رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان رایگەیاند، دیبەیتەکەیان باش بەڕێوەچووە، بەڵام دەشڵێت: "دیبەیت لەگەڵ درۆزن قورسە".
رۆژی هەینی، 28ـی حوزەیرانی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە رێستۆرانتێکی شاری ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا کە دیبەیتەکەی تێدا بەڕێوەچوو؛ رایگەیاند: "دیبەیتەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوو".
بایدن لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا رایگەیاند، ئەو بە پێچەوانەی بەشێک لە لایەنگرانی دیموکراتەکان بیر دەکاتەوە لەوەی کە لە دیبەیتەکە لاواز دەرکەوتبێت.
بایدن پاساوی هێنایەوە گوایە تەندروستیی باش نەبووە و قورگی ئەستوور بووە. گوتیشی: "قورسە دیبەیت لەگەڵ درۆزن بکەیت". میدیای ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، ترەمپ لە دیبەیتەکەدا "26 جار درۆی کردووە."
وەڵامەکانی بایدن بەدڵی بەشێک لە لایەنگرانی دیموکراتەکان نەبوون، بەشێکییان پرسی ئەوەیان وروژاند کە دەبێت بیر لە گۆڕینی بایدن وەکو بەربژێری دیموکراتەکان بکرێتەوە.
یان ساکی، سکرتێری پێشووی رۆژنامەڤانیی بایدن رایگەیاند، ئەوان لەجیاتی ئەوەی هێرش بکەنە سەر ترەمپ بیر لەوە دەکەنەوە پێویستە بایدن بگۆڕن یان نا.
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دیبەیتەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا گوتی: "بایدن دەستپێکێکی خاوی هەبوو، بەڵام بە بەهێزی کۆتایی پێهێنا".
دوای تەواوبوونی دیبەیتەکەی نێوان ترەمپ و بایدن، لە راپرسییەکدا کە لەنێو ستۆدیۆی کەناڵی (سی ئێن ئێن) بەڕێوەچوو هاووڵاتییان سەرنجی خۆیان لەبارەی ئاستی هەردوو رکابەرەکە خستەڕوو؛ 67٪ـی ئەوانەی بینەری دیبەیتەکە بوون دەنگیان بە سەرکەوتنی ترەمپ داوە و 33٪ـیش گوتوویانە بایدن باشتر بووە.
لە دیبەیتە 90 خوولەکییەکەی نێوان هەردوو بەربژێری سەرەکیی دیموکرات و کۆمارییەکان چەندین پرسی گرنگی وەکو کۆچبەران، ئاسایشی سنوور، سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوە، چاودێری تەندروستی گفتوگۆیان لەسەر کرا.
ئەوە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتی نێوان هەردوو بەربژێری سەرەکی دیموکرات و کۆمارییەکان بوو، دیبەیتی دووەمیش لە 10ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بە چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ