ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی: پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ئامادە دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ ئامادە دەکات و رادەستی هاوبەشەکانی دەکات. گوتەکەی سەرۆکی ئۆکراینا لە کاتێکدایە، راوێژکارانی ئاسایشی دۆناڵد ترەمپ پلانێکیان داوەتە بەربژێرەکەی کۆمارییەکان تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. سەرۆکایەتیی رووسیاش دەڵێت، ئامادەی دانوستاندنن، بەڵام دەبێت ئەو دۆخە لەبەرچاو بگیرێت بەم دواییانە لە ئۆکراینا دروستبووە.
 
رۆژی هەینی 28-6-2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کیێڤ لەگەڵ ناتاشا موسار، سەرۆکی سلۆڤینیا کۆبووەوە و  دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا قسەی کرد و گوتی: "زۆر گرنگە پلانێک ئامادە بکەین کە لە رێگەیەوە بتوانین کۆتایی بەم جەنگە بێنین و ئەو پلانەش لە لایەن بەشی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی بکرێت."
 
زیلنسکی وردەکاری لەبارەی پلانەکە ئاشکرا نەکرد، بەڵام ئەوەندەی گوت، ئامانجەکە ئەوەیە پلانەکە پێش کۆتایی ئەمساڵ ئامادە بکرێت.
 
ئەم گوتەیەی سەرۆکی ئۆکراینا لە کاتێکدایە، لە 5ی تشرینی دووەم ئەم ساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و راپرسییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەرفەتی سەرکەوتنی لە جۆ بایدنی رکابەری زیاترە.
 
ئەنجامی نوێترین راپرسی ئەو بوارە رۆژی 27-06-2024 بڵاوکرایەوە و تێیدا دەردەکەوێت، 48٪ی ئەو کەسانەی بۆچوونیان وەرگیراوە، دەنگ بە ترەمپ دەدەن و 44٪یان دەنگ بە بایدن دەدەن.
 
دۆناڵد ترەمپیش نایەوێت پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا لە لایەن واشنتنەوە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت. ترەمپ رۆژی 27-6-2024 لە دیبەیتەکەیدا لەگەڵ بایدن گوتی، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت، کۆتایی بەو شەڕە دەهێنێت.
 
کەیس کێڵۆگ و فرێد فلەیتز، راوێژکارانی بواری ئاسایشی دۆناڵد ترەمپ پلانێکی تایبەتیان بە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە داوەتە بەربژێرەکەی پارتی کۆماری.
 
خاڵێکی سەرەکی پلانەکە ئەوەیە، دەبێت ئۆکراینا دەست بە دانوستاندنی ئاشتی بکات بۆ ئەوەی واشنتن لەسەر هاوکاریکردنی بەردەوام بێت. خاڵێکی دیکەی پلانەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر مۆسکۆ ئامادەی گفتوگۆکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە نەبێت، پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ کیێڤ زیاتر دەبن.
 
فلەیتز لەبارەی وەڵامی دۆناڵد ترەمپەوە بۆ پلانەکە گوتی، خۆشحاڵن بەو وەڵامەی پێیان دراوەتەوە.
 
رووسیاش لەبارەی ئەو بابەتەوە قسەی هەیە. دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) دەڵێت، بۆچوونی مۆسکۆ ئەوەیە کە هەر پلانێکی ئاشتی لە لایەن ئیدارەی داهاتووی ئەمریکاوە ئامادە بکرێت، دەبێت رەنگدانەوەی ئەو دۆخە بێت لە ئۆکراینا هاتوەتە ئاراوە.
 
پێسکۆڤ رایگەیاند، "سەرۆک پووتین بەردەوام رایگەیاندووە کە رووسیا بۆ دانوستاندن ئامادەیە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی لەسەر زەوی هەیە."
 
لە رۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگەدا کۆنفرانسێکی ئاشتی لە سویسرا رێکخرا و شاندی زیاتر لە 100 وڵات و رێکخراو تێیدا ئامادە بوون.
 
زۆرینەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە پاڵپشتیان لە راگەیێندراوی کۆتایی لووتکەکە کرد کە جەختی لە یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا دەکردەوە، بەڵام ژمارەیەکی دیکە لە بەشداربووان، وەک هیندستان، لەگەڵ ئەو راگەیێندراوەدا نەبوون. چەند وڵاتێکی دیکەش وەک چین لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارییان نەکرد، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی رووسیا بانگهێشت نەکرابوو.
 
ئەندرێ یەرماک، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، کیێڤ دەیەوێت پێش کۆتایی ئەم ساڵ کۆنفرانسێکی دیکەی ئاشتی لە سعودیە رێکبخرێت.