پێشبینی دەکرێت پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆی فەرەنسا براوەی زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمان بێت

28-06-2024
لهۆن نەسرەدین
بانگەشەی هەڵبژاردنی ماری لوپێن و پارتەکەی لە فەرەنسا. وێنە: Christophe Petit Tesson / EPA
بانگەشەی هەڵبژاردنی ماری لوپێن و پارتەکەی لە فەرەنسا. وێنە: Christophe Petit Tesson / EPA
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارۆل دێلگا، گوندنشینێکی باشووری فەرەنسایە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2022دا دەنگی بە پارتێكی چەپ داوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی 30ی ئەم مانگە بۆچوونی گۆڕاوە و دەنگ بەو پارتە ناداتەوە. ناوەندێکیش بە دووری نازانێت بەرەی نیشتمانیی راستڕۆ لەو وڵاتە زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە.
 
تیری سال، جووتیاری فەرەنسا دەڵێت، "گوندنشینەکان سیاسەتی پارتە چەپەکانیان تاقیکردەوە؛ کاتی هاتووە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی حکومەت بکرێت، ماکرۆنییەکان نەیانتوانی گوندنشینەکان رازی بکەن."
 
ئاراستەیەک لە فەرەنسا دروستبووە کە بەلای پارتی بەرەی نیشتمانیی تووندڕۆدا دەڕوات؛ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، یەک لەسەر سێی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
 
لویک دلشا، بەربژێری ئەو بەرەیە، لە 2022 بە بەربژێرێکی چەپ دۆڕا، ئەمجارە هاتووەتەوە تاوەکو تۆڵەی سیاسیی خۆی بکاتەوە. ئەو دەڵێت، "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا هەموو شتێك دەرکەوت؛ زۆربەی خەڵک دەنگیان بە پارتی بەرەی نیشتمانی دا، ئێستاش دەبینین کە چۆن پێشوازیمان لێدەکەن، گۆڕانکاری بەڕێوەیە."
 
هەڵاوسان، گرانی، بێکاری و دابەشبوونی بیروبۆچوونی سیاسی لەسەر پرسە سەرەکییەکان وەکو یەکێتیی ئەورووپا؛ شەڕی ئۆکراینا و چەندین بابەتی دیکە؛ پێگەی حکومەتی فەرەنسا و پارتەکەی ماکرۆنیان لە شەقامی فەرەنسی لاواز کردووە.
 
بریس تانتۆریێ، بەرپرسێکی ناوەندی راپرسیی ئیپسۆس، بردنەوەی زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمان لەلایەن پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆ، بە دوور نازانێت.
 
بریس تانتۆریێ، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی راپرسیی ئیپسۆس دەڵێت، "کاتێك تەماشای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەکەیت، دەزانیت گۆڕانکارییەک بەڕێوەیە، بۆیە ئێمە وەکو ناوەندی ئیپسۆس بە دووری نازانین بەرەی نیشتمانی براوەی زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمانی فەرەنسا بێت."
 
لە هەڵبژاردنی 2022دا، پارتەکەی ماکرۆن لە کۆی 577 کورسی، براوەی 157 کورسی بوو؛ بەرەی نیشتمانی 87 کورسیی بەدەستهێنا. پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارانە گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا بێت و بەرەی نیشتمانی بۆ یەکەمجار سەرۆکایەتیی حکومەت وەربگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.