سەرۆکی بێلاڕووس: بە پووتینم گوت سەرۆکی ڤاگنەر مەکوژە

28-06-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی بێلاڕووس ئاشکرای دەکات کە داوای لە پووتین کردووە پیرگۆژین نەکوژێت. دەشڵێت بە پووتینی گوتووە کە "دەتوانین سەرۆکی ڤاگنەر لەناوببەین، بەڵام ئەو کارە مەکە چونکە دەرهاوێشتەی خراپی لێ دەکەوێتەوە."
 
بە نێوەندگیریی سەرۆکی بێلاڕووس، جووڵە چەکدارییەکەی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر بە شێوەیەکی ئاشتییانە کۆتاییهات، ئەو جووڵەیەی کە مۆسکۆ بە " هەوڵدان بۆ کودەتا بەسەر دامەزراوەی سەربازی وڵات" وەسفیکرد.
 
رۆژی 27-6-2023، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، لەبەردەم ژمارەیەک فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، باسی وردەکاری گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا و هەوڵی رازیکردنی یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جووڵە چەکدارییەکەی و گەڕانەوەیان بۆ کەمپەکانیان لە هەرێمی دۆنێتسکی ئۆکراینا.
 
لۆکاشینکۆ گوتی، "من بیرم کردەوە دەتوانین پریگۆژین لەناوببەین، بە پووتینم گوت، ئێمە دەتوانین لەناوی ببەین، هیچ کێشەیەک نییە، ئەگەر یەکەمجار نەمانتوانی دووەمجار دەتوانین، بەڵام بە پووتینم گوت، ئەو کارە مەکە؛ چونکە ئیدی گفتوگۆ نامێنێت، چەکدارانی ڤاگنەر باش دەزانن چۆن بەرگری لە یەکدی بکەن، ئەوان لە ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای باشوور شەڕیان کردووە و ئامادەی هەموو کارێکیشن. خۆ دەشتوانین کۆتایی بەوانیش بهێنین، بەڵام هەزاران سیڤیل و ئەوانەش کە دژی ڤاگنەرن، گیان لەدەستدەدەن".
 
سەبارەت بە گەورەبوونی لە رادەبەدەری گرووپی ڤاگنەر و ئەستەمیی کۆنترۆڵکردنیان، لوکاشینکۆ گوتی، "گلەییەکە دەبێت لە من و پووتین بکرێت، چونکە "ئێمە بە خراپی مامەڵەمان لەگەڵ بارودۆخەکە کرد، من و پووتینیش وامانزانی بارودۆخەکە خۆی چارەسەر دەبێت، بەڵام چارەسەر نەبوو و بینیمان پریگۆژین و [سێرگی] شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا لە بەرامبەر یەکدیدا وەستانەوە، ئەوەی کە دەبێت لێرە گلەیی لێ بکرێت من و پووتینین، چونکە لە کاتی خۆیدا رێکاری پێویستمان نەگرتە بەر".
 
لوکاشینکۆ هۆشداریدا لە بەکەم تەماشاکردنی ململانێی نێوان رووسیا و رۆژئاوا و گوتی، "ئەگەر رووسیا بڕووخێت، ئێمە لە ژێر داروپەردووەکاندا لە گۆڕ دەنرێین، هەموومان دەمرین؛ رووسیا چەقی شارستانییەتی ئێمەیە، راستە ئێمە وڵاتێكی سەربەخۆین و پرۆژە و بیرۆکەی خۆمانمان هەیە، بەڵام رووسیا بریتییە لە شارستانیەتی هاوبەشی ئێمە".
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، گرووپی ڤاگنەر یاخیبوونی لە سوپای رووسیا راگەیاند و ئاڕاستەی لوولەی تڤەنگەکانیان لە ئۆکرایناوە گۆڕی بۆ رووسیا. تا رۆژی دواتر گرووپی ڤاگنەر پێشڕەوییان کرد و "بەبێ خوێن ڕشتن" هەرێمی رۆستۆڤیان کۆنتڕۆڵکرد  و دواتر بەرەو پایتەخت کەوتنەڕێ. چەکدارانی گرووپەکە تەنیا 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوور بوون، هەڕەشەی دەستگیرکردنی وەزیری بەرگری و سوپاسالاریان دەکرد کە پریگۆژین تۆمەتباری کردوون بە هۆکاری کوژرانی هەزاران چەکداریان لەشەڕی ئۆکراینا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.