حکومەتی ئیسپانیا لە دژی کەتەلۆنیا سکاڵا تۆمار دەکات

رووداو- هەولێر

حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاند لە دادگای دەستووریی ئەو وڵاتە لە دژی بڕیاری سەرانی هەرێمی کەتەلۆنیا بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی سکاڵا تۆمار دەکات. 

ماریانۆ راخۆی، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند ئەو دژی ئەنجامدانی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا و جیابوونەوەیەتی لە ئیسپانیا و لەو باوەڕەشدایە ویستی سەرانی هەرێمی کەتەلۆنیا نایاسایی و پێچەوانەی دەستوور بێت، هەر بۆیە لە دادگای دەستووریی سکاڵا تۆمار دەکات. 

ئەندامانی پەرلەمانی کەتەلۆنیا چەند گۆڕانکارییەکیان لە رێنماییەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی گشتپرسییەکە بە مەبەستی خێراتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیان پەسندکرد.

بە گوێرەی پلانی سەرکردە جوداخوازەکانی کەتەلۆنیا، بڕیارە رۆژی یەکی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا بەڕێوەبچێت. 

حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاندووە رێگە بە ئەنجامدانی گشتپرسییەکە نادات؛ حکومەتی ئیسپانیا پێشتریش رێگریی لە هەوڵەکانی ئەنجامدانی گشتپرسیی لە کەتەلۆنیا کردووە. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان