هێشتا تۆڕی شەمەندەفەری فەرەنسا چاکنەکراوەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

لە یەکەم رۆژی بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس لە رۆژی شەممە، هێشتا تۆڕی شەمەندەفەری ئەو شارە بەهۆی کاری تێکدەرانە لەژێر پرۆسەی چاککردنەوەدایە. هەزاران گەشتیار کە بۆ سەیرکردنی یارییەکان چوونەتە پاریس، نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی مەبەست.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای تۆڕی نیشتمانیی شەمەندەفەری فەرەنسا کە کۆمپانیایەکی حکومییە، رایگەیاندووە تاوەکو رۆژی دووشەممە هەموو کێشەکانیان چارەسەردەکەن و هاتووچۆ لە رێگەی شەمەندەفەرەوە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام وەزارەتی گواستنەوەی فەرەنسا رایگەیاندووە، لەو 800 هەزار کەسەی کە بەنیازن لە رۆژانی کۆتایی ئەم هەفتەیە (شەممە و یەکشەممە) گەشت بکەن، گەشتی 160 هەزار کەسیان هەڵوەشاوەتەوە.
 
بەپێی بەرپرسانی فەرەنسا یەک لەسەر سێی گەشتی شەمەندەفەرەکان لە باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای فەرەنسا هەڵوەشاونەتەوە.
 
هەروەها یەک لەسەر چواری گەشتی شەمەندەفەرە خێراکانی نێوان لەندەن - پاریس و برۆکسل - پاریس هەڵوەشێندراوەتەوە.
 
هێشتا هیچ گرووپێک بەرپرسیارییەتی تێکدانی کێبڵی کارەبای هێڵی شەمەندەفەرەی فەرەنسای لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام تێکدانی کێبڵەکان گواستنەوەی لە رێگەی شەمەندەفەرەوە لە فەرەنسا پەکخستووە.
 
رۆژی هەینی کە رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆڵیمپیاد بەڕێوەچوو، بەهۆی تەقاندنەوە و تێکدانی بەشی کارەبایی تۆڕی شەمەندەفەری فەرەنسا، گەشتی 250 هەزار کەس هەڵوەشێندرایەوە و لە رۆژی شەممەش هێشتا گەشتیارێکی زۆر نەیانتوانی لە رێگەی شەمەندەفەرەوە گەشت بکەن.