ئەڵمانیا ئەرکی سوپاکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ساڵێکی دیکە درێژ دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵی 2015وە سوپای ئەڵمانیا مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەکان دەکات و بنکەی سەرەکیشیان لە هەولێرە و مەشق بە پێشمەرگە دەکەن، پێدانی چەک و تەقەمەنی ئەرکێکی سەرەکییانە.
کابینەی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لە 13ی ئەیلوولی2023 بە نووسراوێکی هەشت لاپەڕەیی کە لە نۆ خاڵ پێکدێت، داوا لە پەرلەمان دەکات، ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق درێژ بکرێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی و سوودانی داوای درێژکردنەوەی ئەرکی سوپاکەیان لە شۆڵتز کردووە
لە خاڵی دووەمی داواکارییەکەی حکومەتی ئەڵمانیادا هاتووە: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەرلین و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، داوایکردووە ئەرکی سوپای ئەڵمانیا بەردەوام بێت و لە شەڕی دژی داعشیشدا پشتگیریی ئەڵمانیا پێویستە". هەروەها باسی سەردانەکەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت کە ئەویش سوپاسی ئەڵمانیای کردووە و داوای کردووە ئەڵمانیا رێگە بە مانەوەی سوپاکەیان بدات.
لەنێو هۆڵی پەرلەمان چۆن باسی ئەرکەکە دەکرێت؟
سەرەتا بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە گۆتارێکدا داوای لە فراکسیۆنە جیاوازەکان کرد، داواکارییەکەی حکومەت پەسند بکەن و گوتی: "شانه نووستووەکانی داعش چالاکن، دەیەوێت و دەشتوانێت لە عێراق، سووریا وشوێنەکانی دیکەش هێرشی تیرۆرستی بکات، بۆیە دەمانەوێ و پێویستە بەشداریکردنمان بەردەوام بێت."
گوتیشی، "نێوەڕۆکی ئەرکەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، ژمارەی بەشداربووان ناگۆڕدرێت و وەک خۆی دەمێنێتەوە کە 500 کەس زیاتر نابێت. شوێن، ئەرک و توانا وەک خۆیان دەمێننەوە. ئێمە وەکو یەکێک لە گەورەترین هێزەکان بە ژمارەیەک کەسانی راوێژکار و ئەرکدار لەنێو ئەرکی ناتۆدا لە عێراق دەمێنینەوە. لە ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوام دەبین، بە کەسانی ئەرکداری خۆمان و پشکی ئێمە لە دابینکردنی سووتەمەنی لە ئاسمانەوە، گواستنەوە بەردەوام دەبێت. هەروەها بەشدارییەکەمان لە هەولێر بەردەوام دەبێت."
سوپای ئەڵمانیا 274 کەسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە
بەپێی ئەم داواکارییەی حکومەت، ژمارەی ئەو کەسانەی دەتوانن بەشداری لەم ئەرکەدا بکەن، نابێت لە 500 کەس زیاتر بن، تەنیا لە کاتی جێگۆڕکێدا نەبێت. ئانێتە ڤیدمان ماوتس، پەلەمانتاری فراکسیۆنی کریستیان دیموکراتەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێت، "ئێستا 274 ژن و پیاوی سەرباز لە چوارچێوەی ئەرکی ناتۆ لە عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش پشکێکی یەکلاکەرەوەیان بەردەکەوێ. بە ناوی فراکسیۆنەکەمان سوپاس و پێزانینی خۆمانیان پێڕادەگەیێنم."
ئانێتە ڤیدمان ماوتس لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی، "ئەم ئەرکە بۆ گوشار خستنەسەر داعش، فراوانکردنی بەرەوپێشچوونەکان و رێگری لە پاشەکشێکردن بەردەوام بێت. سەرەڕای ئەمانەش؛ بە دڵنیاییەوە نابێت ئێمە لێرە پشتئەستوور بین. گورز بەر خەلافەتەکە کەوتووە، بەڵام داعش لەنێو نەچووە. پێویستە مین، تەقەمەنی و بۆسەکانیان لاببردرێن. بە تایبەتیش لە وڵاتە دراوسێکە [ی عێراق]؛ لە سووریا سوود لە تەنگەژەکانی هێزە گەورەکان دەبینن و هێرش دەکەن. تەنیا لە مانگی شوبات و ئاداردا لە بیابانەکانی عێراق و سووریا، چەکدارانی داعش 200 کەسیان کوشتووە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە شانە نووستووەکانی داعش ئێستاش چالاکن".
تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی گوت: "سەرەتای ئەم ساڵ بۆ چەند رۆژێک من لە عێراق بووم. من وڵاتێکم بینی، کە وردە وەردە خۆی لە ئاساییبوونەوەدا دەبینێت. لەوێ لە دانوستانەکانم دا بۆ دەرکەوت، بەداخەوە تائێستاش دۆخی ئەمنی ئاسایی نەبووتەوە؛ وڵاتێکە تائێستاش بۆ سەقامگیرییەکەی دەجەنگێت، وڵاتێکە دەرەئەنجامەکانی داعش؛ دەستدرێژیی سێکسی، بەکۆیلەکردن و کوشتنی خەڵکەکەی هەیە و برینێکی قووڵیان بەجێهێشتووە؛ بەتایبەتیش لەنێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا."
گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزیسیۆن دەنگ بە داواکارییەکەی حکومەت دەدات
پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا لە شەش فراکسیۆن پێکدێت؛ لە 736 پەرلەمانتار، شەشیان سەربەخۆن. سێ فراکسیۆنی سۆشیاڵ دیموکراکەتان 206 کورسی، پارتی سەوزەکان 118 کورسی و لیبراڵەکان بە 92 کورسی حکومەتیان پێکهێناوە. فراکسیۆنەکانی کرستیان دیموکراتەکان بە 197 کورسی، کە گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزیسیۆنە، لەگەڵ ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا بە 78 کورسی و پارتی چەپیش بە 39 کورسی لە بەرەی دژبەری حکومەتن. جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرگری، کە لە گەورەترین فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنە، دوای کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کرستیان دیموکراتەکان بەردەوام کاریان بۆ ئەوە کردووە سەقامگیری لە عێراق هەبێت و پشتگیری لە ناوچەی کوردی بکرێت. من خۆم لە ساڵی 2015، هەر زوو کارم بۆ ئەوە کرد پێشمەرگە پڕچەک بکرێت لەگەڵ پێدانی دژە تانکەکانی میلان."
پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا و پارتی چەپ دژی درێژکردنەوەی ئەرکی سوپای ئەڵمانیان
یۆئاخیم ڤوندراک، لە فراکسیۆنی پارتی نیمچە راستڕۆی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، هێرشیکردە سەر پارتی سەوز و گوتی "سیاسەتی دووفاق پەیڕەو دەکات؛ کاتێک لە دەرەوەی حکومەت بوون، لە دژی ئەم ئەرکانەی سوپا بوون و ئێستاش بە هێزی رزگارکەر و ئاشتی پارێزیان دادەنێن."
خانمە پەرلەمانتار کاترین ڤۆگلەر سەر بە پارتی چەپ؛ ئەو پارتەی هەندێک جار خۆیان بە دۆستی کورد دەناسێنن، قسەی کرد و گوتی، "ئێمە هەمیشە لە دژی ئەوەین ئەرکی سوپای وڵاتەکامان لە هەر شوێنێک (دەرەوە) بێت و هەمیشەش لە دژی ئەم داواکارییانە دەنگمان داوە، ئەمجارەش هەر لە دژی دەبین."
دوای تەواوبوونی دانیشتنی پەرلەمان، لە ئۆفیسەکەی لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان، رووداو لەبارەی هەڵوێستەکەی لە ڤۆگلەری پرسی و ئەویش لە وەڵامدا رایگەیاند، "ئێمە پێمانوایە ئەم ئەرکانەی سوپا ئاشتی و سەقامگیری بۆ عێراق فەراهەم ناکەن. ئێمە دەبینین کە لە ساڵانی رابردوودا رەوشی عێراق تاڕادەیەک جێگیر بووە، لە هەمان کاتدا ئێمە دەبینین لە زۆر شوێنی جیهان ئەم جۆرە ئەرکانەی سوپای ئەڵمانیا بە مەشق و راهێنان بە سەربازەکان و شەڕڤانەکان بەو ئاراستەیە رۆیشتوون کە ئەو شەڕڤانانە لە دژی خەڵکی خۆیان دەخرێنە ئەرکەوە؛ ئەمە یەکێکە لە هۆکارە یەکلاکەرەوەکەمان، هەروەها بۆ ئەم ئەرکەی سوپاکەی ئەڵمانیاش ئێمە لە دژین. لە راستیدا بۆ حکومەتی ئەڵمانیا ئاسایشی خەڵکی عێراق گرنگ نییە، بەڵکو زیاتر بۆ ئەوەی دەستی بگاتە سەرچاوەکانی نەوتی عێراقی و ناوچە کوردییەکان."
داواکارییەکەی حکومەت پەسند دەکرێت
ئەم داواکارییەی حکومەتی ئەڵمانیا، دوای گفتوگۆکردن لەنێو پەرلەمان دەدرێتە لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمان. دواتر کاتێک لەنێو ئەجێندای کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەماندا دەستنیشان دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت. بەپێی دانوستاندنەکان و هەڵوێستی فراکسیۆنەکان، داواکارییەکە پەسند دەکرێت و تاوەکو 31ی ئۆکتۆبەری 2024 هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێننەوە.