بایدن: لە دیبەیتەکە قوڕگم ئەستوور ببوو، ترەمپیش 26 درۆی گەورەی کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دوای دیبەیتەکەی لەگەڵ سەرۆکی پێشوودا دەڵێت، "پێموایە باش بووین، بەڵام قوڕگم ئەستوور ببوو و ترەمپیش 26 درۆی گەورەی کرد."
رۆژی پێنجشەممە 27-06-2024 یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 بەڕێوەچوو.
دوای تەواوبوونی دیبەیتەکە بایدن سەردانی خواردنگەیەکی کرد و گوتی، "پێموایە لە دیبەیتەکە باش بووین." یەکێک لە رۆژنامەڤانەکان لێی دەپرسێت، "پێتوایە ئاستت چۆن بوو؟" بایدن لە وەڵامدا هێرش دەکاتە سەر ترەمپی رکابەری و دەڵێت، "قورسە لەگەڵ درۆزنان دیبەیت بکەیت، نیویۆرک تایمز دەڵێت: ترەمپ لە دیبەیتەکە 26 درۆی گەورەی کرد."
بایدن لەبارەی تەندروستیی خۆی گوتی، "قوڕگی ئەستوور بووە."
دیبەیتەکەی نێوان ترەمپ و بایدن یەکەم دیبەیتی مێژووی ئەمریکا بوو کە لەنێوان سەرۆکێکی ئێستا و سەرۆکێکی پێشوو بەڕێوەبچێت. دوایین جار دوو سەرۆکەکە لە ساڵی 2020 دوو دیبەیتیان کرد و ئەمە سێیەم دیبەیتی نێوانیان بوو لە چوار ساڵدا.
ترەمپ 40 خولەک و بایدنیش 35 خولەک قسەیان کرد. دوو رکابەرەکە لەسەر چەند بابەتێک مشتومڕیان کرد و چەند جارێکیش بە وشە و قسە هێرشیان کردە سەر یەکدی، بە جۆرێک کە ترەمپ بە بایدنی گوت، "درۆزنی وام لە ژیانی خۆم نەبینیوە، سەیری نێو چاوەکانت دەکات و درۆت لەگەڵ دەکات."
ترەمپ هەروەها رەخنەی لە بایدن گرت کە بەهۆی سیاسەتی ئەوەوە "ئێمە لە جەنگی سێیەمی جیهانی زۆر نزیکین."
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دیبەیتەکەی نێوان ترەمپ و بایدن گوتی، "جۆ بایدن دەستپێکێکی خاوی هەبوو، بەڵام بە بەهێزی کۆتایی پێهێنا."
هاریس داوای لە دەنگدەرە ئەمریکییەکان کرد، "سەرنج بخەنە سەر دەستکەوتەکانی سەرۆک بایدن نەوەک ئاستی ئەو لە دیبەیتەکە."
دوای تەواوبوونی دیبەیتەکە، رای ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەمریکی وەرگیرا، کە راستەوخۆ بینەری دیبەیتەکە بوون. لە راپرسییەکەدا هاتووە، %67ی بینەران دەڵێن، ترەمپ دیبەیتەکەی بردووەتەوە و 33%ی بینەرانیش دەنگیان بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا داوە.
پەیوەست بە پێش دیبەیتەکەیە، 55% گوتیان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و 45%یش گوتیان بایدن دەیباتەوە.