رووداو دیجیتاڵ
لەدوای زیاتر لە هەفتەیەک لە ئۆپەراسیۆنە 24 کاژێرییەکەی سوپای ئازەربایجان بۆ سەر هەرێمی ناگۆرنۆ – قەرەباخ و لکاندنەوەی هەرێمەکە بە ئازەربایجانەوە، زیاتر لە 53 هەزار ئەرمەنی کریستیان لە رێگەی رێڕەوی لاچینەوە ئاوارەی ئەرمینیا بوون.
دەسەڵاتدارانی ئەرمەنی چاوەڕێ دەکەن 120 هەزار کەس ئاوارە بن. ئازەربایجان رایگەیاندووە لەو ئۆپەراسیۆنەیاندا، 192 سەربازیان کوژراوە و زیاتر لە 511 دیکەشیان بریندار بوون. لە بەرامبەردا جوداخوازانی ئەرمینیا دەڵێن، لانیکەم 200 کەسیان کوژراوە، کە 10یان خەڵکی سڤیل بوون و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش برینداربوون.
سوسانە بالاسانیانی تەمەن 68 ساڵ لەگەڵ ماڵباتەکەی دانیشتبوو کاتێک بۆردوومانی ئازەربایجان بۆ سەر شارۆچکەی مارتاکێرت لە هەرێمی ناگۆرنۆ – قەرەباخ دەستیپێکرد. ئێستا سوسانە لە مۆتێلێکی شارۆچکەی گۆریسە لە باشووری ئەرمینیا.
هاوژینی سوسانە، لە شەڕوپێکدادانەکانی ساڵی 2020ی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینا کوژرا، ترسی هەبوو خۆی و منداڵ و نەوەکانی هەمان چارەنووسیان هەبێت، بۆیە زێدی خۆی جێهێشت.
سوسانە دەڵێت، "ئێمە لەگەڵیان نامێنینەوە، لەبەرئەوەی دەزانین چ باجێک دەدەین. ئەوە بە واتای لەنێوبردن، کوشتن و فڕێدانی منداڵەکانمان لەپەنجەرەوە دێت."
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئازەربایجان کردووە رێگە بدات چاودێریی نێودەوڵەتی سەردانی ناگۆرنۆ – قەرەباخ بکات تاوەکو دۆخی مرۆیی هەرێمەکە ببینن، بەڵام تائێستا ئازەربایجان رازی نەبووە.
ناریک میکرچیان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئەرمینیا دەڵێت، "لە چەند رۆژی رابردوودا، پلاتفۆرمێکمان دامەزراندووە بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیانمان لە ناگۆرنۆ – قەرەباخ و تۆمارکردنی پێداویستییەکانیان. تائێستا زیاتر لە سێ هەزار داواکاری پێشکێشکراوە. هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییانە دەکەین تەواوی پێداویستییەکان دابین دەکەین."
هەرێمی ناگۆرنۆ – قەرەباخ، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەر بە بەشێک لە خاکی ئازەربایجان بینراوە، سەرەڕای ئەوەی لەساڵی 1991وە جیابووەتەوە و ئەرمەنە جوداخوازەکان کۆنترۆڵیان کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ