مووشەکێکی چینی لە کۆنترۆڵ دەرچووە و نازانرێت بەر چ ناوچەیەکی زەوی دەکەوێت

28-07-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مووشەکێکی بۆشایی ئاسمانی چینی لە کاتی هاتنەخوارەوەی بەرەو زەوی، لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا بە هێزەوە خۆی بە زەویدا بکێشێت، بەڵام تائێستا نازانرێت لە کوێ دەکەوێتە خوارەوە. 
 
کێشی مووشەکەکە 21 تۆنە و پارچەیەک بووە لە کەشتیی ئاسمانیی لۆنگ مارچ 5B کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو نێردرایە خوولگەی ئاسمان، لە کاتێکدا کە چین سەرقاڵی تەواوکردنی دامەزراندنی وێستگەیەکی بۆشایی ئاسمانییە. 
 
ناوەندێکی ئەمریکیی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە گەشتی کەشتییە ئاسمانییەکان، چاودێریی هاتنەخوارەوەی مووشەکە چینییەکەی کردووە و وا مەزەندە دەکات کە مووشەکەکە لە دەوروبەری کاژێر 10:30ی بەیانیی 31ی تەممووز بە کاتی هەولێر بکەوێتەوە خوارەوە، یان 22 کاژێر پێش یان پاش ئەو کاتە دەکەوێتە خوارەوە. 
 
بە تێپەڕبوونی کات، ئەم پێشبینییە دەگۆڕێت و نوێدەکرێتەوە. شارەزایان دەشڵێن هێشتا زۆر زووە بزانرێت لە کوێ دەکەوێتە خوارەوە. 
 
ناوەندە ئەمریکییەکە باس لەوە دەکات کە هەر کە مووشەکە لەدەستدەرچووەکە هاتەوە نێو بەرگە هەوای زەوی، بەشێکی زۆری لێ دەسووتێت و چاوەڕێدەکرێت لە کۆی 21 تۆن، 5 تاوەکو 9 تۆنی لێ بمێنێتەوە. 
 
ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پاشماوە خوولگەییەکانی سەر بە دامەزراوەی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (CORDS)، دەڵێت: "بەشێوەیەکی گشتی، ئەوەی کە پەیوەندیی بە بەشی سەرەوەی مووشەکەکەوە هەیە، تانکە قەبارە بچووک و مامناوەندەکان دەمێننەوە یان کەم تا زۆر تێکدەچن، بەشە گەورەکانی بزووێنەرەکەش بەهەمانشێوە. تانکە گەورەکان و رووپۆشی مووشەکە چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکرێت لەیەک هەڵبوەشێنەوە. هەروەها دەبینین وردە کەلوپەلی وەکو دابڕێنەرەکان دەکەونە خوارەوە."
 
ئەمە سێیەم جارە چین مووشەکی چینی لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و بە هەڕەمەکی بکەوێتە سەر زەوی. ئایاری ساڵی رابردوو، مووشەکێک کە هەندێ کەلوپەلی وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی چینی گەیاندە خوولگەی زەوی، بە خێرایێکی هێندە بەرز هاتە خوارەوە کە ئەستەم بوو بزانرێت بەر کام شوێن دەکەوێت. 
 
پاشماوەکە لە هەر 90 خولەکدا خولێکی بە دەوری زەویدا لێدەدا. ساڵی پێش ئەوەش بە هەمانشێوە، پاشماوەی کەشتیێکی ئاسمانیی چینی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.