لە بەرازیل جۆرێکی حەشیش بە یاسا رێگەیپێدرا؛ بازرگانیکردن پێوەی نایاساییە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای بەرازیل دەنگی لەسەر بەیاساییکردنی بەکارهێنانی حەشیش دا. لە 11 ئەندام، هەشتیان پاڵپشتییان کرد، ئەوەش کاردانەوەی لەنێو دانیشتووانی شاری ریۆ دی جانیرۆ لێکەوتەوە.
ئێرکسۆن، کارمەندی چێشتخانە دەڵێت، "وەکو چۆن دەتوانیت زۆر بخۆیتەوە، پێویستە بتوانیت زۆریش بکێشیت. هەردووکیان هەمان شتن. ئەوەی دەیەوێت بکێشێت، با بیکات؛ ئەوەی دەیەوێت بخواتەوە، با بیکات. بە بۆچوونی من، ئەوەی پێویستە تاوان بێت بازرگانی پێوەکردنیەتی."
دادگە لە 700 جۆر حەشیش، تەنیا بەکارهێنانی ماریوانای بەیاسایی کرد. هێشتا بڕی بەکارهێنان بۆ هەر کەسێک ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پێدەچێت لەنێوان 25 بۆ 60 گرام بێت بۆ هەر کەسێک؛ بەڵام بازرگانی پێوەکردنی بە نایاسایی هێشتەوە.
تیرێسا تیریۆت، هاووڵاتی ئاماژە بەوە دەکات، "لەگەڵ بەیاساییکردنی بەکارهێنانی هەموو جۆرە مادەیەکم، چونکە ئەگەر بەکارهێنانیان بە یاسا رێکبخرێت، دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە قاچاخی، کە خەڵکێکی زۆر تێیدا دەکوژرێن. قاچاخچییەکی زۆر و ترسناک هەن، بۆیە پێویستە هەموو شتێک یاسایی بکرێت. دەتەوێت بکێشیت، بکێشە؛ دەتەوێت بخۆیتەوە، بخۆوە."
بەگوێرەی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کاروباری زیندانیان، کە سەر بە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی دادپەروەری و تاوانی بەریتانیایە، لە بەرازیل 840 هەزار زیندانی هەن؛ 28%یان بەهۆی بازرگانیکردن و قاچاخچێتیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستگیر کراون.
بەشێک لە هاووڵاتییانیش دژی بڕیارەکەن. ئەندرێسا ناسیمینتۆ، راهێنەر دەڵێت، "ماریوانە شتێکی باش نییە. ئەمە بە باش نابینم. منداڵانی ریۆ دی جانیرۆ خۆیان شتی باشیان کەمە. دەتوانیت بیر لەوە بکەیتەوە کە هەموو خەڵک ماریوانا بکێشن؟ نا نەخێر، بە شتێکی باش ناچێت. لەبەر منداڵەکانم و بۆ ئەم هۆکارە، پێموانییە بڕیارێکی باش بێت."
بەگوێرەی ماڵپەڕی کانەبیس بزنس تایمس، تاوەکو ئێستا 40 وڵات بە شێوە و بڕی جۆراوجۆر بەکارهێنانی لانیکەم جۆرێکی حەشیش، بەتایبەت ماریوانایان بەیاسایی کردووە.