رووداو دیجیتاڵ
سوێد بڕیاریدا سەلوان مۆمیکا، ئەو کۆچبەرە عێراقییەی چەند جارێک کۆپییەکی قورئانی لەو وڵاتە سووتاند دادگەیی بکات، تۆمەتەکەش رقەبەرایەتی و بڵاوکردنەوەی دەمارگیرییە لە دژی موسوڵمانان. مۆمیکاش دەڵێت :" ناترسم، من نەوەی ئاشوور پانیباڵم."
رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، داواکاری گشتیی سوێد تۆمەتی رقەبەرایەتی و بڵاوکردنەوەی دەمارگیری لە دژی موسڵمانانی ئاراستەی سەلوان مۆمیکا کرد کە چەند جارێک لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد و چەند شارێکی دیکەی ئەو وڵاتە کۆپیی قورئانی سووتاند.
تۆمەتەکە تەنیا لەسەر مۆمیکا نییە، بەڵکو ئاراستەی سەلوان نەجم، هاوکاری سەلوان مۆمیکاش کراوە، کە ئەویش پەناخوازێکی عێراقییە.
ئانا هانیکۆ، داواکاری گشتیی سوێد، رایگەیاندووە: "سەلوان مۆمیکا و سەلوان نەجم، تۆمەتبارن بە لێدوانی رەگەزپەرستانە و بڵاوکردنەوەی رقەبەرایەتی لەرێگەی بێڕێزی بە موسوڵمانان و باوەڕیان و سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکەیان."
بە گوتەی داواکاری گشتیی سوێد، ئەو کارەی ئەو دوو پەناخوازە عێراقییە کردوویانە رقەبەرایەتی و دەمارگیرییە نەوەک ئازادیی رادەربڕین. داواشی لە دادگە کردووە تەماشای ئەو بابەتە بکات. "سەلوان مۆمیکا چالاکڤانی کۆمەڵایەتی نەبووە، بەڵکو چەکدار بووە لەنێو میلیشیاکانی ئیسلامی، روونیشە دژی ئیسلامە و رقەبەرایەتی دەکات."
دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە بۆ ماوەیەکی کەم، رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئاب، سەلوان مۆمیکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ئەگەر داواکاری گشتی دەیەوێت بێدەنگم بکات یان بمترسێنێت، هەڵەیە. من جەنگاوەرێکی تووندم، ناترسم، من نەوەی ئاشوور پانیباڵم کە حوکمڕانیی نیوەی جیهانی کرد و لە مێژوودا بە ئازایەتی ناسراوە."
دەشڵێت: "بەرگری لە خۆم و سوێد و رۆژئاوا و بەها دیموکراسییەکانی رۆژئاوا دەکەم."
سەلوان دەڵێت: "بەهەر شتێک دەتەوێت تۆمەتبارم بکە، فڕێمبدە زیندانەوە، دەستگیرم بکە، لێمبدە و بمکوژە، بەڵام هەرچییەک بکەیت دەستبەرداری پڕنسیپەکانم نابم."
رۆژی 27ـی ئاداری 2024، سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوارە عێراقییەی ساڵی رابردوو چەندین جار کۆپی قورئانی پیرۆزی سووتاند، بە ئاژانسی ئەی ئێف پی راگەیاند، سوێدی بەجێهێشتووە و چووەتە نەرویج و لەوێ پلانی هەیە داوای مافی پەنابەریێتی بکات.
سەلوان مۆمیکا کە پێشتر لە عێراق سەرۆکایەتیی میلیشیایەکی چەکداریی کریستیانی کردووە و بەهۆی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانییەوە وەکو بانگەشەی بۆ کردووە، داوای مافی پەنابەرێتیی لە سوێد کردووە، بۆ یەکەمجار لە رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2023 کە رۆژی یەکەمی جەژنی قوربان بوو، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.
سەلوان مۆمیکای تەمەن 38 ساڵ، لەدایکبووی شارۆچکەی حەمدانییە (قەرەقووش)ـی زۆرینە کریستیاننشینی سەر بە پارێزگای نەینەوایە. خۆی بە نووسەر و بیرمەند و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ دەناسێنێت، هەرچەندە لە نەتەوەی سریانە، بەڵام لە ساڵی 2019ـوە خۆی وەکو 'بێ دین' ناساندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ