ئیمانوێل ماکرۆن بۆ نادیە موراد: پشتتان تێناکەم


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کۆبووەوە، بەگوێرەی میدیای فەرەنسی، هەردوولا قسەیان لەسەر دۆخی ئێزدییەکان و مافەکانی مرۆڤ کردووە.
 
کۆبوونەوەی ماکرۆن لەگەڵ نادیە موراد بەشێک بوو لە کار و بەرنامەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کە چەندین سەردان و کۆبوونەوەی جیاواز لەخۆدەگرێت.
 
ئیمانوێل ماکرۆن تویتێکی کردووە کە وێنەیەکی خۆی لەگەڵ نادیە موراد داناوە، نووسیویەتی "هەروەک چۆن لە لووتکەی G7 لە بیارتیرز، هەروەها لە کۆڕبەندی یەکسانی لە پاریس و لەو دەمەی لێرە لە عێراق بە دیداری یەکدی دەگەین، بەیانیش لە تەک خوشکە کوردە ئێزدییەکانت، جارێکی دیکە بە متمانەوە دەیڵێمەوە: پشتتان تێناکەم."
 
سەرۆککۆماری فەرەنسا لە بەغدا جیا لە بەشداریکردنی لە کۆنگرەی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی، هەر لە بەغدا شوێنێکی ئایینی پیرۆزی شیعەکانی کرد لە کازمییە، بڕیاریشە سبەی لە هەولێر لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێبکرێ، دوایی سەردانی موسڵ دەکات و لەوێ لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەی کریستیانەکان کۆدەبێتەوە.
 
ماکرۆن لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا ئێوارەی ئەمڕۆ رایگەیاند، "دەچمە هەولێر و سبەی سەردانی هێزەکانمان دەکەم و دواتریش سەردانی موسڵ دەکەم، کە هێشتا جێپەنجەی داعشی پێوەماوە، لەوێ نوێنەری کریستیانەکان دەبینم و لەوێ پابەندبوونمان بە نۆژەنکردنەوەی چەند ناوچەیەک رادەگەیێنم، هەروەها هەلی ئەوەم دەبێ لەگەڵ نوێنەرانی سوننە و دەسەڵاتدارانی کورد و جەنگاوەرانی کورد کۆببمەوە و پشتگیری خۆم و فەرەنسایان بۆ دووپات بکەمەوە وەکو چۆن پشتگیریمان بۆ ئێزدییەکان دووپاتکردەوە."