گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی دەرکەوتنی تەرمەکانی چیای ئەڤرێست
رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی نیپاڵ لە چیای ئەڤرێست سەرقاڵی کۆکردنەوەی پاشماوەی گەشتیار و شاخەوانەکانن؛ ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشتر، پاشماوەی زیاتر کۆدەکەنەوە و ئەو تەرمانەشی پێشتر کەوتبوونە ژێر بەفرەوە دەدۆزنەوە.
ئەدیتا کارکی، سەرۆکی تیمی پاککردنەوە دەڵێت، "بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە تەرم و پاشماوەی زیاتر دەردەکەون، کە پێشتر بەفر دایپۆشیبوون. لەوانەیە بتوانین ئەو پاشماوەی ئەم ساڵ لەوێ جێهێڵدراوە و ئەوەی ساڵانی پێشتریش کۆبکەینەوە."
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی مەینی ئەمریکا، لە 25 ساڵی رابردوودا گۆڕانی کەشوهەوا 25 مەتری لە ئەستوورایی بەستەڵەکی ئەڤرێست کەمکردووەتەوە.
پێشبینیش دەکرێت لە هاوینی 2050، هەموو بەستەڵەکەکە بتوێتەوە. ئەدیتا کارکی، سەرۆکی تیمی پاککردنەوە ئاماژە بەوە دەکات، "تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو بووین لە دۆزینەوەی پێنج تەرم و کۆکردنەوەی 11 تۆن پاشماوە."
بەگوێرەی بەرپرسانی نیپاڵ، ساڵانە هەزار کەس هەوڵی گەیشتن بە لووتکەکە دەدەن، بەڵام تەنیا نیوەیان سەرکەوتوو دەبن. ئەم سەرکێشییە لە ساڵی 1920ـەوە بووەتە هۆی مردنی 330 کەس، کە تەرمی 200یان هێشتا نەدۆزراونەتەوە.
ئەوانەی دەچنە ئەو ناوچانە، پاشماوەیەکی زۆر لەدوای خۆیان جێدەهێڵن. سیلسیلا ئەچاریا، بەڕێوبەری کۆمپانیای ئەڤنی ئینچەر دەڵێت، "ئەو پاشماوەیەی کۆکراوەتەوە هی ئەو کەسانەیە کە بەسەر چیاکەدا هەڵگەڕاون، چونکە زۆربەیان خواردنی لەقوتوونراویان بردبوو. لەو ناوچەیە پێڵاو، جل و چادر دۆزراونەتەوە. شوشە و گوریسیش بەشێکی پاشماوەکان بوون."
لووتکەی ئەڤرێست بەرزترین لووتکەی جیهانە کە 8850 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە. نزیکەی 600 هەزار دۆلاریش بۆ ئەو تیمە تەرخانکراوە کە سەرقاڵی پاککردنەوەن.