جیهان
وەزیرانی دەرەوەی ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلاند دوای کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا، دەستیان لەسەر دەستی یەکدی داناوە. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
هەریەکە لە ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلاند بە فەرمی فەلەستینیان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساند.
رۆژی سێشەممە 28ی ئایاری 2024 پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا فەلەستینی وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساند و گوتی، "ئەوە بڕیارێکی مێژووییە کە تەنیا یەک ئامانجی هەیە، ئەویش ئەوەیە یارمەتیی فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان بدات بۆئەوەی بە ئاشتی بژین."
هەر دوای بڕیارەکەی ئیسپانیا، ئێرلاند و نەرویجیش بە فەرمی فەلەستینیان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساند.
سایمۆن هاریس، سەرۆکوەزیرانی ئێرلاند رایگەیاند، "ویستوومانە لە کۆتایی پڕۆسەی ئاشتی، فەلەستین بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بناسێنین. ئێمە شانبەشانی ئیسپانیا و نەرویج ئەو هەنگاوەمان نا؛ بۆئەوەی ئاشتی بمێنێتەوە."
ئێسپین بارس، سەرۆکوەزیرانی نەرویجیش دوای داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە لە پەیوەندیی نێوان نەرویج و فەلەستین."
بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو، هەرسێ وڵات لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا پلانی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ئاشكرا کرد.
داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین سوپاسگوزاریی فەڵەستینییەکان و سەرکۆنەی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەنگاوەکەی بە "خزمەتکردنی تیرۆر" وەسف کردووە، بەڵام خۆسی مانوێل ئالبارێش، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت، "لە وەڵامی ئەوانەی دەیانەوێت بەشبەشمان بکەن بە پڕوپاگەندەی هەڕەشە ئامێز، یەکێتیی ئەورووپا بنچینەییە بۆ ناردنی پەیامێکی زۆر بەهێز."
فەلەستینییەکانیش زیاتر لە 10 ساڵە داوایان پێشكێش کردووە بۆئەوەی ببنە ئەندامێکی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەگوێرەی حکومەتی فەلەستینی، کە فەرمانڕەوایی بەشێکی کەرتی رۆژئاوا دەکات، 142 لە 193 ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن، ئێستاش دوای دانپێدانانی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە ژمارەی ئەو وڵاتانەی دان بە سەربەخۆیی فەلەستیندا دەنێن، بووە 145 وڵات.
لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ناوچەکانی دیکە هەن، بەڵام ئەمریکا، کەنەدا، زۆربەی رۆژئاوای ئەورووپا، ئوسترالیا، ژاپۆن و کۆریای باشووریان تێدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ