ئەو پەیوەندییە ناسەقامگیرەی لەنێوان دامەزراوەكانی توركیا و ئەمریكا هەیە، سەرۆك ترەمپ پەیوەندییەكی نزیكی تایبەتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە" باڵیۆز سولێمان دەشڵێت: ''سەرۆک ئەردۆغان، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر (سەرۆک ترەمپ) لەبارەی شێوازی مامەڵکردن و سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە سووریا هەیە، بۆیە پێدەچێت، ئەردۆغان رەنگە بتوانێت لە ئیدارەی دووەمی ترەمپدا، كاریگەری گەورەی هاوشێوەی هەبێت لەسەر سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بۆ عێراق، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر پرسێک (لە عێراق) هەبێت و بەلای تورکیاوە گرنگبێت.''
 
ئێران گەورەترین جیاوازی
 
یەكێك لە دەسكەوتەكانی ئیدارەی باراك ئۆباما، رێككەوتنی ئەتۆمی بوو لەنێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆیەك، كە لە 14ی تەممووزی 2015 واژۆكراوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، لە دوای ساڵێك لە چوونی بۆ كۆشكی سپی لە 18ی ئایاری 2018 لەو رێككەوتنە چووە دەرەوەو رێككەوتنەكەی بە ''خراپترین رێككەوتن'' لە مێژووی ئەمریكادا ناوبرد. ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی هاوپەیمانی ئەمریكا لە كەنداو بە چوونە دەرەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە دڵخۆشبوون، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێران و وڵاتانی ئەوروپا و چین و رووسیاش لە دژی ئەو چوونە دەرەوەیەی ئەمریكابوون لە رێككەوتنەكە و هەنگاوەكەی دۆناڵد ترەمپیشیان بە هەنگاوێكی تاكلایەنەی ئەمریكا ناوبرد. 
 
ئاندرۆ پارسیلیتی لەوبارەوە دەڵێت: نیگەرانییەكانی ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی كەنداو لە دەرچوونی جۆ بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا ئەوەیە ''جۆ بایدن دووبارە دەگەڕێتەوە نێو رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران''، پارسیلێتی دەشڵێت: ''ئێران پرسێكی سەرەكییە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ناوچەكە. جۆ بایدن ئەگەر ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، دەستبەجێ هەموو سزاكانی سەر ئێران لادەبات كە لەم دواییە بەسەریدا سەپێندراون''، هەروەها دەگەڕێتەوە نێو رێككەوتنی ئەتۆمی، كە ئەمەش لە بەرژەوەندی میانڕەوەكانی ئێراندایە، لەنێویاندا حەسەن رووحانی، سەرۆككۆماری ئێران و محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، كە بە چوونە دەرەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە میانڕەوەكانی ئێران زیانی زۆریان بەركەوت و بەم هۆیەشەوە دەسەڵاتی سوپای پاسداران لە ئێران زیاتربوو. 
 
باڵیۆز سولێمان سەبارەت سیاسەتی ئەمریكا بۆ ئێران دەڵێت: "ئەگەر دۆناڵد ترەمپ دووبارە ببێتەوە سەرۆكی ئەمریكا، سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ترەمپ بۆسەر ئێران بەردەوام دەبێت، رەنگە سزاكانیش بۆسەر تاران زیاتر بكات". باڵیۆز سولێمان بۆچوونی وایە، ترەمپ دەیەوێت حكومەتی ئێران لەوەی ئێستا هەیە، لاوازتر بكات تاوەكو ئابوورییەكەی بەتەواوی دادەڕمێت و ناچاری دەكات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. دەشڵێت: ''ترەمپ دەیەوێت ئێران بڕیاربدات پارەكەی بۆ پەرەپێدان بۆ وڵاتەكەی و خۆشگوزەرانی خەڵكەكەی، یان بۆ هێزەكانی قودس و سوپای پاساداران خەرج دەكات". بە بۆچوونی باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت رێك ئەوە لەگەڵ تاران و حەسەن رووحانی بكات، كە لەگەڵ كیم جۆنگ ئوون لە كۆریای باكوور و جاییر بۆڵسنارۆ لە بەرازیل دەیكات ''دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت رووبەڕوو گفتوگۆیان لەگەڵ بكات و رێككەوتنێكی باشتر لەوەی سەرۆك ئۆباما لەگەڵ ئێران بكات''.
 
بایدن ناتوانێ بگەڕێتەوە نێو رێككەوتنی ئەتۆمی
 
دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمی چووە دەرەوە، بەڵام هەمیشە ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕیوە و داوایكردووە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێران بكرێت، بەڵام تائێستا بەرپرسانی ئێران بەو داوایانەی ئێران رازی نەبوونە و مەرجی دەستپێكردنی دانوستاندنیان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، گەڕانەوەی ترەمپ بووە بۆ نێو رێككەوتنی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاكان بووە لەسەر تاران. پارسیلیتی دەڵێت: ''ئەگەر ترەمپ دووبارە ببێتەوە سەرۆكی ئەمریكا، پرسی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، هەمیشە بژارەیەكەو لەسەر مێزە، بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی تاوەكو چەند تاران ئامادە دەبێت دانوستاندن بكات". سەبارەت بە جۆبایدنیش پارسلێتی بۆچوونی وایە، بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو ئەو رێككەوتنە ''بەڵام دەبێ رێككەوتنەكە نوێبكرێتەوەو پێداچوونەوەی بۆ بكرێت". پارسیلیتی دەشڵێت: '' وەك ئێران داوای دەكات بەهۆی ئەو زیانانەی بەر ئێران كەوتووە، بەهۆی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار، گومانم هەیە بایدن داوای لێبووردن لە ئێران بكات.''
 
لەبارەی گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ نێو رێككەوتنی ئەتۆمی ئەگەر جۆ بایدن ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، رەند رەحیم دەڵێت: ''جۆ بایدن گوتوویەیەتی دەیەوێت بگەڕێتەوە نێو ئەو رێككەوتنە، بەڵام ناتوانێ بەو ئاسانییە بگەڕێتەوە". رەند بۆچوونی وایە ئەگەر بایدن بیەوێت بگەڕێتەوە نێو رێككەوتەنەكەش و هیچ گۆڕانێكیش لە رێككەوتنەكە نەكات، كارێكی ئاسان نابێ و ناتوانێ بە ئاسانی بگەڕێتەوە ''چونكە دۆناڵد ترەمپ دۆخێكی دروستكردووە كە فەرامۆشكردنی ئەو دۆخە كارێكی ئاسان نییە". بەتایبەتیش بەهۆی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بۆسەر ئێران و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر تاران دا. 
 
باڵیۆز سولێمانیش لەوبارەوە دەڵێت: ''ئەگەر بایدن دەربچێت دەگەڕێتەوە بۆ نێو رێككەوتنێكی هاوشێوەی رێككەوتنی ئەتۆمی، بەڵام ناچێتەوە نێو هەمان رێككەوتن و هەڵگرتنەوەی هەموو سزاكان". بۆیەش كاتێك ئیدارەكەی بایدن دەست دەكات بە لابردنی بەشێك لە سزاكان، دەرفەتی باشی گفتوگۆیان لەگەڵ تاران پێدەدات و ئیدارەكەی بایدنیش ''لەو گفتوگۆیانەدا لەگەڵ تاران هەموو شتێك لەبەرچاو دەگرێت''.
 
گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و كاریگەری لەسەر عێراق
 
رەند لەبارەی سیاسەتی ئەمریكا بۆ عێراق و كاریگەری سیاسەتی ئەمریكا بۆ ئێران لەسەر عێراق دەڵێت: ''دەمەوێت ئەوە بڵێم كە زۆر كەس لە عێراق هەن، دۆستی ئێران نین، ئەوان نیگەرانن لە دەرچوونی بایدن و بۆچوونیان وایە ئەگەر بایدن هەڵبژاردنەكە بباتەوە، سازاش بۆ ئێران دەكات، چونكە بایدن پێشنیازی گفتوگۆی بۆ ئێران كردووە و بەشێك لە عێراقییەكانیش ترسیان لەوە هەیە لەو گفتوگۆیانەی نێوان ئێران و ئەمریكا، عێراق ببێتە قوربانی''. رەند ئاماژە بەوەشدەدات كە ئەو هەمان ئەو ترسەی نییە، چونكە پێیوایە كە بایدن ئەگەر نەرمیش بێت لەگەڵ ئێران ئەو كاریگەرییەی لەسەر عێراق نابێت، چونكە ئەوكاتە سیاسەتی كۆشكی سپی بۆ ئێران و عێراق دوو سیاسەتی جیاواز دەبن.
 
باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە بەغدا بۆچوونی وایە بە پێچەوانەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئیدارەی بایدن لە سیاسەتی ئەمریكا بۆ عێراق زیاتر فۆكەسی لەسەر عێراق خۆی دەبێت نەك ئێران، بەڵام گوشاریش لە حكومەتی عێراق دەكات تاوەكو هێزەكانی ئەمریكا و بنكەو بارەگاكانی بپارێزێت. باڵیۆز سولێمان دەڵێت: "جیاوازییە سەرەكییەكە لەنێوان بایدن و ترەمپ لەسەر سیاسەتی ئێران دەبێت، بەجۆرێك لە ئیدارەی بایدن سیاسەتی عێراق لەژێر كاریگەری ئێران دەبێت، نەك لە ژێر چەتری سیاسەتی ئێران''، ئەمەش لە كاتێكدایە كە سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق پەیوەندی تەواوی بە سیاسەتی ئەمریكاوە هەبووە بۆ ئێران.
 
یەكەمین سەردانی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو
 
لە دوای بوونی بەسەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ یەكەمین سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، لە 20ی ئایاری 2017 دۆناڵد ترەمپ، گەیشتە ریازی پایەختی سعودیە و بۆ ماوەی دوو رۆژ لە ریاز مایەوە، ترەمپ لەگەڵ پاشای سعودیە و بەرپرسانی دیكەی باڵای سعودیە كۆبووەوەو رێككەوتنێكی بە بەهای 110 ملیار دۆلار لەگەڵ سعودیە واژۆكرد. 
 
لە دوای سعودیەش بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێكەوت و لە 22ی ئایار تاوەكو 23ی ئایار لە ئۆرشەلیم مایەوەو لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆك و بەرپرسانی دیكەی ئیسرائیلی كۆبووەوە. دۆناڵد ترەمپ، وەك یەكەمین سەرۆكی ئەمریكا كە هێشتا لە كۆشكی سپی بێت سەردانی دیواری رۆژئاوا و كەنیسەی پیرۆزی لە ئۆرشەلیم كرد. پاشانیش لە 23ی ئایار بۆ چەند كاژێرێك چووە بەیتلەحم لە كەرتی خۆرئاوا و چاوی بە مەحمود عەباس، سەرۆكی دەوڵەتی فەڵەستین و بەرپرسانی دیكەی فەڵەستینی كەوت و گەڕایەوە واشنتن. 
 
بەبۆچوونی ئاندرۆ پارسیلیتی ''وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەركردەی ئەو وڵاتانەی هاوبەشی ئەمریكان، بەگشتی كێشەیان لەگەڵ سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ نەبووە، بەڵام هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتیش وڵاتانی ناهاوپەیمانی ئەمریكا كێشەیان لەگەڵ سیاسەتەكانی ترەمپ هەبووە، لە نێویاندا ئێران و هەروەها فەڵەستینیش لەبەر چەند هۆكارێك".
 
پارسیلیتی دەڵێت ''سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ لە ئەنجامدانی چەند رێككەوتنێك لە ناوچەكە سەركەوت، لە نێویاندا پەیماننامەی ئەبراهم بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین". پەیماننامەی ئەبراهم لە 13ی ئابی 2020 لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات و ئەمریكا لە واشنتن واژۆكرا، ئەم پەیماننامەیە وەك رێككەوتنی ئاشتی و دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بە دەستپێشخەری و چاودێری ئەمریكا ناوی دەهێندرێت. 
 
سەرۆك و سەرۆكوەزیرەكانی چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێویاندا ئیسرائیل و توركیا دۆستایەتییەكی تایبەتیان لەگەڵ ترەمپ هەیە و گلەییان لە سیاسەتەكانی ترەمپ بەرامبەر بە ناوچەكە نییە، بە بۆچوونی پارسیلیتی، بەشێك لە دۆستایەتی بەهێزی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبی لە ناوچەكە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە تووندەكەی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی ئێران.
 
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەك جاران بۆ كۆشكی سپی گرنگ نەماوە
 
بە گوتەی رەند رەحیم، باڵیۆزی پێشووتری عێراق لە واشنتن دی سی، بەهۆی دۆخی نێوخۆیی ئەمریكا و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كەمتر گرنگترە و ئەوەی كە ئەمریكا لە ناوچەكە بایەخی پێدەدات پرسی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەكەیە، رەند دەڵێت: ''ئێستا دۆخێك هاتووەتە پێشەوە كە رۆژهەلاتی نێوەڕاست كەمتر و كەمتر گرنگ ماوە، ئەوەی كە گرنگە بۆ ئەمریكا، پرسی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و ئەو پەیوەندیانەن كە دروستدەكرێن لەگەڵ ئیسرائیل لە ناوچەكە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرسێكی گرنگ نەماوە.''
 
بەهۆی بایەخپێدانی دۆناڵد ترەمپ بە ئیسرائیل، خەڵكی ئیسرائیل دەیانەوێت دۆناڵد ترەمپ بۆ چوار ساڵی دیكەش لە كۆشكی سپی بمێنێتەوە، بەپێی راپرسییەك كە لە ئەلمۆنیتەر كراوە، زۆربەی دانیشتووانی ئیسرائیل لەگەڵ دەرچوونەوەی ترەمپن، بەڵام بە پێچەوانەوە فەڵەستینییەكان چاویان لەوەیە جۆ بایدن بچێتە كۆشكی سپی و دۆناڵد ترەمپ دەرنەچێتەوە. پارسیلیتی بۆچوونی وایە ئەو هەنگاوانەی دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ناویەتی، بایدن ناتوانێ پاشەكشەی لێبكات، وەك ناساندنی سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەكانی جۆلان یانیش لە ناساندنی ئۆرشەلیم بەتەواوەتی وەك پایتەختی ئیسرائیل پەشیمان ببێتەوە، بۆیە پارسیلیتی دەڵێت: '' گۆڕانێكی گەورە روونادات ئەگەر جۆ بایدنیش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بباتەوە''، پارسیلیتی دەشڵێت: بایدن پێشوازی لە دروستبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەكات و رەنگە لەسەر ئەو رێچكەیەش بەردەوامبێت و ''هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیكەش بدات" .
 
جۆ بایدن، كەسایەتییەكە بۆ چەندین دەیە لەنێو سیاسەت كاردەكات و پێشتریش پۆستی دیكەی هەبووە، ماوەی 8 ساڵ جێگری سەرۆكی ئەمریكابووە، هەروەها بۆ ماوەی 3 ساڵ سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەبووە لە ئەنجوومەنی پیران، بۆیە ئاشنایەتییەكی زۆری هەیە لەگەڵ سەرۆك و سەكردەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پارسیلێتی دەڵێت: "بایدن بۆ چەندین دەیە دەبێت بە قوڵی لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکەڵبووە وهەروەها پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ نەتەنیاهوو و کەسانی دیکەش لە ئیسرائیل و ناوچەکە هەیە، بۆیە پێشبینی من ئەوەیە، ئەگەر بایدن هەڵبژاردنەكە بباتەوە، پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا بەبەهێزی دەمێننەوە'' پارسیلێتی لەبارەی جیاوازی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: ''تاكە جیاوازییەك هەبێت شێوازەی مامەڵەیان دەبێت لەگەڵ پرسی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، ئەویش ئەوەیە بایدن بۆ چارەسەكردنی ئەم پرسە دەیەوێت هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەمریکا رۆڵێکی کاریگەر و سەرکردایەتی هەبێت، كە ئەمەش سیاسەتێک بووە کە هەموو ئیدارەكانی ئەمریكا کاریان لەسەر کردووە." ئەو گوتانەی پارسیلێتی لەکاتێکدان، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تاکلایەنە بەبێ هەبوونی هیچ هاوئاهەنگییەکی نزیک کاری لەسەر ئەم پرسە کردووە، هەر لە ناساندنی تەواوی ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل، تاوەکو دەگاتە رێککەوتنی سەدە و پەیماننامەی ئەبراهم بۆ درووستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی.
 
رەند رەحیم لە هەنگاوەكانی ترەمپ بۆ درووستكردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و درووستکردنی دۆخێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پابەندبوونی ئیدارەی بایدن بەو گۆڕانكاریانە لەگەڵ ئاندرۆ پارسیلێتی هاوڕایە، کە بایدن لەو هەنگاوانە پاشگەزنابێتەوەو ناگەڕێتەوە دواوە، رەند دەڵێت: ''دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین وایکردووە جۆرێک لە هاوسەنگی هێزیی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربکەوێت، بۆیە هەركەسێك ببێت بە سەرۆكی ئەمریكا لە داهاتوودا، چ دۆناڵد ترەمپ بێت یان جۆ بایدن، ناتوانێت لەم هەنگاوە پاشەكشەبكات".
 
سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی بایدنیش بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باڵیۆز سولێمان دەڵێت: ''بایدن دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە نەریتییەكەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەبوونی هاوئاهەنگییەكی نزیك لەگەڵ ئەوروپا و چەند وڵاتێكی ئاسیایی، بایدن دەگێڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتەی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، ئەمریكا هەیبووە.''
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە