رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێت، درۆنێکی "ئێرانی"یان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو هەولێر دەهات و مەترسیی بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە دروستکردبوو.
وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران، رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، گوتی: "نزیکەی کاژێر 2:10 خوولەکی دوای نیوەڕۆ بە کاتی نێوخۆ، [واتە هەولێر]، هێزەکانی ئەمریکا درۆنێکی ئێرانییان لە جۆری موهاجیر 6 خستە خوارەوە کە بە ئاراستەی هەولێر دەفڕی و وەکو هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانمان لە ناوچەکە بەدەردەکەوت."
بەرپرسێکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، دوای ئەوەی ئێران چەند مووشەکێکی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە، هێزەکانی ئەمریکا بە فڕۆکەی F-15 درۆنێکی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە.
سێنتکۆم باس لەوە دەکات کە لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێراندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی بە هێزەکانیان نەگەیشتووە، کە لە هەولێر لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.
لە هێرشەکانی ئێراندا بۆ سەر کۆیە، زڕگوێز و شێراوە، لانیکەم 15 کەس کوژران و سەرووی 45ی دیکەش برینداربوون.
بەرپرسێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بۆ رووداوی پشتڕاستکردەوە کە یەکێک لەو پێشمەرگانەیان کە لە کۆیە کوژراوە، هەڵگری وەڵاتینامەی ئەمریکی بووە بە ناوی مەحموودزادە ناسراو بە چیچۆ.
رۆژ زاڵە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لەو بارەیەوە داوای روونکردنەوەی زیاتری لە نێد پرایس گوتەبێژی وەزارەتەکە کرد. نێد پرایس لە وەڵامدا گوتی، لە دوای هێرشەکانی ئێران، ئەوان پشکنین و لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆخی ناوچەکە کردووە، بەڵام رەتیکردەوە هیچ "بەرپرسێکی ئەمریکی" زیانی پێگەییشتبێت، هەروەها لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکی دیکەدا، گوتی ئاگادار نییە کوژرانی هیچ هاووڵاتیێکی ئەمریکی پشتڕاستکرابێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکادا هاتووە: "بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە هاوبەشەکانمان لە عێراق، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن."
سێنتکۆم سەرکۆنەی هێرشە "بێپاساوەکانی" سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و دەڵێت: "ئەم جۆرە هێرشە هەڕەمەکییانە، هەڕەشە لە ژیانی خەڵکی سڤیلی بێگوناهـ دەکەن و سەقامگیریی ناوچەکە کە خەباتێکی سەختی لە پێناودا کراوە، دەخەنە مەترسییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ