بۆچی ژنانی سەرکردە لە کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا لە پیاوان سەرکەوتووتر بوون؟

28-08-2020
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆرۆنا سەلماندی ژنانی سەرکردە لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە پیاوانی سەرکردە سەرکەوتووترن. لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ژنان سەرکردایەتی دەکەن ئاماری تووشبوون و مردن بەو پەتا جیهانییە کەمتر بووە.
 
تەنیا 7%ـی سەرکردەکانی جیهان ژنن بۆ نموونە لە وڵاتانی نیوزلەندا، ئەڵمانیا، فینلاند، نەرویج و دانیمارک و حکومەتی تایوان هەموو ئەمانەش لە ریزبەندی سەرکەوتووترین شوێنەکانی جیهانن لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.

 

مێرکڵ بە راستگۆیی دەستیپێکرد
 

ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاریی ئەڵمانیا یەکێک لە سەرکردەکانی جیهان بوو کە لە سەرەتاوە راستگۆیانە هۆشداریی دایە سەرکردە و دانیشتووانی وڵاتەکەی. مێرکڵ هەر لەسەرەتاوە گوتی، "ئەگەری هەیە 70%ـی دانیشتووانمان تووشی ڤایرۆسەکە بن بۆیە دەبێت مەترسییەکە بە جیددی وەرگرین".
 
ئەڵمانیا بەخێرایی پشکنینی کۆرۆنای بۆ ئەو کەسانەی گومانی تووشبوونیان لێدەکرا لە بەردەم نەخۆشخانەکان دەستپێکرد، ژمارەی دەستنیشانکردنی تووشبووان رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبوو ، بەڵام بە جێبەجێکردنی سیاسەتی پشکنین و دۆزینەوەی تووشبووان و کەرەنتین کردنیان، ژمارەکە کەمبووەوە و توانیان کۆنترۆڵی بکەن. 
 
ئێستا ئەڵمانیا بە 82 ملیۆن و 200 هەزار دانیشتوو، 241 هەزار تووشبووی دەستنیشانکردووە و لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 9 هەزار و 360 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
تایوان؛ تەنیا 7 گیانلەدەستدان
 

پشکنینی گشتی، تەنیا لە ئەڵمانیا سەرکەوتوو نەبوو بەڵکو تایوانیش سیاسەتێکی هاوشێوەی پەیڕەوکرد. تسای ئینگ وون، سەرۆکی هەرێمی تایوان هەر لەمانگی یەکی 2020ـەوە ئەو سیاسەتەی جێبەجێکرد، نزیکەی 130 رێنمایی تەندروستیی دەرکرد و بڕیاریدا بە بەستنی ماسک و دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی لە شوێنە گشتییەکان.
 
لە 24 ملیۆن دانیشتوو تەنیا 487 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون و لەو ژمارەیەش تەنیا 7 کەس تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە، بۆیە جووڵانەوەی تسای ئینگ وون، سەرۆکی هەرێمی تایوان لە دژی کۆرۆنا بە یەکێک لە باشترین بەرەنگاربوونەوەکان لە جیهان دژی ئەو ڤایرۆسە دادەنرێت.
 
نیوزلەندا یەکەم هەنگاوی کەرەنتینی گشتیی بوو
 

جاسیندا ئاردرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا رێکارێکی دیکەی گرتەپێش و کاتێک تەنیا شەش تووشبوو لەو وڵاتە دەستنیشانکران، کەرەنتینی گشتیی راگەیاند و چوونی گەشتیارانی بیانی بۆ دوورگەکە قەدەخەکرد.
 
خێرایی و بەهێزیی لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، نیوزلەندای لە کۆرۆنا رزگارکرد، لەو وڵاتە کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 5 ملیۆن کەسە تەنیا هەزار و 714 تووشبوو دەستنیشانکراون و تاوەکو ئێستاش تەنیا 22 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
فینلەندا؛ گەنجترین سەرۆکی جیهان لە شەڕی کۆرۆنا
 

ساننا مارین، لە مانگی 12ـی 2020 ئەو کاتەی بەبێ دەنگی کۆرۆنا لە چین سەریهەڵدا، بووە گەنجترین سەرۆکی جیهان. تەنیا دوای چەند هەفتە کاتێک مەترسییەکانی ئەو پەتا جیهانییە ئاشکرابوو مارینی تەمەن 34 ساڵ داوای لە خەڵکەکەی کرد ئەزموونی خۆیان لە نەخۆشییەکان لەگەڵ یەکدی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس بکەن. 
 
ئەو پێیوابوو لەنێوان هەواڵی ناڕاست، ئاماری راست و دروست بە پشتبەستن بە ئەزموونی نەخۆشەکان، باشتر دەتوانێت هاندەری هاووڵاتیانی بێت لە خۆپارێزیی و بە جیدیی گرتنی ڤایرۆسەکە.
 
فینلەندا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی پێنج ملیۆن و 540 هەزار کەسە، 8 هەزار و 42 تووشبووی دەستنیشانکردووە و لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 335 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
دانیمارک بە کەرەنتینی گشتیی دەستیپێکرد
 

دانیمارک یەکێکە لە یەکەمین وڵاتە ئەوروپییەکان کە کەرەنتینەی گشتیی بەسەر خەڵکەکەیدا سەپاند تاوەکو رێگریی بکات لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەو وڵاتە و توانی سەرکەوتنی باشیش بەدەستبهێنێت.
 
دانیمارک هەروەها یەکێک بوو لە یەکەمین وڵاتانی ئەوروپی کە پەیوەندییە فیزیکییەکانی نێوان هاووڵاتییانی وڵاتەکەی سنووردارکرد. مێت فرێدرێکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک لەبارەی سیاسەتەکانی حکومەتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا گوتبووی "لەوانەیە کەمێک هاوشێوەی رۆشتن بەسەر گوریسێکدا بێت، ئەگەر نەجوڵێین دەکەوین، ئەگەر زۆر خێرایش بڕۆین لەوانەیە تووشی هەڵە ببین؛ هەربۆیە پێویستە بە ئاگاییەوە هەنگاو بنێین".
 
لە دانیمارک کە ژمارەی دانیشتووانی 5 ملیۆن و 792 هەزار و 202 کەسە، تاوەکو ئێستا 16 هەزار و 700 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 624 کەس گیانیان لەدەستداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارکۆ روبیۆ، پیت هێگسیس و مایکڵ وۆڵتز

سێ گرنگترین ئەندامی کابینەکەی ترەمپ لایەنگری کوردن

رۆژی 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کرا، دۆناڵد ترەمپی کۆماری توانی بە جیاوازییەکی بەرچاو لە کامالا هاریسی دیموکرات بباتەوە. ترەمپ هێشتا سوێندی یاسایی نەخواردووە و بە فەرمی نەچووەتە کۆشکی سپی، بەڵام وردە وردە دەستی بە دروستکردنی پەیکەری کابینەکەی کردووە. سێ لە هەرە گرنگترین ئەندامەکانی ئەو کابینەیە، پێشتر لایەنگیرییان بۆ کورد و هەرێمی کوردستان راگەیاندووە.