بۆ ساڵی داهاتوو ئەمریکا 125 هەزار پەنابەر وەردەگرێت


رووداو - هەولێر 

جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا بۆ پڕۆژەیاسای ساڵی داهاتوو تەنیا 125 هەزار پەنابەر وەربگرن و ژمارەکە زیاد نەکات، سەرەڕای ئەوەی رێکخراوەکان و چالاکڤانانی بواری مافەکانی مرۆڤ داوایان کردبوو بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەی وەرگرتنی پەنابەران زیاد بکات. لەنێو ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکا پەنابەرانی تێدا وەردەگرێت، عێراقیشی تێدایە.

رۆژی چوارشەممە، 28ی ئەیلوولی 2022، میدیای ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە بۆ ساڵی داهاتوو لە بەرنامەی پڕۆژەیاسای بوودجەی ئەمریکا، 125 هەزار پەنابەر لە سەرانسەری جیهان وەربگرن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێکخراوەکان و چالاکڤانانی تایبەت بە پەنابەران داوایان کردبوو، ئیدارەی بایدن بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەیەکی زۆرتر لەو ژمارەیەی دیارییکردووە، پەنابەر وەربگرێت، چونکە ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر کەم پەنابەرانی وەرگرتووە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا، ئەمساڵ ئیدارەی بایدن تەنیا 20 هەزار پەنابەری لە سەرانسەری جیهان وەرگرتووە، ئەمەش لە چوارچێوەی "بەرنامەی وەرگرتنی پەنابەران"ی حکومەتی ئەمریکی کە ساڵانە ژمارەیەک پەنابەر لەو وڵاتانە وەردەگرێت کە لە دۆخێکی خراپدان. 
 
هەروەها رێکخراوەکانی تایبەت بە پەنابەران چەند جارێک داوایان لە بایدن کردبوو کە وەک قەرەبووکردنەوەیەک بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی کەم لە پەنابەران لە چەند ساڵی رابردوودا، بۆ ساڵی 2023، زیاتر لە 125 هەزار پەنابەر وەربگرن.  
 
رۆژی سێشەممە، 21ی ئەیلوول، کۆشکی سپی پلان و نەخشەی ناوچەکانی جیهانی بڵاوکردەوە کە بەنیازن لە ساڵی داهاتوودا پەنابەرانی لێوەربگرن و بەگوێرەی ئەو نەخشەیەی کۆشکی سپی، وەرگرتنی 40 هەزار پەنابەر بۆ کیشوەری ئەفریقا تەرخان کراوە. 35 هەزار بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا و 15 هەزار بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیا تەرخان کراوە. 
 
هەروەها بۆ ئەوروپا و نێوەڕاستی ئاسیا، 15 هەزار پەنابەر وەردەگرێت، بۆ وڵاتانی ئەمریکای باشووریش 15 هەزار پەنابەر وەردەگرێت و پێنج هەزاری دیکەش بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان تەرخانکراوە.