بەهۆی پاڵەپەستۆوە کۆچبەرێک لە نۆکەندی ئینگلیز گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

کۆچبەرێک لەکاتی پەڕینەوەی لە نۆکەنگی ئینگلیز لەنێو بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەر گیانی لەدەستدا، ئەمە حەوتەم کۆچبەرە لە 12ی تەممووزەوە بەهۆی پاڵەپەستۆی زۆر لەنێو بەلەمدا گیان لەدەست بدات.
 
بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن، دیاردەیەکی نوێ سەریهەڵداوە، کۆچبەران بەهۆی پاڵەپەستۆی نێو بەلەمەکانەوە دەمرن نەوەک بە خنکان. بەگوتەی پاسەوانی دەریایی فەرەنسا، ئەو بەلەمەی کۆچبەرەکەی لەنێودا مردووە، 75 کۆچبەری هەڵگرتووە و لە کەناراوەکانی کالێ لە باکووری فەرەنسا بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتووە.
 
بارکردنی 75 کەس لەنێو بەلەمە چووپەکە، کۆچبەرانی ناچارکردووە داوای یارمەتی بکەن، پاسەوانی دەریایی فەرەنسا 35 کەسیان وەرگرتووە و ئەوانی دی سەرەڕای هەلومەرجی مەترسیدار لە نۆکەندی ئینگلیز، لە گەشتەکەیان بەرەو بەریتانیا بەردەوام بوون.
 
12ی تەممووزی ئەم ساڵ، چوار کەس لەکاتی پەڕینەوە بۆ بەریتانیا لەنێو بەلەم گیانیان لەدەستدا، لە 17ی تەممووزیش ژنێکی ئەریتیریایی بەهەمان شێوە گیانی لەدەستدا، لە 19ی تەممووزیش کۆچبەرێکی دیکە گیانی لەدەستدا کاتێک بەلەمێکی بچووک بە 86 کەسەوە ویستبووی بپەڕێتەوە بەریتانیا.
 
لە 2023دا، تەنیا 12 مردن لە نۆکەندی ئینگلیز تۆمارکران، بەڵام لەم حەوت مانگەی 2024 مردن لەو دەریایە گەیشتە 23 کەس.
 
لە حەوت مانگی ئەم ساڵدا زیاتر لە 12 هەزار کۆچبەر بە بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە بەریتانیا. لە شەش مانگدا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی پەڕیونەتەوە، زۆر زیاتر بوونە لە شەش مانگی 2023.