بایدن جەژنە پیرۆزە لە موسڵمانانی جیهان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربان، سەرۆکی ئەمریکا نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان دەکات. 
 
لە راگەێندراوێكی کۆشکی سپیدا کە ئەمڕۆ، 28-6-2023 بڵاوکرایەوە، سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسڵمانانی جیهان کرد و گوتی "من و جیڵی هاوژینم جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەموو ئەوانە دەکەین کە ئاهەنگی جەژنی قوربان، جەژنی مەزن و پیرۆزی موسڵمانان دەگێڕن". 
 
بایدن دەڵێت، نەریتی ئەم جەژنە "یادەوەریی چیرۆکی ئیبراهیم و ئەوپەڕی دڵسۆزی خێزانەکەی بۆ خودایە، ئەم جەژنە وەبیرهێنانەوەی گرنگی قوربانیدان، خێرکردن و هاوکاریکردنی بێبەختەکانی ئەم جیهانەیە."
 
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە کۆشکی سپی، بە ئامادەبوون و کۆبوونەوەی سەرکردەی کۆمەڵگەی موسڵمانان بە سەرپەرشتیی کامالا هاریس، جێگری سەرۆک و  دۆگلاس ئێمهۆف-ی هاوژینی، ئاهەنگی جەژنی قوربان دەگێڕدرێت. ئێمە لە ئەمریکا شانازی بە لە خۆگرتنی ملیۆنان موسڵمان دەکەین کە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیمان دەوڵەمەند دەکەن، ملیۆنان موسڵمان لەسەراسەری جیهان لە نێویاندا ئەمریکا جەژنی قوربان دەگێڕن. هیوادارین جەژنی قوربان خۆشی، ئاشتی و یەکگرتوویی دڵان و ماڵانی لێ بکەوێتەوە، چاومان لەو ئەمریکانەیە کە نازناوی حاجییان بەدەستهێناوە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیا. جەژنی قوربانتان پیرۆز بێت."