جێگری سەرۆکی ئەمریکا: لە دیبەیتەکە بایدن بە خاوی دەستی پێکرد و بە بەهێزی کۆتایی پێهێنا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت جۆ بایدن لە دیبەیتەکەی بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ بە خاوی و هێواشی دەستیپێکردووە، بەڵام بە بەهێزی کۆتایی پێهێناوە. ئەو داوای لە دەنگدەران کرد، "سەرنج بخەنە سەر دەستکەوتەکانی بایدن نەک ئاستەکەی."
رۆژی پێنجشەممە، 28-06-2024، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دیبەیتەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوو و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا گوتی: "بایدن دەستپێکێکی خاوی هەبوو، بەڵام بە بەهێزی کۆتایی پێهێنا."
کامالا هاریس هەروەها داوای لە دەنگدەرە ئەمریکییەکان کرد: "سەرنج بخەنە سەر دەستکەوتەکانی بایدن نەوەک ئاستی ئەو لە دیبەیتەکە."
دیبەیتی دوو سەرۆکەکە کاژێر 9:00ـی شەوی پێنجشەممە بە کاتی واشنتن و 4:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە کاتی هەولێر بەڕێوەچوو. هەردووکیان لەسەر پێ بۆ ماوەی 90 خولەک مشتومڕیان لەسەر بابەتگەلێکی زۆر کرد. لە دیبەیتەکە بایدن 35 خولەک و ترەمپیش 40 خولەک قسەیانکرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، لەماوەی سەرۆکایەتیی جۆ بایدندا "گەشەی هەلی کار" لە ئەمریکا لەدوای کۆرۆنا پاشەکشەی کرد.
بایدن ئاماژەی بەوەدا راستە ئەو 81 ساڵە، بەڵام رکابەرەکەشی سێ ساڵ لەخۆی گەنجترە و جیاوازییەکی زۆریان نییە: "هەرچەندە لەمن بچووکترە، بەڵام ئەو بێتوانایە."
بایدن لە باسی کەرتی تەندروستیی وڵاتەکەی بۆ چەند چرکەیەک وەستا و زنجیرەی بیرکردنەوەی پچڕا، دواتر ترەمپ گوتی: "نە من دەزانم باسی چی دەکات، نە خۆیشی دەزانێت."