رووسیا رێگری لە دوو درۆنی ئەمریکی لە نیمچەدوورگەی کریمیا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، رێگرییان لە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی کردووە لە نزیک نیمچەدوورگەی کریمیا.
 
رۆژی دووشەممە 28-08-2023 وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشکرای کرد، بە دوو فڕۆکەی جەنگی رێگری لە دوو درۆنی ئەمریکی کردووە کە بۆ چاودێریکردنی کریمیا رەوانەی ناوچەکە کرابوون.
 
نیمچەدوورگەی کریمیا لە ساڵی 2014وە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیایە، کە بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی دەزانێت و نەتەوە یەکگرتووەکان بە داگیرکاری دایدەنێت.
 
بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "دوو درۆنە ئەمریکییەکە لە جۆری (ریپەر) و (گلۆبل هاوک) بوون و لەگەڵ نزیککەوتنەوەی فڕۆکەکانی رووسیا، بە خێرایی ئاراستەکەیان گۆڕی و لە ناوچەکە دوورکەوتنەوە."
 
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەریەککەوتن و هەراسانکردن لەنێوان فڕۆکەکانی رووسیا و ئەمریکا زیادبووە؛ رۆژی 27ی ئەم مانگە بەرگریی رووسیا بە فڕۆکەیەکی جۆری سیخۆی رێگری لە درۆنێکی ئەمریکی کرد لە بەزاندنی سنووری ئاسمانی دەریای رەش.