جۆ بایدن: تاکە لایەن کە بەردەوامیی بە شەڕەکە دەدات حەماسە
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم دیبەتی سەرۆکایەتیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، باسی لە جەنگی غەززە کرد و حەماسی بە "بەردەوامیدان بە شەڕەکە" تۆمەتبار کرد. ترەمپیش بایدنی بە "لایەنگری فەلەستین" تۆمەتبار کرد.
رۆژی هەینی، 28ـی حوزەیرانی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری سەرەکی دیموکراتەکان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
بایدن لە دیبەیتەکەدا حەماسی بە بەردەوامیدان بە شەڕەکە تۆمەتبار کرد: "تاکە لایەن کە شەڕەکەی دەستپێکرد و بەردەوامی پێدەدات حەماسە، ئێمە هێشتا هەوڵدەدەین کە ئەوان ئاگربەستەکە قبووڵ بکەن."
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد کە دەبێت حەماس کۆتایی پێبهێندرێت و نابێت لە فەرمانڕەوایی غەززە بەردوامبێت: "حەماس نابێت رێگەی بدرێت بەردەوام بێت، ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی شارەزایان و کەسە هەواڵگرییەکانمان بنێرین بۆ ئەوەی کە حەماس کۆتایی پێبێنین."
لە بەرامبەردا ترەمپ رەخنەی ئەوەی لە بایدن گرت کە لایەنگیری فەلەستینییەکان دەکات و گوتی: "رێگەنادات ئیسرائیل لە جەنگی دژی حەماس کارەکەی تەواو بکات".
ترەمپ گوتیشی: "ئەو [بایدن] نایەوێت ئەوە بکات، ئەو وەکو فەلەستینییەک وایە، بەڵام ئەوان [فەلەستینییەکان] حەزییان پێی نییە، چونکە فەلەستینییەکی خراپە، فەلەستینییەکی لاوازە".
رۆژی 31ی ئایاری ئەم ساڵ، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیاند. پلانەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت.
قۆناخی یەکەمدا بریتییە لە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی کە تێیدا بارمتە ژن، منداڵ و نەخۆشەکان ئازادبکرێن، "سەدان" زیندانی فەڵەستینی لەلایەن تەلئەڤیڤەوە ئازادبکرێن، سوپای ئیسرائیل لە شارەکان بکشێتەوە و رۆژانەش 600 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە.
لە قۆناخی دووەمدا، جەنگ بە تەواوی کۆتاییبێت، سوپا بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و هەموو ئەو بارمتانەی ماون ئازادبکرێن.
قۆناخی سێیەمیش بریتییە لە داڕشتنی پلانێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا و دامەزراندنی حکومەتێک لەو بەشەی فەڵەستین کە حەماس هیچ رۆڵێکی تێدا نەبێت.
نۆ مانگە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە. هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ راگەیاندنی ئاگربەست تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.