ئیسرائیل فڕۆکەی F35 لە ئەمریکا دەکڕێت

29-10-2014
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
نیشانەکردن فڕۆکەی F35
A+ A-

رووداو- AFP

میدیاكانی ئیسرائیل بە گرنگییەوە باس لە گرێبەستێكی وڵاتەكەیان دەكەن لەگەڵ ئەمریكا بۆ كڕینی فڕۆكەی F35.

رۆژنامەی هائاراتزی ئیسرائیلی ئاماژە بەو رێككەوتنە دەكات و دەڵێت،'' لە چەند رۆژی رابردوودا هەریەك لە چەیك هەیگل، وەزیری بەرگریی ئەمریكاو مووشی یەعالیۆن، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رێككەوتنێكیان واژۆكردووە بۆ فرۆشتنی 19 فڕۆكەی F35 ی ئەمریكی بە ئیسرائیل''.

بەگوتەی رۆژنامەی هائاراتز هەفتەی رابردوو وەزیرانی بەرگریی ئیسرائیل و ئەمریكا لە واشنتۆن گرێبەستەكەیان واژۆكردووە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئامادەنەبووە هیچ لێدوانێك لەو بارەوە بە ئاژانسی ئەسیو شەیتد پرێس بدات.

رۆژنامەی گیرۆزالیم پۆست سەبارەت بە گرێبەستەكە نووسیویەتی،'' ساڵی 2012 ئیسرائیل بە بەهای 2.75 ملیار دۆلار گرێبەستی بۆ كڕینی 19 فڕۆكەی F35 لەگەڵ ئەمریكا واژۆكرد، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاش ئامادەیی نیشانداوە بۆ فرۆشتنی 75 فڕۆكەی لەو جۆرە تا كۆتایی ساڵی 2016، بەشی دووەمی ئەو فڕۆكانەش لە كۆتایی 2019 دەگەنە ئیسرائیل''. هەروەها كۆمپانیای ئیلبەیت سیستەمەزی ئیسرائیلی خودەی فڕۆكەوانەكانی فڕۆكەی F35 دروستدەكات.

فڕۆكەی F35 توانای خۆونكردنی لە رادارەكان هەیە و خێراییەكەشی زۆر لە خێرایی دەنگ زیاترە، كێشە هونەرییەكانی ئەو فڕۆكەیە وایانكردووە راگەیاندنی دروستكردن و بەكارهێنانی بۆ ماوەیەكی زۆر دوابكەوێت و هەروەها نرخەكەشی زۆر زیادبكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە