داعش و سوپا زیاتر لە مانگێکە لە ماراوی فیلیپین شەڕ دەکەن

 رووداو - هەولێر

شاری ماراو لە باشووری فیلیپین شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر لە 200 هەزار کەسە، زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن و ماوەی زیاتر لە مانگێکە بووەتە ناوچەیەکی سەربازی کە، شەڕ تێیدا بەردەوامە.  

پێنج هەفتە لەمەوبەر ئەو شارە لەلایەن چەکدارانی گرووپی ماوتی، کە خۆیان وەکو بەشێک لە رێکخراوی داعش ناساندووە، کۆنترۆڵکرا. سوپای فیلیپین هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە دەدات، بەهۆی شەڕەکانیشەوە نزیکەی 400 کەس کوژراون.

داعش لە میدیای خۆیەوە وێنەی شەڕی چەکدارەکانی بڵاوکردەوە و، دەڵێ موجاهیدەکانی شەڕی کۆڵان بەکۆڵان دەکەن و شارەکە جێناهێڵن، بەڵام سوپای فیلیپین لەو شوێنانەیە کە لە دەستی ئەو گرووپەی دەریهێناون.

بەگوێرەی سوپای فلیپین، هێشتا بە سەتان کەس لەو ناوچانەدا ماون، کە دەکەونە ژێر دەستی ئەو گرووپەوە، بەشێکیشیان لەلایەن ئەو چەکدارانەوە وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێندرین.

کریستۆفەر تامپوس، فەرماندەی سەربازی لە سوپای فیلیپین دەڵێ "ئەوانەی دەستبەسەرکراون، جلوبەرگی رەشیان پێ لەبەرکردوون، ئێمە پێمانوایە وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکارهێنراون". 

هەندێک کەسی دیکەش بۆ ماوەی 33 رۆژ لە ژێرزەمینی ماڵەکەیاندا خۆیان شاردووەتەوە، دواتر هێزێکی تایبەتی سەر بە سوپا گەیشتووەتە ناوچەکەیان و رزگاری کردوون.

دانیشتوویەکی دیکەی ماراو دەڵێ "بۆردوومانی چواردەورمان دەکرا، بۆمبەکان لە نزیک ئێمە دەکەوتنە خوارەوە، ئێمەش خۆمان دەخستە سەر زەوی".

دەستبەسەرداگرتنی شارەکە لەلایەن ئەو گرووپە ئیسلامییە رادیکاڵەوە لەدوای هەوڵێکی سوپای فیلیپین بوو بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی گرووپەکە. 

ئێستاش سوپای فیلیپین پێیوایە سەرۆکی ئەو گرووپە لەنێو شارەکەدا ماوە و، ئامادەیە دانوساندن لەگەڵ حکومەت بکات و دیل بەرامبەر بە دیل بگۆڕێتەوە، بۆ ئەوەش داوای کردووە قەشەیەک بداتەوە بە حکومەت و لەبەرامبەردا دایک و باوکی ئازاد بکرێن، بەڵام سەرۆکایەتی فیلیپین رایگەیاند، حکومەت ئامادە نییە لەگەڵ تیرۆرستان هیچ دانوساندن و رێککەوتنێک ئەنجامبدات.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار