بایدن بۆ ترەمپ: تۆ رەوشتی پشیلەی کۆڵانەکانت هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن لە دیبەتەکەیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری سەرەکی کۆمارییەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "رەوشتی پشیلەی کۆڵانەکانی هەیە".
 
رۆژی هەینی، 28ـی حوزەیرانی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. 
 
لە دیبەیتەکەدا بایدن هێرشی کردە سەر ترەمپ: "تۆ هێشتا بە تاوانبار ناسێندراوی، بیر لەو هەموو پێشێلکارییانە بکەوە کە هەتن. چەند ملیار دۆلار قەرزاری ئەو سزایانەی کە لەبەرامبەر دەستدرێژیی سێکسی خراونەتە سەرت، لەبەرامبەر ئەوەی کە سێکست لەگەڵ ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکانت کردووە، لەکاتێکدا کە هاوژینەکەت دووگیان بووە؟ تۆ رەوشتی پشیلەی کۆڵانەکانت هەیە".
 
ترەمپیش لەبەرامبەردا تۆمەتەکانی بایدنی رەتکردەوە: "من سێکسم لەگەڵ هیچ ئەکتەرێکی پۆڕن نەکردووە".
 
ترەمپ لە 31ـی ئایاری ئەم ساڵدا لەلایەن دادگەی مانهاتن لە نیویۆرک بەتاوانبار ناسێندرا، یەکێک لەو تۆمەتانەی کە بەسەریدا ساخکرایەوە، ئەوەبوو کە بەرتیلی بە ستۆرمی دانیاڵز، ئەکتەری فیلمە پۆرنەکان، داوە. 
 
هەرچەندە ترەمپ تۆمەتەکانی بەسەردا ساخکراونەتەوە، تاوەکو 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ شێوازی سزادانەی دیاری ناکرێت، بەڵام چاوەڕی دەکرێت تیمی پارێزەرانی ترەمپ تانە لە بڕیارەکە بدەن.
 
جگە لە کەیسی بەرتیلدان، ترەمپ سێ کەیسی یاسایی دیکەشی لەسەرە و تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020، کە لە بەرامبەر بایدن دۆڕاندی.