سوێدییەک بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ رووسیا دادگایی دەکرێت

28-08-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو سیخوڕە رووسییەی، کە ساڵی رابردوو لە سوێد دەستگیر کرا، رۆژی 4ی مانگی داهاتوو دادگایی دەکرێت.
 
دەزگای هەواڵگریی سوێد ساڵی 2022 سێرگێی سکڤۆرتسۆڤ، هاووڵاتیی رووسی، کە هاوکات هەڵگری وڵاتینامەی سوێدییە، دەستگیرکرد. لە راپۆرتی دەزگاکەدا هاتووە سێرگێی تەمەن 60 ساڵ "چالاکیی هەواڵگریی نایاسایی" کردووە و زیاتر لە 10 ساڵ سیخوڕیی لەسەر سوێد بۆ رووسیا کردووە.
 
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، "لە بەشێك لە چالاکییە هەواڵگرییەکانی"دا زانیاریی لەبارەی ئەمریکا داوەتە رووسەکان.
 
بە گوتەی راپۆرتی هەواڵگریی سوێد، سێرگێی لە 1ی کانوونی دووەمی 2013وە سیخوڕیی بەسەر ئەمریکادا کردووە و لە 1ی تەممووزی 2014وە سیخوڕیی لەسەر سوێد کردووە، پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگریی رووسیاوە کردووە و لە تشرینی دووەمی 2022 دەستگیرکراوە.
 
سێرگێی کاری لەسەر گواستنەوەی زانیاریی تایبەت بە نوێترین تەکنەلۆجیای وڵاتانی رۆژئاوا، بە دیاریکراوی تەکنەلۆجیای هەندێک بەرهەمی سەربازیی تایبەت بۆ پیشەسازیی سەربازیی رووسیا کردووە، کە بەهۆی سزاکانی وڵاتانی رۆژئاواوە مۆسکۆی لێ بێبەش بووە.
 
سێرگێی و هاوژینەکەی لە سەرەتای دەیەی نەوەدەکانی سەتەی رابردوو لە رووسیاوە بەرەو سوێد کۆچیان کردووە. خاوەنی چەند کۆمپانیایەکی هەناردە و هاوردە بوون، کە بە گوتەی دەزگای هەواڵگریی سوێد لە رێگەی بەشێکیانەوە کاری سیخوڕییان بۆ رووسیا کردووە.
 
رۆژی دووشەممە 28-08-2023 دادگای ستۆکهۆڵم رۆژی 4ی ئەیلوولی وەکو رۆژی یەکەمی دادگاییکردنی دیاریکردووە و پێشبینی دەکرێت بەگوێرەی کەیسی هاوشێوە، کە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە، زیندانی تاهەتایی بەسەردا بسەپێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.