لویس ساکۆ، پاتریاکی مەسیحییەکانی عێراق و کوردستان وەک کاردیناڵ دەستبەکاردەبێت

28-06-2018
دیار کوردە @diyarkurda
نیشانەکردن لویس ساکۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر

لویس ساکۆ، پاتریاکی کلدانەکانی عێراق و کوردستان کە پێشتر وەک کاردیناڵ لەلایەن پاپای ڤاتیکانەوە دەستنیشانکرابوو، ئەمڕۆ دەستبەکاردەبێت.

لویس رافائیل ساکۆی تەمەن 69 ساڵ دەبێتە نوێنەری پاپا لە ناوچەکە. ئەو پۆستە لەسەر ئاستی جیهان بۆ مەسیحییەکان کاریگەری گەورەی هەیە.

لویس ساکۆ خەڵکی شاری زاخۆیە لە باشووری کوردستان. ئەو لەگەڵ 13 کاردیناڵی نوێی دیکە لەسەر ئاستی جیهان دەستبەکاردەبێت.

 لە هەڤپەیڤینێکیدا لەبارەی دەستنیشانکردنی وەک کاردنیاڵ لەلایەن پاپا فرانیس رایگەیاندووە، پاپا بیری لای مەسیحییەکانی سووریا و عێراقە کە چەند رووبەڕووی ئازار و ناڕەحەتی بوونەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ناتوانێت لە نزیکەوە سەردانیان بکات بۆیە کاردیناڵێکی تایبەتی بۆ ئەو پرسە دەستنیشانکردووە.

قەشە رافائیل بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێوڕەسمێکدا بەفەرمی وەک کاردیناڵ سوێندی یاسایی بخوات و دەستبەکاربێت.

لویس ساکۆ دەڵێت "پاپا بیری لە کێشەکانی سووریا و ئەو مەسیحییانە دەکردەوە کە لەو وڵاتە رووبەڕووی ناڕەحەتی بوونەتەوە و هەموو شتێکیان لەدەستداوە. هەندێکیان کوژران و ئەوانەی دیکەش لە وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە. پاپا فرانسیس نەیتوانی سەردانی سووریا بکات، بۆیە کاردیناڵێکی نوێی بۆ سووریا دامەزراند، ئەوەش واتە ئەو بیر لەوان دەکاتەوە. سوورییەکان لە بیرکردنەوەکانی پاپا و کەنیسەدا هەن. سەبارەت بە عێراقیش، دوای 15 ساڵ لە ئازار و ناڕەحەتی و شەر، داعش زۆربەی گوندی مەسیحییەکانی وێرانکرد. بۆیە ئەو گوتی، ئێستا من ناتوانم سەردانی ئێوە بکەم، رەنگە دواتر بێم، بەڵام من کاردیناڵێک دەستنیشاندەکەم کە لای ئێوە نوێنەرایەتی من دەکات و منیش زۆر لە ئێوە نزیکم. بیرتان لێدەکەمەوە و نزاتان بۆ دەکەنم. من لە سووریام، لە عێراق و لە لوبنانم. کاردیناڵەکە دەبێتە دنگی بێ دەنگەکان، دەبێتە دەنگی هەژار و خەڵکانی بێتاوان".

لویس رافائیل ساکۆ کێیە؟

- 4ی تەممووزی 1948 لە زاخۆ لەدایکبووە.
- 1ی حوزەیرانی 1974 بووەتە قەشە لە موسڵ.
- 2002 بۆ 2013 مەترانی کەرکووک بووە.
- 1ی شوباتی 2013 بووەتە پاتریاکی مەسیحییەکانی کوردستان و عێراق.
- 20ی ئایاری 2018 پاپا فرانسیس رایگەیاند وەک کاردیناڵ دەستنیشانیکرد.
- 29ی حوزەیرانی 2018 وەک کاردینال دەستبەکاردەبێت.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە