ژینگەپارێزان هۆشداریی دەدەن لە کوشتنی نیو ملیۆن قرش بۆ دروستکردنی ڤاکسین

 
 
رووداو دیجیتاڵ

ژینگەپارێزان هۆشداری دەدەن لەوەی کە رەنگە نیو ملیۆن قرش بکوژرێن بۆ ئەوەی رۆنە سرووشتییەکەیان بۆ دروستکردنی ڤاکسین بەکاربهێنرێت. 
 
یەکێک لە پێکهاتەکانی هەندێک لە ڤاکسینەکانی دژی کۆرۆنا "سکوالین"ـە کە رۆنێکی سرووشتییە و لەنێو جگەری قرشدا دروستدەبێت.
 
لە دەرمانسازیدا سکوالین وەکو پێکهاتەیەکی هاریکار بەکاردەهێنرێت کە دەتوانێت کاریگەریی ڤاکسین زیادبکات ئەویش بە دروستکردنی سیستەمێکی تەندروستیی بەهێزتر. 
 
کۆمپانیای دەرمانسازیی "گلاکسۆ سمیس کڵاین" لەم کاتەدا رۆنی سکوالینی قرشەکان لە دروستکردنی ڤاکسینی دژە هەڵامەتدا بەکاردەهێنێت. 
 
کۆمپانیاکە مانگی ئایار رایگەیاندبوو کە بەشی یەک ملیار ڤاکسینی دژەکۆرۆنا رۆنی سکوالین بەرهەمدێنێت.
 
بۆ دەرهێنانی هەر تۆنێکی سکوالین، پێویست بە 3 هەزار قرش دەکات. 
 
گرووپی "هاوپەیمانیی قرشەکان"ـی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا پێیوایە ئەگەر یەک جار تەواوی دانیشتووانی جیهان بەو جۆرە ڤاکسینەی دژی کۆرۆنا بکوترێن کە رۆنی سکوالینی تێدایە، ئەوا پێویست بە کوشتنی 250 هەزار قرش دەبێت. 
 
هەروەها ئەگەر جیهان پێویستی بەوە بێت دوو جار بە ڤاکسینەکە بکوترێت کە وەکو زانایان ئاماژەیان پێیداوە ئەوە ئەگەرێکی بەهێزە رووبدات تاوەکو مرۆڤ لە کۆرۆنا رزگاری ببێت، ئەوا پێویست بە کوشتنی 250 هەزار قرشی دیکە دەکات بۆ ئەوەی سکوالینی پێویستیان لێدەربهێنرێت، بەوەش ژمارەی قرشە کوژراوەکان دەبێتە نیو ملیۆن.
 
زانایان دەیانەوێت ئەو هەڕەشەیە لەسەر قرشەکان دووربخەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی دروستکردنی شوێنگرەوەیەک بۆ سکوالین دەدەن کە ئەویش پێکهاتەیەکی تاقیگەییە و لە قامیشی شەکر دەردەهێنرێت. 
 
ژینگەپارێزان دەڵێن، بەرهەمهێنانی شتێکی وا لە گیاندارێکی هۆڤی و دڕی وەکو قرش هەرگیز تا سەر بەردەوام نابێت، بەتایبەتیش کە ئەو گیاندارە وەچەی زۆر ناخاتەوە. 
 
هەروها هۆشداریش دەدەن کە کەس نازانێت پەتای کۆرۆنا تا چەندی دیکە بەردەوام دەبێت و لە چەند شێوەی دیکەدا دەردەکەوێتەوە، بۆیە رەنگە ساڵ دوای ساڵ پێویست بە دروستکردنی ڤاکسینی زیاتر بکات و سەرەنجام ژمارەیەکی زیاتری قرشەکان لەو پێناوەدا بکوژرێن. 
 
بە گوتەەی ژینگەپارێزان، ساڵانە سێ ملیۆن قرش دەکوژرێن بۆ ئەوەی رۆنی سکوالینیان لێ دەربهێنرێت کە جگە لە بواری دەرمانسازی، لە دروستکردنی ئارایشت و رۆنی ئامێرەکانیشدا بەکاردەهێنێرێت.
 
هەروەها ترس لەوە هەیە کە لە ناکاو خواست لەسەر سکوالین زیاد ببێت و سەرەنجام هەڕەشەی لەنێوچوون بکەوێتە سەر هەندێک لەو جۆرە گیانەوەرانەی کە ژمارەیەکی ئەوتۆیان لێ نەماوەتەوە.