دامەزرێنەری فەیسبووک: کاتی بەکارهێنانی فەیسبووکم نییە


رووداو دیجیتاڵ

دامەزرێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەڵێت، کاتی بەکارهێنانی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی نییە و تەنانەت حەز ناکات منداڵەکانیشی فەیسبووک بۆ کات بەسەربردن بەکاربهێنن.
 
مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا لە هەڤپەیڤینێکدا باسی دابەشکردنی کاتی رۆژانەی دەکات و دەڵێت، هێندە کاری زۆرە، فریای ئەوە ناکەوێت بە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە خۆی سەرقاڵ بکات.
 
زوکەربێرگ و پریسیلا چانی هاوژینی دوو کچیان هەیە بە ناوەکانی ماکزیما و ئۆوگەست، باوکیان ناهێڵێت دوو کچەکەیان کات بە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بەفیرۆبدەن. دامەزرێنەری فەیسبووک هەموو شەوێک پێش خەوتن، هەردوو کچەکەی فێری کۆدینگ دەکات کە دەڵێت، مرۆڤ لێیەوە فێری داهێنان دەبێت.
 
کۆد یاخود کۆدینگ پرۆسەیەکە بۆ دروستکردنی بەرنامەی کۆمپیوتەر. ماڵپەڕ و ئەپەکان بەهۆی ئەو کۆدانەوە کار دەکەن کە پرۆگرامسازەکان دەینووسنەوە. 
 
زوکەربێرگ دەڵێت، "منداڵەکانم هێشتا بچووکن و یەکێکیان شەش و ئەوەی دیکەیان پێنج ساڵانە. دەمەوێت ئەوان تەکنەلۆژیا بۆ شتی دیکە بەکاربهێن. من فێری کۆدینگیان دەکەم. چونکە ئەوە لە داهاتوودا کەسی داهێنەر دروست دەکات."
 
مارک دەڵێت، کچە گەورەکەی حەزی لە دروستکردنی بەرنامەیە لەسەر کۆمپیوتەر و ئەوەی دیکەیان حەزی لە هونەرە.
 
دامەزرێنەری فەیسبووک دەشڵێت، تۆڕە کۆمەڵاتییەکان سوود و قازانجیان هەیە، بەڵام نابێت بەکارهێنانی هێندە زۆر بێت کە رۆژ تا ئێوارە بە دیار فەیسبووکەوە بیت.
 
مارک دەڵێت، ئەوانەی فەیسبووک بەکاردێنن یان کار و چالاکییان هەیە و خەریکی دروستکردنی پەیوەندین، بەکاربەرەکان هەرگیز وەکو ئەوانە سوودمەند نابن کە کار و چالاکییان هەیە.
 
فەیسبووک تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە و لە ساڵی 2004 لەلایەن مارک زوکەربێرگ و چەند هاوڕێیەکی لە کۆلێژی هارڤەرد دامەزرێندرا. ئەوکات بەکارهێنەرانی بە پەنچەی دەست دەژمێردران، ئێستا لە مانگێکدا 2.94 ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەیە. فەیسبووک بە 112 زمان بەردەستە و بە بەرنامەی ++C دروستکراوە.