نەتەوەیەکگرتووەکان: ساڵی رابردوو 19 کۆچبەر لە سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس گیانیان لەدەستداوە

28-07-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو - هەولێر

ریپۆرتەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، مامەڵەی حکومەتی پۆڵەندا لەگەڵ پەناخوازانی ئۆکراینی و هاووڵاتییانی وڵاتی سێیەم زۆر لەیەکەوە جیاوازە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵی رابردوو لە سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووس 19 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە. 
 
مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازانی پۆڵەندی و هاووڵاتییانی وڵاتی سێیەم
 
ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە مافی کۆچبەران ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-7-2022 رایگەیاند، لە کاتێکدا پۆڵەندا پێشوازی لە ملیۆنان پەناخوازی ئۆکراینی کردووە کە لە جەنگ هەڵاتوون، هاووڵاتییانی وڵاتانی سێیەم کە لە هەر لەو ململانێیە هەڵاتوون، مامەڵەیەکی دیکەیان لەگەڵ دەکرێت و هاوشێوەی ئۆکراینییەکان یارمەتیان نادرێت. 
 
فیلیپۆ مۆرالیس، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە مافی کۆچبەران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی ئۆنلایندا بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەو کەسانەی کە جەنگ کاریگەری لەسەریان هەبووە بریتین لە دانیشتووانی ئۆکرانیا، کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە کە پێش هەڵگیرساندنی شەڕ لە ئۆکراینا بوون و ئەو پەناخوازانەش کە پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا داوای مافی مانەوەیان لە ئۆکرانیا کردبوو.
 
ریپۆرتەرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ماوەی رابردوودا سەردانی پۆڵەندا و بێلاڕووسی کردبوو، گوتیشی، ئەو جیاوازیی مامەڵەیەی لەنێو پۆڵەندا لەنێوان هاووڵاتییانی ئۆکراینی و هاووڵاتییانی وڵاتی سێیەم دەکرێت، دەردەکەوێت و ئەوەش جێگەی نیگەرانییە. 
 
سەرەڕای ئەوە، گۆنزالێز مۆرالێس دەستخۆشی لە پۆڵەندا کرد کە میوانداری زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەری ئۆکراینی کردووە و مۆڵەتی کارکردنیان، چاودێری تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتیەکانی دیکەی پێداون. هەروەها ستایشی ئەو پۆڵەندییانەی کرد کە لە ماڵەکانیاندا خەڵکی ئۆکراینایان حەواندووەتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن و گوتیشی: "ئەمە ئەوەمان بۆ رووندەکاتەوە کە بۆچی لە پۆڵەندا کامپی پەنابەران نابینم."
 
بەڵام گۆنزالێز مۆرالێس نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر نەبوونی بژاردەی لەباربردنی منداڵ لە پۆڵەندا بۆ ئەو ژنانەی کە لە ئۆکراینا دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، سەرەڕای ئەوەی کە لە یاسای پۆڵەندا رێگەی پێدراوە.
 
گیانلەدەستدانی 19 کۆچبەر لە سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس
 
ریپۆرتەرە تایبەتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستە سەر دۆخی سنووری هاوبەشی نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیش، کە هەزاران کۆچبەر لە هاوینی رابردووەوە تێیدا گیریان خواردووە. بەپێی ئەنجامی بەدواداچوونەکانی گۆنزالێز مۆرالێس، لانیکەم 19 کەس لە هەردوو دیوی سنوورەکە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆر کۆچبەریش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
 
گۆنزالێز مۆرالێس گوتی، ئەمساڵ دۆخەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو باشتر بووە، بەڵام هێشتا هەندێک لە کۆچبەران لە دارستانە سنوورییەکان گیریان خواردووە.
 
هاوین و پاییزی رابردوو، یەکێتیی ئەوروپا ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە کۆچبەرانی باشووری کوردستان، عێراق، سووریا و وڵاتانی دیکە وەک کارتێک بەکاردەهێنێت بۆ ناسەقامگیرکردنی یەکێتیی ئەوروپا، ئەوەش وەکو "تۆڵەسەندنەوەیەک" لە بەرامبەر سزاکانی سەر حکومەتەکەی. 
 
دەسەڵاتدارانی بێلاڕووس رەتیانکردەوە هۆکاری قەیرانەکە ئەوان بن؛ بەڵام گۆنزالێز مۆرالێس گوتی، بێلاڕووس هیچ بەڵگەیەکی پێشکێش نەکردووە بۆ پشتگیریکردن لەو گوتەیەی بەرپرسانی و گوتیشی، بێلاڕووس لە ساڵی 2021دا ڤیزەی بەکۆمەڵی بە هاووڵاتیانی عێراق دا و هەر جارێک 30 کەس ڤیزاەەیان وەرگرتووە. 
 
جگە لەوەش، پاسەوانانی سنووری بێلاڕووس بە تەواوی ئاگاداری گرووپێکی دوو هەزار و 500 کەسیی کۆچبەران بوون کە لە سنووری پۆڵەندا نزیک دەبوونەوە، بەڵام هەوڵیان نەداوە رێگرییان لێبکەن. 
 
لە دیوی سنووری پۆڵەندا، کۆچبەران کۆدەکرانەوە و بە زۆر دەگەڕێندرانەوە بۆ بێلاڕووس. گۆنزالێز مۆرالێس لەو بارەوە گوتی، تاوەکو ئێستاش "کۆچبەران بە زۆر ئەملا و ئەولایان پێدەکرێت. لیستێکی درێژ هەیە کە پێشانیدەدات مافی مرۆڤ پێشێل کراوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.